karen-horney

کارین هۆرنەی؛ ئەو ژنە سایکۆلۆجیستەی لە فرۆید یاخیی بوو

 

هۆرنەی؛ لە مێژووی دەروونشیکاریی و دەروونناسییدا جێگەیەکی تایبەت و گرنگی هەیە، لەپاڵ تێزە سایکۆلۆجییە دەوڵەمەند و کاریگەرەکەیدا، ژیاننامەی خۆشی پڕە لە ئەزموون و خاڵی سەرنجڕاکێش و هەڵبەز و دابەز، کە بۆ هەر توێژەر، خوێنەر و سەرنجدەرێک مایەی هەڵوەستەکردن و لێوەفێربوونە. ئەو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سایکۆلۆجیای مێینەیی «Feminine Psychology» دادەنرێت، لە ماوەی ژیانیدا چەندین کتێبی نووسیوە و دەیان توێژینەوەی بایەخداری کردووە و لە یەکەمینی ئەو ژنانەشە کە قووڵ و زانستییانە لە دۆخی ژنانیان کۆڵیوەتەوە و بە پشتبەستن بە ژیانی کەسیی خۆیان و هی ژنانی چواردەوریان توانیویانە میراتێکی سایکۆلۆجیی و فیکریی و زانستی بایەخدار لە دوای خۆیان جێبهێڵن.

هۆرنەی؛ ساڵی ١٨٨٥ لە گوندی بلانکینز لە هامبۆرگی ئەڵمانیا لە دایک بووە. باوکی بێرنت واکیلز دانیلسن «نەرویجی» و دایکی کلۆتیلد سۆنی «هۆڵەندی» بوون، بابی کەشتیوان و دایەشی کابانی ماڵ بووە. سۆنی؛ دایکی کارین، ژنی دووەمی دانیلسن بووە، بە ئایین جوو بوو، باوکیشی پیاوێکی پرۆتێستانت بوو، «هەرچەندە لە دیدی هۆرنەیی کچیدا دووڕوویەکی نمرەیەک بووە، چونکە ئەوەی نەدەکرد کە ئایینەکەی فەرمانی پێ داوە»، بێرنتی باوک هەمیشە کتێبی پیرۆزی پێ بووە و بەردەوامیش لە گەشتدا بووە. یەک برای لە خۆی گەورەتری هەبووە بە ناوی بێرنت، لە ژنی یەکەمی باوکیشی ٤ باوکبرای هەبووە.

دووریی لە باوکی بەرەو باوەشی دایکی پاڵی پێوە ناوە هەتا بە گوزارشتی خۆی بووە بە «بەرخۆلەی دایە». سەرباری ئەوەش؛ باوکی لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی دونیاوە دیاریی بۆ هێناوەتەوە و سێ جارانیش لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ گەشتی دوور. لە منداڵییدا پەیوەندییەکی پڕ هەورازونشێوی لەگەڵ باوکیدا هەبووە، لەگەڵ دایکیشی بە هەمان شێوە، چونکە هەستی کردووە دایکی خۆشی ناوێت و بێرنت-ی برای لەو خۆشتر دەوێ. ساڵی ١٩٠٤ دایک و باوکی لێک جیا دەبنەوە؛ کارین و بێرنت-ی برای و دایکی پێکەوە دەژین.

لە تەمەنی مێردمنداڵیی و نەوجەوانیدا نیشانەکانی یاخیبوون و خۆجیاکردنەوەی تێدا دەرکەوتووە، درووشمی ئەو قۆناغەی ئەمە بوو: «ئەگەر نەتوانم جوان بم، دەتوانم ژیر بم». ساڵی ١٩٠٦؛ دژی خواستی دایکی و نەریتی ئەوکاتی کۆمەڵگەی ئەڵمانیی، چووە کۆلێجی پزیشکیی، لە ناو نزیکەی ٢٥٠٠ فێرخوازدا تەنیا هۆرنەیی و ٥٧ فێرخوازی دیکە ژن بوون، لەوێ ئۆسکار هۆرنەی ناسیی، کە لە ١٩٠٩ هاوسەرگیریی لەگەڵدا کرد.

ساڵی ١٩١٥ دکتۆرای بەدەست هێنا و ساڵی ١٩١٨ پەیوەندیی کرد بە پەیمانگای دەروونشیکاریی بەرلینەوە. لە لایەن کارڵ ئەبراهام و هانز ساکس-ەوە دەروونشیکاریی بۆ کراوە. کارین، ساڵی ١٩٢٣ ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتیی بۆتەوە: براکەی مرد، مێردەکەی مایەپووچ بوو و تووشی هەوکردنی مێشکیش بوو. ساڵی ١٩٣٢، لەگەڵ سێ کچەکەی ڕووی کردە ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە شاری برۆکلین نیشتەجێ بوون.

ساڵی ١٩٣٤ لە پەیمانگەی دەروونشیکاریی بەرلین دەردەکرێت. ساڵی ١٩٣٩ بە تەواوەتیی لە ئۆسکار هۆرنەی جیا دەبێتەوە. ساڵی ١٩٤١؛ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیمانگەی دەروونشیکاریی ئەمریکیی دادەمەزرێنێت؛ کە دەروونشیکارانی بەناوبانگی وەکو فرۆم و سۆلیڤان و ٢٠ دەروونشیکاری دیکەش دەبنە ئەندامی.

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٢-١٩٣٤ ڕاگری پەیمانگەی دەروونشیکاریی شیکاگۆ بووە، دواتر وەکو مامۆستا لە پەیمانگای دەروونشیکاریی نیویۆرک وانەبێژ بووە و تا کۆتایی ژیانی لەوێ بەردەوام بووە. چەندین وتار و کتێبی گرنگی هەیە، لەوانە: وتارگەلێکی زۆر دەرباری سایکۆلۆجیای مێینە «١٩٢٤-١٩٣٦»، پێنج کتێبیشی لە بوارەکانی: کەسێتیی دەمارگیر، دەروونشیکاریی و ململانێی ناوەکیی هەیە «١٩٣٧-١٩٥٠».

 

لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا بایەخێکی زۆری بە ئایینی بودیزم دا، پێش مردنی سەردانی ژاپۆن و چەندین پەرستگەی ئەو ئایینەی کرد. کارین، لە بواری فێمنیزمدا تێڕوانینی تایبەت و سەنگینی هەیە، لە یەکەمینەکان بووە کە ڕەخنەی توخمە نێرسالارەکانی تیۆرییەکەی فرۆیدی کردووە و بە توێژینەوەی زانستی نادرووستی بڕێکی زۆریانی سەلماندووە. لە ڕشتەی نەخۆشییە دەمارییەکاندا توێژینەوەی زانستیی بایەخداری هەیە. ساڵی ١٩٥٢ لە نیویۆرک بە نەخۆشیی شێرپەنجە مردووە.

کارکردنی کارین هۆرنەی لە کۆمەڵەی دەروونشیکارییدا خۆی بۆ خۆی داستانێکە کە دەبێت لێکۆڵینەوەی تایبەتیی لە بارەوە بکرێت، ئەو یەکەم جار لە لای کاڕڵ ئەبراهام «کە فێرخوازی فرۆید بووە و تا کۆتاییش بۆ بنەما کلاسیکییەکانی دەروونشیکاریی فرۆید وەفادار دەمێنێتەوە و یەکێکە لە ڕاڤەکارە هەرە باشەکانی بەرهەمەکانی فرۆید» شیکاریی دەروونیی بۆ دەکرێت، ئەبراهام دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە هەڵچوون و گرێ دەروونییەکانی هۆرنەی پەیوەندییان بە مەیلی سێکسییانەی ئەوەوە هەیە بۆ باوکی، بەڵام هۆرنەی ئەو دەرەنجامەی نەسەلماند، دواتریش لە ڕێی هەندێک توێژینەوە سەلماندی کە چووکەبەغیلیی و حەسوودی ژنان بە زەکەری پیاوان دەرەنجامی پرۆسێسێکی بایۆلۆجیی و خۆڕسکانە نییە، بەڵکو دەرەنجامی کولتوورێکی پیاوسالارانەیە، کە پیاوانی وەکو خودا وێنا کردووە و مێینەکانی بۆ ئەسفەلەسسافیلین دابەزاندووە.

هۆرنەی دواتر گەیشتە دەرەنجامێکی لۆجیکی بۆ ئەم پرسە، چووکەبەغیلیی لای بەشێک لە مێینەکان؛ میتافۆرێکە بۆ حەز و شەوق و تاسەی ژنان بۆ پێگەی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵات و پایەی بەرز کە پیاوان خاوەنین، کە بە هۆی نەبوونی ئەوانەوە ژنان هەست بە کێماسیی دەکەن و خۆزگە بە شوێنی پیاوان دەخوازن، ئەو دەنووسێت: “تا هەنووکەش؛ سایکۆلۆجیای مێینەکان، لە واقیعدا وابەستەی حەز و ئارەزوو و ناکامیی نێرینەکانە”.

ئەم دەرەنجامانە، فرۆید-یان دەهریی کرد و زۆر بە توندی بەرپەرچی هۆرنەی دایەوە، لە شوێنێکدا وەکو وەڵامێک بۆ هۆرنەی نووسیی: “تووشی سەرسووڕمان نابم ئەگەر ببینم ژنە دەروونشیکارێک کە هەر لە بنەماوە باوەڕی بەو شەوقە لەبننەهاتووەی خۆی بۆ بەدەستهێنانی چووک نەبووبێت، بتوانێت بایەخی پێویست بەو حەزە بدات لەنێو ئەو ژنە نەخۆشانەی کە لەبەردەستییدان”.

بۆ هەموو ئەوانەی کەمێک شارەزای مێژووی دەروونشیکاریین، دەزانن لادان لەو هێڵە گشتییانەی کە فرۆید بۆ ڕێبازەکەی داینابوو، سەرەنجامەکەی باش نابێت، هەر بۆیە دواتر هۆرنەی ڕووبەڕووی دژایەتیی و دەرکردن و سووکایەتییپێکردن بووەوە لە لایەن لایەنگرانی دەروونشیکاریی و لە هەموو کۆمەڵە دەروونشیکارییە لۆکاڵیی و نێودەوڵەتییەکان دەرکرا.

 

 

چەند سەرنجێکی گشتیی دەرباری تێڕوانینەکانی هۆرنەی

١- گەشەکردنی کەسێتیی بەند نییە لەسەر پاڵنەرە ڕەمەکییە چەسپاوەکان؛ بەڵکو پەیوەستە بە ژینگەی کۆمەڵایەتییشەوە.

٢- پاڵنەری سێکس بەو بەهێزییە نییە کە فرۆید دەیڵێت.

٣- بیردۆزی ئۆدیپۆسەگرێ و چەمکی لیبیدۆ بەو جۆرە سەراپاگیر نیین کە فرۆید و دەروونشیکارییەکەی جەختی لێ دەکەنەوە و لای هەموو کەس ئامادە نیین.

٤- مێینەکان حەسوودی بە نێرینەکان نابەن بە هۆی ئەوەی چووکیان نییە «چووکەبەغیلیی: Penis Envy»، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوەیە، نێرینەکان حەسوودی بە مێینەکان دەبەن چونکە ڕەحمیان نییە و ناتوانن وەچــە بخەنەوە «ڕەحمەبەغیلیی: Womb Envy». بۆ ڕوونکردنەوەی گرێی «ڕەحمەبەغیلیی»؛ هۆرنەی ئاماژە بەوە دەدات کە هەموو مرۆڤێک هەوڵ دەدات لە خوڵقاندنی ژیان و بەشدارییکردن لە ئەفراندنیدا ڕۆڵی هەبێت، پیاوان کاتێک ناتوانن بە منداڵخستنەوە ئەو بەشدارییە بکەن، هەوڵی زێدە قەرەبووکردنەوەی دەدەن و بە جووڵە و داهێنان لە کایەکانی دیکەدا جێیەکەی پڕ دەکەنەوە، هەربۆیە نێرینەکان لە ژیاندا بەرهەمدارتر و سەرکەوتووترن. سەرباری هەموو ئەوانەش کارین چووکەبەغیلیی لای ژنانی نەخۆش ڕەت ناکاتەوە.

کارین لەگەڵ فرۆید هاوڕابوو سەبارەت بە شکڵگرتنی کەسێتیی لە قۆناغەکانی سەرەتای منداڵییدا، بەڵام کۆک نەبوو دەربارەی ئەوەی کە ئیدی لە دوای منداڵییەوە ناکرێت ئاراستەی کەسێتیی بگۆڕدرێت.

کارین پێی وایە «ئاتاجی مرۆڤ بۆ ئارامیی و دڵنیایی» داینەمۆی سەرەکیی هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤە، ئەگەر منداڵ لە پەیوەندیی بە دایبابیەوە هەستی بە ئاساییش و تەناهیی نەکرد، ئەو هەستەی لە لا دەچەسپێت کە دونیا جەنگەڵێکی مەترسیدار و شەڕەنگێزە. ئەمەشی بە «دڵەڕاوکێی بنەڕەتیی: Basic Anxiety» ناوزەد کرد.

«دڵەڕاوکێی بنەڕەتیی: Basic Anxiety» ڕۆڵێکی بنچینەیی دەبینێت لە گەڵاڵەکردنی کەسێتییدا، چونکە ئەم دڵەڕاوکێیە هۆکاری سەرهەڵدانی تەرزە ڕەفتارییەکان «Strategies»ـی مرۆڤە. هۆرنەی لە کارەکانیدا جیاوازیی لە نێوان «ترس» و «دەڵەڕاوکێ»ـدا دەکات، ترس بریتییە لە سڵکردنەوە و گرژبوونێکی کاتیی لە بارەی مەترسییەکی دەرەکیی ڕاستەقینەوە کە بەرەو ڕوومان دێت، بۆ نموونە سەگێک پێمان دەوەڕێت و ڕەنگە قەپمان پێدا بکات، لەگەڵ نەمانی سەگەکەدا ترسەکەش دەڕەوێتەوە، بەڵام دڵەڕاوکێ پەرچەکردارە بۆ مەترسییەکی خەیاڵکراوی دەرەکیی تەمومژاویی و نەناسراوی درێژخایەن و هەندێکجار هەمیشەیی، بۆ نموونە ڕەنگە کەسەکە هەمیشە وا بیر بکاتەوە کە گرانیی ڕووبدات و بمرێت لە برسان، یان ترس لە نەخۆشیی، مردنی منداڵ، ئەم دڵەڕاوکێیانە لای کارین هۆرنەی، ڕیشەکەیان لە منداڵییدایە، جۆری پەروەردە و بەهاناوەچوونی دایباب بۆ منداڵەکەیان نەخشی دەبێت لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا ئەم کەسێتییە بە چ جۆرێک بەرخورد لەگەڵ ترس و دڵەراوکێکانی دەکات و هەر لە بنەماشەوە هەڵگری چ جۆرە دڵەڕاوکێیەک دەبێت، دڵەڕاوکێکە بە سووکی یان مامناوەند یان قورس وەردەگرێت، ئینجا چۆنیش مامەڵەی لەگەڵدا دەکات: تەسلیمی دەبێت یان بەرگریی دەکات، سەرکوتی دەکات یان دەیانچەپێنێت یاخود لێ دەگەڕێت بۆ هەمیشە بیهاڕێت.

ئەگەر لەوەی پێشووەوە بۆ دۆخی ژنان بڕوانین، تێزەکەی هۆرنەی ڕەهەندی سایکۆلۆجیی زۆر گرنگ و بایەخدارمان پێشکەش دەکات، مێینەکان کە هەر لە منداڵییەوە تووشی جۆرێک لە پەراوێزخستن و بەکەمتەماشاکردن و ئەفەرۆزکردن دەبنەوە، دایبابیان بە ئاستێکی زۆر کەم بە دەم پێداویستییە ماددی و دەروونییەکانیانەوە دەچن، زۆر ئاساییە کە دواتر لە گەورەبوونیاندا هەڵگری نادڵنیایی و دڵەڕاوکێیەکی قورس و تاقەتپڕووکێن بن و لەژێر باریدا بناڵێنن.

هۆرنەی پێی وایە هەبوونی دڵەڕاوکێ شتێکی زۆر ئاساییە، بە پێچەوانەی فرۆیدیشەوە پێی وا نییە ئەم دڵەڕاوکێیە ئەبەدییە، بەڵكو دەکرێت لە ڕێی پەروەردە و گەشەپێدانی خود و ئەتمۆسفێرێکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانەوە تا سرووشتییترین ئاستی خۆی کەم بکرێتەوە، واتە پرسەکە بە لای هۆرنەییەوە ئەوە نییە کە مێینەکان لە نێرینەکان کەمترن و ئەوەش بەرەو ئەوەیان ببات کە هەمیشە حەز بکەن ببنە پیاو، بەڵکو پەیوەستە بە جۆری مامەڵەی دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەوە لە بەناوەکییکردنی ئەو دڵەڕاوکێ بنەڕەتییە لە هەر یەکێک لە ڕەگەزەکاندا، کۆمەڵگە و خێزان و دایک و باوک؛ بە مامەڵەی نادادپەروەرانە بڕێکی زۆر لەو دڵەڕاوکێیە لە ناخی مێینەکاندا دەچێنن، ئەوەش وا دەکات بۆ هەمیشە پێیەوە بتلێنەوە، بەڵام ئەگەر جۆری پەروەردەکە بگۆڕێت ئەوا ئاستی توندیی و قووڵیی و کاریگەریی دڵەڕاوکێیەکەش دەگۆڕێت.

تیۆرییەکەی هۆرنەی یەکێکە لە باشترین تیۆرییەکان دەربارەی دەمارگیریی «عصاب: Neurosis»، ئەو پاش توێژینەوە کلینیکییەکانی گەیشتە دەستنیشانکردنی ١٠ جۆری سەرەکیی دەمارگیریی. ئەم ١٠ جۆرە لە هەر دوو جۆرەکەی مرۆڤدا هەن، ئەوانەی تەندرووستن و ئەوانەشی نەخۆشن، بەڵام هەریەکە و بە ڕێژە و مێتۆدی جودا. هەموو جۆرەکانی پێداویستیی لای هەموو کەسەکان ئامادە نیین و هەر یەکەمان بە جۆرێک لەو پێداویستییانە بارگاویین.

کارین هۆرنەی؛ لە شەپۆلە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکانی فێمینیزمدا پێگەیەکی دیاری هەیە، بەڵام لە ڕۆشنبیریی کوردییدا، هێشتا پەراوێزخراوە و هیچ بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی بایەخپێدانێکی زۆر و هەمەلایەن بە میراتی دەروونشیکاریی و بەتایبەتی دەروونشیکاریی سیگمۆند فرۆید هەیە و زۆرینەی ئەوانەش کە خەریکی ئەو بایەخپێدانەن لە پیاوانن، کەچی هێشتاشی لەگەڵدا بێت نە ڕۆشنبیر و نە ئەکادیمیستە ژنەکان بایەخێکی وایان بە کار هۆرنەی نەداوە، ئەو ژنەی کە لە پێناو شکۆی ژنبوون و لادانی وەهمەکان لەبارەی ژنانەوە باجی زۆری دا، ئاخر لە لووتکەی ناوبانگ و هەژموونی تیۆرییەکەیدا، ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەخنەکردن و رەتکردنەوەی کرۆکی دەروونشیکاریی فرۆید هەروا کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەوە پێویستیی بە زرنگیی، لێهاتوویی و چاوقاییمییەکی زۆر هەبووە، ئەو شتەی کە هۆرنەی هەر لە منداڵییەوە خاوەنی بوو.

گرنگترین دەرەنجامێک کە هۆرنەی بە دەستی هێنا، ڕەتکردنەوەی ڕاڤەکردنی دۆخی ژنان بوو لەسەر بنەمای حەتمییەت «دێتێرمینیزم»ـی بایۆلۆجیی و دەروونیی. ئەو؛ شێلگیرانە و بە پێداگرییەوە، بەرمەبنای توێژینەوە سەنگینەکانی سەلماندی کە جیاوازییەکانی نێوان نێر و مێ تەنیا و تەنیا پەیوەندیی بە ژینگەی کۆمەڵایەتیی و پەرەوردە و کولتووری گشتیی و لاوەکییەوە هەیە، ئەو خاڵەی کە دواتر پرسی جێندەری لەسەر ڕۆنرا و تەنانەت فەیلەسووفانی وەکو دیبۆڤوار و جودیث بەتلەر فەلسەفە و تیۆرییەکەیان سەبارەت بە ژنبوون لەسەر ئەو دەرەنجامە بینا کرد.

Leave a comment