پاش دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژنان داوای چی دەکەن
248619823_1233645160466358_658419007668202933_n

پاش دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژنان داوای چی دەکەن

لە ٢٠ـی مانگی ئەیلولی ڕابردوو و پاش ١٥٧ ساڵ لە قەزابوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیاندرا و ماوە ماوە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی حکومەت لەو شارە دەکرێتەوە و ژنانی زاخۆ هیوادارن کە لە پۆستەکانی سەرەکی و بەڕێوەبەری گشتییدا پشتگوێ نەخرێن و لەم ئیدارە دا ژنانیش لەپاڵ ڕەگەزی تردا هاوسەنگی خۆیان هەبێت.

لەم بارەیەوە ماجیدە ئیبراهیم کچە ڕۆژنامەنووس دەڵێت، لە ئێستادا پێگەی ژنان تا ڕادەیەک باش بووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو چونکە چاوی خەڵکی ئێمەش کراوەتەوە و دەزانن دەبێت ڕێز لە ژنانیش بگرن و ئەوانیش ڕۆلی خۆیان بگێڕن.

ئاماژە بەوە دەکات “دەبێت هەلی کار بۆ ژنان زیاتر و باشتر هەبێت چونکە لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری ژنان لە زاخۆ دەرچووی بەشی جیا جیای کولێژ و پەیمانگەکانن بەڵام بێ کارن و دەرفەت بەوان نادرێت و بەڕاستی بە پێویست و مافی ژنان دەزانم کە پۆستی باش بەوان بدرێت لەم ئیدارە دا چونکە خەمخۆرن و بەباشی ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاوی لەئێستادا تەنیا چەند پۆستێکی زۆر کەم وەک بەڕێوەبەر یان بەرپرسی فەرمانگەیەکی حکومی لەدەست ژنان دایە بۆیە ژنانی دەڤەرەکە داوا دەکەن کە دەرفەت زیاتر بەوان بدرێت و بتوانن خزمەتی زیاتری دەڤەرەکە بکەن.

سەجا شێرزاد کچە چاڵاکوانێکی زاخۆیە دەڵێت، هاوسەنگی ئیدارەی دەبێت لە زاخۆ بکرێت چونکە بەڕاستی وەکو هەموو لایەک ئاگادارە هەر زۆر کەم ڕۆل بە ژنان دەدرێت و هیوامان ئەوەیە کە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دا هاوسەنگی بگەڕێتەوە شارەکە و دابونەریتی کۆمەڵگە و ئەم شتە نا سروشتییانە نەکرێتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە مافی خۆیان لە وەرگرتنی پۆستی حکومی لە دەڤەرەکە بێ بەش ببەن.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت سیناریۆی جارانی تر دووبارە نەبێتەوە و پێویستە ئەم جارە باشتر کار لەسەر وەرگرتنی پۆستی حکومی باش تایبەت وەک بەڕێوەبەری گشتی لەلایەن ژنان بکڕێت چونکە پێمان وایە ئەگەر ژنان دەستهەلاتدار بن باشتر شان بە شانی ڕەگەزی تر کار دەکەن و باشتر خزمەتی خەڵکیش دەکەن.

Leave a comment