sundays-illness

«دەردەدارییەکانی یەکشەممان»؛ کاتێک ژنێک ئاوڕ لە ٣٥ ساڵ لەوەوبەر دەداتەوە

 

یاسین ئافتاو

فیلمی «دەردەدارییەکانی یەکشەممان» یاخود «ئازارەکانی یەکشەممان»؛ بە ئیسپانی «La Enfermedad del Domingo» و بە ئینگلیزیی «Sunday’s Illness» ، فیلمێکی ئیسپانییە، ڕامۆن سالازار «Ramón Salazar»، نووسەر و دەرهێنەریەتی، ساڵی ٢٠١٨ بەرهەم هێنراوە، فیلمێکی درامیی «١:٥٣» یەک سەعات و پەنجاوسێ خولەکییە، لەسەر سەکۆی نێتفلێکس بەردەستە بۆ تەماشاکردن.

چیرۆکی فیلمەکە باسی دایک و کچێک دەکات؛ «کچەکە ناوی کیارا-ەیە و باربارا لێنی ڕۆڵەکەی وازیی دەکات، دایکەکەش ناوی ئانابێل-ە و سووسی سانشێز ڕۆلەکەی وازیی دەکات»، کیارا ئەو کاتەی تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ دەبێت و لە ڕۆژێکی یەکشەممەدا لە لایەن دایکیەوە جێ دەهێڵرێت، دوای ٣٥ ساڵ، «کە کیارا تەمەنی بۆتە ٤٣ ساڵ»، خۆی دەکات بە ماڵی دایکیدا، ئەم جێهێشتنە دەبێتە برینێکی سارێژنەبوو، برینێک لەو برینانەی هەتا کۆنتر بن بەسوێتر دەبن، برینێک کە فەرامۆش ناکرێت و تەنیا بە ساڕێژکردن دادەسەکنێن، هەر بۆیە لە بۆنەیەکی تایبەتدا، کیارا سەرەتا وەکو نەناسراوێک و دواتر وەکو یادەوەرییەکی دوور و خەفەکراو، لە بەردەمی دایکیدا قوت دەبێتەوە، ئاخۆ دەبێت دایک و کچێک پاش ٣٥ ساڵی لێکدابڕان و یەکدی نەبینین چۆن لە یەکدیی بڕوانن و بە چ شێوازێک درێژە بە پەیوەندیی نێوانیان بدەن؟ ئەو برینەش کە جێهێشتنی دایک لە ڕۆحی کچەکەیدا درووستی کردووە بە چ شێوازێک چارەسەر دەبێت؟

فیلمەکە، لەو جۆرە فیلمانە نییە کە زۆرینەی بینەرانی ئەم سەردەمە حەزیان لێیەتی، گرێچنییەکەی و وەرچەرخان لە دیمەنێکەوە بۆ دیمەنێکی تر، هیچ ڕەهەندێکی ورووژێنەر و تەشویقیی تێدا نییە کە بینەر بلکێنێت بە فیلمەکەوە، «وەکو دواتر ئاماژەی پێ دەدەین، ڕامۆن سالازار خۆی بە مەبەست وای کردووە فیلمەکە وشک و بێتەشویق بێت»، هەر بۆیە فیلمەکە بە ئیمتیاز بۆ ئەوانە درووست کراوە کە لە بەهای فیلمێکی هونەریی تێدەگەن، فیلمێک بە تەنیا لە ڕێگەی چیرۆک و ورووژاندن و ڕووداوسازییەوە پەیامەکەی ناخاتە ڕوو، بەڵکو لە ڕێی گرتەی هونەریی، بێدەنگی، نوواندنی داهێنەرانە، ڕەنگ و مۆسیقا و هەڵبژاردنی شوێنەوە زۆر زیاتر لەوە دەڵێت کە فیلمێکی درامی درووستکراو لەسەر گرێچنییەکی کلاسیکییانە دەیڵێت.

 

 

بە پێی وەسفی گەی لۆج لە ڕۆژنامەی «The Guardian»ـدا، فیلمەکە “فیلمێکی خاوە، بەڵام جاڕزکەر نییە، ڕوونە لە خستنەڕووی هێڵە گشتییەکانیدا، بەڵام بە هیچ کلۆجێک سادەلەوحانە نییە”، بەڵێ؛ فیلمەکە ڕیتمێکی خاو و  لەسەر خۆی هەیە، چیرۆکەکە زۆر بە هێواشی ناواخنی خۆی ئاشکرا دەکات، زۆرینەی ڕەهای فیلمەکە لە ڕێی گرتەی درێژ «Long Shot»ەوە خراوەتە ڕوو، زۆر بە کەمی گرتەی جۆری نزیک «Close Up Shot»ـی تێدایە.

ڕامۆن سالازاری دەرهێنەر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دانی میللەر، کە لە ماڵپەڕی «Cinephiled»ـدا بڵاو کراوەتەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: “لەگەڵ سوسی سانشێز بنەمایەکمان هەبوو بۆ نوواندن لەم فیلمەدا، ئەویش نابێت بە هیچ جۆرێک ئەوەی کارەکتەرەکان هەستی پێ دەکەن و بیری لێ دەکەنەوە ڕاشکاوانە دەریبڕن، دەمانویست فیلمەکە درامایەکی وشک بێت نەک میلۆدراما”. هەروەها دەڵێت: “لە چرکەساتەکانی سەرەتاوە زۆر ڕاشکاو بووین کە نابێت هەست و سۆز جڵەوی کارەکتەرەکان بکات، ئاخر چۆن هەست و سۆزی ٣٥ ساڵ لە ١٠ ڕۆژدا هەڵدەڕێژرێت؟، بە ڕاستی ناتوانیت، هیچ کەس ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو هەستانەدا بکات، ئەو هەموو هەست و سۆزە دەبێت بە شێوەیەکی زۆر لەسەرخۆ هەڵڕژێن”.

چیرۆکی ئەم فیلمە، باس لە دونیایەک دەکات کە فەلسەفەی تاکگەرایی «Individualism»، لە مێتۆدێکی پەیوەندیی هاوبەرابەرانەوە، گۆڕاوە بۆ نارسیسیزم و خۆپەرستییەکی بێهاوتا. “چی مافی تۆیە؟” بێگومان “هەر شتێک بۆ تۆ باشە و لە بەرژەوەندی تۆیە”، ئایا ئەمە کرۆکی فەلسەفەی تاکگەرایی نییە؟ ئەی ئەگەر ئەو بەرژەوەندییە بەسەر لاشەی ئەوانی دیکە، نەخاسمە بەسەر لاشەی منداڵەکەتدا بڕوات؟ ئەی ئەو کات چی؟ ئەم فیلمە پێمان دەڵێت مرۆڤی سەدەی بیستویەک گوێ بەو شتانە نادات، گرنگ ئەوەیە بزاوتی تۆ لە کۆمەڵگەدا هەر بەرەو سەرەوە بڕوات، گرنگ ئەوەیە تۆ سەرکەوتوو بیت، جا ئەوانی دیکە چییان بەسەر دێت ئەوە کاری خۆیانە، ئایا ژنێک «دایکی کچێکی هەشتساڵان»؛ مافی ئەوەی نییە ماڵێکی پڕ خەمۆکی هەژارانە، لە شارەدێیەکی پەراوێزکەوتە جێبهێڵێت و شوو بکات بە پیاوێکی سەرمایەداری گەورە و ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیی و زەنگینیی و پێگەی بەرز بژی؟ لە ڕووی مەبدەئییەوە بەڵێ، بەڵام لە ڕاستییدا ئەم فیلمە وەڵامێکی دیکەی لە هەناویدا هەڵگرتووە.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم فیلمەدا تەنیا و تەنیا فۆکەسەکە لەسەر دایکە و باوک جێگەیەکی زۆر پەراوێزیی و بچووکی هەیە، هۆکاری ئەوەش خۆی بۆ خۆی بابەتی وتار یان لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیە. هەر بۆیە ئەم فیلمە بە پلەی یەک فیلمێکی ژنانەیە، بەو مانایەی کە پاڵەوانەکانی هەر لەسەرەتاوە دوو ژنن، ئەمەش بە بڕوای من خاڵێکی سەرنجڕاکێش و تایبەتە، گرتە دووقۆڵییەکانی دایک و کچ دوای چارەکی یەکەمی فیلمەکە، زۆرینەی ئەتمۆسفێری فیلمکەی داگیر کردووە، گاهـ دوور و گاهـ نزیک، پێش کۆتایی فیلمەکەش نزیکبوونەوەیەکی تەواوەتی ڕوو دەدات هەتا ئاستی لە باوەشنانی کچ لە لایەن دایکەوە، بێ ئەوەی ئەم لەباوەشنانە مانای لێخۆشبوونی لەخۆگرتبێت، لە باوەشگرتنی کۆتاییش زۆر تراژیدیی و لەهەمانکاتیشدا سەمبوولیکە، لە کەشێکی سرووتئامێزدایە، کە لە سەرێکیەوە دەچێتەوە سەر سرووتی لەئاوهەڵکێشان «تعمید: Baptism»، بە دیوێکی دیکەدا ڕەگی لە سرووتی خێڵە بەراییەکان «Primitive»ـدا هەیە.

 

فیلمەکە هەر لە سەرەتاوە، ئەوکاتەی ئانابێل دێتە هۆڵەکە و هەڵدەئەنگوێت، پێمان دەڵێت ئەم فیلمە لە بارەی ژنێکەوەیە کە لە ژیانیدا نووچی داوە و خەریک بووە بە دەمدا بکەوێت، ژنێک، ساڵانێکی زۆر لەوەو بەر کارێکی کردووە، کارێكی نائاسایی، کە ئێستا لە ژێر توێخێکی ئەستوور لە ماکیاج و جلی کەشخە و ماڵێکی خۆشگوزەراندا شاردوویەتیەوە، ئاوڕدانەوەکەشی بۆ دواوە ئەوەندەی هێمایە بۆ ڕابردوو، هێندە مانای ئەوە لە خۆ ناگرێت کە ئاوڕدانەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانێت کەسێک نووچدانەکەی دیوە یان نا، فیلمەکە پاش کەمتر لە نیو کاتژمێر دەگەڕێتەوە سەر ئەو کارەی ئانابێل ٣٥ ساڵ لەوەو بەر کردوویەتی و ئەو وێرانەیەی کە لە دوای خۆی جێی هێشتووە و لە سافترین باردا نماییشی دەکات.

دەرکەوتنەوەی کیارای کچ لە ژیانی ئانابێل-ی دایکدا، خاڵی دەسپێکی فیلمەکەیە، ئەو کە بەڵێننامەیەک واژۆ دەکات کە لە داهاتوودا داوای هیچ بەشەمیراتێکی دایکی ناکات و تەنیا بە مانەوەی دایکی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ماڵەکەی سەرەتایاندا ئیکتیفا دەکات؛ پێکهێنەری گرێی چیرۆکی فیلمەکەیە، ئەم هێنانەدرەوەیەی دایک لە چوارچیوەی کۆشکە قایمەکە و بردنەوەی بۆ ناو سرووشت جۆرێکە لە زیندووکردنەوە، دەرهێنانەوەی ژنێکە لە ژێر داروپەردووی دونیای سەرمایەداریی و بەرخۆریی، دونیایەک کە تیایدا ئانابێل، وەکو هاوسەری پیاوێکی سەرمایەدار خەریکی رێکخستنی کەمپەینی خێرخوازییە بۆ خەڵکانی لێقەوماو، ژنێک بە دڵێکی باشەوە! کە ماوەی ٣٥ ساڵ لەوەوپێش و بێ ئاوڕدانەوە تاقانە کچەکەی جێدەهێڵێت و بۆ یەک جاریش چییە لە خۆی ناپرسێت دوای ڕۆشتنی ئەو، کچەکەی چی بەسەر هاتووە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە دەرکەوتنی کیارا لەو ئاهەنگە خێرخوازییەدا فرەقەشەنگ و پڕمانا و دەلالەتە، پارادۆکسێکە و شایانی لەسەروەستانە.

ئەم فیلمە کە بە لای زۆرێک لە ڕەخنەگرانەوە فیلمێکی هونەریی ئاستبەرزە، بیرهێنەرەوەی سێ سینەماکاری گەورەیە: یەکەمیان ئینگمار بێرگمان «بە تایبەتی لە فیلمی سۆناتای پاییز-دا»، هەروەها هەست بە کاریگەرییەکی گەورەی ئاڵمۆدۆڤار دەکرێت «بە تایبەتیی فیلمی جوولیتا» و دەکرێت ئاماژە بۆ لیڤ ئولمان-یش بکرێت، ئەو سێ سینەماکارە لە یەکێک لە بەرهەمەکانیاندا بابەتی پەیوەندیی نێوان دایک و کچ دەخەنە ڕوو.

لە «دەردەدارییەکانی یەکشەممان»ـدا سالازار بە مێتۆد و شێوازێکی سەرنجڕاکێش کاری کردووە، بەپێی ئەوەی قسەی بۆ دانی میللەر کردووە، ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ «سووسی سانشێز کە ڕۆڵی ئانابێل دەبینێت»، لە وتووێژدا بوون سەبارەت بە بابەتی فیلمەکە و بۆ نووسینی چیرۆکی فیلمەکەش کتێبێکیان کردۆتە بناغە، کە تایبەت بووە بەو دایکانەی منداڵەکانیان جێهێشتووە، سالازار بەوپەڕی پێزانینەوە باسی ڕۆڵ و پێگەی سووسی دەکات وەکو یەکێک لە باشترین ئەکتەرەکانی ئەم سەردەمەمان، هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا جگە لە بابەتی فیلمەکە بە گشتیی لە بارەی ژیانەوە دوواون و زۆر شت لە سووسییەوە فێر بووە، هەروەها باس لەوەش دەکات کە بۆ هەریەکە لە سووسیی و باربارا لێنی «کە ڕۆڵی کیارا دەبینێت»؛ یەکی یەک چیرۆکی درێژی جیاوازی نووسیوە تایبەت بە سەربووردەی دایک و کچەکە و پێی داون بیخوێننەوە، هەردوو کارەکتەرەکەش تەواو بێ ئاگابوون لەوەی کارەکتەری بەرانبەری بە چ ئاقارێکدا دەڕوات و کۆتاییەکەشی چی دەبێت.

ئەم فیلمە باس لە سەردەمێکی ئاڵۆز و سەخت دەکات، سەردەمێک کە هەموان بە دوای بەرژەوەندیی و شکۆی تاکەکەسیدا ڕادەکەن، سەردەمێک کە جێیەکی زۆر کەمی بۆ هەست و سۆزەکان هەیە، ڕۆژگارێک کە دایک و باوکان بێ پەروا منداڵ دەخەنەوە و دواتر جێیان دەهێڵن هەتا زریان و گەردەلوول و تەنیایی بیانهاڕێت، هەروەکو کیارا، کە ئالوودەی جگەرەکێشان، خواردنەوە، ماددە بێهۆشکەرەکان و لەوانیش بەئازارتر ئالوودەی پرسیارێکی بێوەڵام دەبێت: “بۆچی دایکم بەر لە ٣٥ ساڵ و لە ڕۆژێکی یەکشەممەدا جێی هێشتم؟”.

Leave a comment