Untitled design (24)

ژن و خوێندنەوە

خاتوو ئیڤا ئیلۆز، کۆمەڵناس و بەڕێوەبەری توێژینەوەکان لە ئینستیوتی باڵای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پاریس؛ سێ جۆری دەستنیشان دەکات: یەکەم «خوێندنەوەی نەوعی»، ئەم جۆرەی خوێندنەوە ئەو خوێنەرانە دەگرێتەوە کە لە ڕێی کتێبەوە وێنایەکی تایبەتیی بۆ واقیع و ژیان درووست دەکەن، واتە دەیانەوێت لە ڕێی کتێبەوە ژیان بونیاد بنێنەوە، لە مێژووی ئەدەبییاتدا «دۆنکیشۆت» و «ئیما بۆڤاری» نوێنەری ئەو جۆرەی خوێندنەوەن، بۆیە کتێب بۆ ئەوان دەبێتە بەربەست لە بینینی وێنەی ڕاستەقینەی ژیان و تووشی نامۆبوون و تێکشکان و ئەفەرۆزکردن دەبنەوە.

بە بڕوای ئیلۆز؛ «خوێندنەوە بەو پێیەی درووستکەری خودە»؛ جۆرەی دووەمی خوێندنەوەیە، ئیلۆز لەو بارەیەوە دەنووسێت: “بۆی هەیە خوێندنەوە توانادارمان بکات پێچەوانەی ئەوە بکەین کە دۆنکیشۆت و ئیما دەیکەن، کاتێک پرسەکە ئەوە نییە کە بە کۆمەڵێک وشە و دەستنیشانکردنی پێشوەختە لە واقیع تێبگەین، بەڵکو ڕێک پێچەوانەی ئەمە، خوێندنەوە وامان لێ دەکات کە لە تاقانەبوونی ڕووداو و کەسەکان تێبگەین، ئەو تاقانەبوونەی کتێبەکان یاریدەمان دەدەن کە زمانێكی گونجاو بۆ وەسفکردنی و دەستنیشانکردنی بە وردیی و دوور لە پەلەپەل و حوکمی پێشوەختە؛ بدۆزینەوە”.

لای ئیلۆز؛ ژیاننامەی ژان پۆل سارتەر کە ناونیشانی «وشەکان»ـی هەڵگرتووە؛ گۆشەنیگای سێیەمان سەبارەت بە خوێندنەوە پێشکەش دەکات، کە ئەو ناوی دەنێت «خوێندنەوە بەو پێیەی کە خودی ژیان خۆیەتی»، بە وتەی ئیلۆز ئەو دەمەی سارتەر منداڵە و فێری خوێندنەوە دەبێت، جیهانی ئاگایی تایبەت بەو دەکرێتەوە. ئەو لە ڕێی کتێبەکانەوە ڕاستینەی جیهان تێدەگەیشت نەک لە میانەی ئەزموون و سرووشتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەئاگابوو لەوەی کە لە هەندێک کتێبدا؛ باوکەکان، منداڵ، خوشک یان برای خۆیان دەکوژن. ئەم کتێبانە ناکۆتا پرسیاریان لە ئاوەزی ئەم منداڵەدا دەورووژاند. ژان پۆڵ-ی بچکۆلانە دەیسەلمێنێت کە ڕێی تێ دەچێت خەرەندی نێوان جیهان و ئەدەب؛ کانییەک بێت لێیەوە فیکر هەڵبقوڵێت، هەروەها سەرچاوەیەکیش بێت بۆ دۆشدامان کە بەردەوام دەیهەژێنێت.

ئیلۆز پێی وایە هەر خوێنەرێکی جددی دەبێت ئەو سێ ئاستە لە خوێندنەوە ئەزموون بکات، ئەو دەنووسێت “من بۆ خۆم کتێبگەلێکم بە هەر سێ شێوازەکە خوێندۆتەوە. خوێندنەوە دیالۆگێکی بەردەوام و نەپساو بووە لەگەڵ خودی خۆم، دیالۆگێک کە هەندێک جار بیرە سواوەکان ئاستەنگی دەهێننە پێش، سەرباری ئەوەش، خوێندنەوە یاریدەی داوم کە ناوێک لەو شتانە بنێم کە پیایاندا تێپەڕ بووم، هەروەها یاریدەشم دەدا لە کۆششەکەمدا بۆ لابردنی ئەو تەمەی کە ئەستۆی ئەم گێتییەی قورس کردووە”.

لەم پێشەکییە کەمێک درێژەوە دەچین بۆ تەتەڵەکردنی وەڵامی هەندێک پرسیار، لەوانەش: ژنان بۆ دەبێت بخوێننەوە؟ ئەی خوێندنەوەی ئەمان لەگەڵ هی پیاوان لە چیدا جیاوازە؟ چی وا دەکات خوێندنەوە بۆ ڕەگەزێک بەهادارتر بێت لە ڕەگەزێکی دیکە؟ ژنان چیی دەخوێننەوە؟ کامە ژانری کتێب لای ئەوان دڵخوازە؟ ٢٠٢١ چییان خوێندۆتەوە و ٢٠٢٢ بە نیازن چی بخوێننەوە. ئەمە ئەو پرسیارانەیە کە بەشێک لە ژنانی خوێنەر وەڵامی دەدەنەوە.

هەریەک لەم ژنانە لە کایەیەکی جیاوازدا کار دەکەن، لایەق سەعید، سەرباری دایکایەتی؛ چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانە، ئاریان عەبدولکەریم؛ دایکە و لە کۆمپانیایەکی تایبەت کار دەکات، نەرمین عوسمان نووسەر و ڕۆشنبیرە، مۆناکۆ ئیبراهیم هونەرمەندی موزیسیانە، دالیا کەمال مێدیاکارە و لەنجە ئەحمەدیش مامۆستای قوتابخانەیەکی ئامادەییە. سەرەتاش بە پرسیارێک دەست پێ دەکەین: لە دیدی تۆدا خوێندنەوە چییە؟

 

لایەق سەعید

لایەق سەعید

خوێندنەوە بۆ من بەر لە هەر شت بۆ خودناسینە، واتە مرۆڤ لە ڕێی خوێندنەوەوە بەر لەوەی دەوروبەرەکەی بناسێت؛ خۆی دەناسێت، بە بڕوای من هەر ئەمەش گەوهەری پرۆسەی خوێندنەوەیە. خوێندنەوە سۆراخکردن و تێگەیشتنە لە دونیا، بوون و گەردوون، زانست و ئایین و ئایدیاکان. خوێندنەوە گوزەر و گەڕانە بە ناو مێژوودا، تێگەیشتنە لە سیاسەت و ئیقتیساد، ئاشنابوونە بە ئەدەب و ژیارەکان، وردبوونەوەیە لە هزر و تێڕوانینەکان و بینینی ئاڵۆزیی و سادەییەکانە. خوێندنەوە بە واتای ئەوەی تۆ زیندوویت، من لەگەڵ خوێندنەوەدا هەمیشە لە دۆخی بیرکردنەوەدام.

 

ئاریان عەبدولکەریم

ئاریان عەبدولکەریم

خوێندنەوە بۆ ژن دوو جار گرنگە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە گرنگییەکەی بۆ پیاوان، ئەوەش بەو پێیەی ئەزموونی ژیانی پیاوان چڕتر و پڕتر و ئازادانەترە لە ئەزموونی ژیانی مێینە لە کۆمەڵگەی کوردییدا. هەر ئەمەش وای کردووە هەژموونی نێرینە بەسەر مێینەدا زاڵ بێت. ژنان بۆ ئەوەی هاوسەنگی ئەزموونی ژیانیان بکەن و نەکەونە ژێر هەژموونی نێرینەوە و پیاوسالار نەبن؛ ڕەنگە باشترین ڕێگا خوێندنەوە بێت. ئاشکرایە کە ژنی هۆشیار کۆمەڵگەی هۆشیار بەرهەم دەهێنێت.

من خوێندنەوەم بەلاوە گرنگە چونکە لە ڕێیەوە ئەزموونی ژیانی کەسانی تر دەکەیت، ڕوونە کە خوێندنەوە زادەی بیرکردنەوەیە، دۆخی ژنیش پێویستی بە عەقڵیەتی ڕەخنەیی و گومان و پرسیارکردنە، هەروەک پێویستی بە ئەزموونی زیاترە، ژن پەروەردەکارە و بەرپرسیارە. هەر ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم؛ هەست بە کەموکورتیی دەکەم لە دەربڕیندا، هانم دەدات کە دەبێت زیاتر و زیاتر بخوێنمەوە.

 

دالیا کەمال

دالیا کەمال

خوێندنەوە بۆ من هەمیشە دونیایەکی تایبەتە، لەو جەنجاڵییەی لە ژیان و کارەکەمدا هەیە کاتێکی تایبەتم پێ دەبەخشێت، بەو هۆیەشەوە دەتوانم پشوو بدەم و کاریگەریی ڕۆتینەکانی ژیانم لەسەر کەم بکاتەوە. هەر میللەتێک پێی نایە ناو مۆدێرنیتییەوە، لەگەڵ خۆیدا پرسی ژنان و مافەکانیان قوت دەبێتەوە، لەم ڕووانگەیەشەوە هەبوونی ژنان و کچانی ڕۆشنبیر زۆر گرنگە، ئەو ژنە ڕۆشنبیرانە دەتوانن بە دونیابینییەکی فراوانتر و بەئاگایانەتر چاویان لەسەر پرسەکانی خۆیان بێت، ئاشکرایە کە خوێندنەوە یەکێکە لە ڕێگە هەر گرنگەکان، خوێندنەوە بە تەنیا هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ژنێکی خوێندەوارمان لێ فەراهەم بکات، بەڵکو کاریگەریشە بۆ ئەوەی ڕوئیایەکی جیاوازمان هەبێت لەسەر هەموو ئەو ڕووداوە ئابووریی و سیاسیانەی لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن.

من پێموایە ئێستا ژنان بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدەن، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانیش لە ڕێی درووستکردنی گرووپی تایبەتەوە کار لەسەر بەکولتوورکردنی خوێندنەوە دەدەن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ژنان ئامانجیانە خوێندەوە بکەنە دەروازەیەک هەتا لە زۆربەی کایەکاندا بوونیان هەبێت.

 

نەرمەین عوسمان

نەرمین عوسمان

خوێندنەوە بۆ هەر مرۆڤێک بایەخێکی گەورەی هەیە، بۆ ژنان کە بمانەوێت و نەمانەوێت لەم کۆمەڵگەیەدا پلەدوون، دەبێتە هۆکارێک بۆ بونیادنانی کەسێتییەکی پتەو، کرانەوەی مێشک، خوێنەر وا لێدەکات متمانەبەخۆ بێت، بە کورتیی و پووختی خوێندنەوە لە ئێمە کەسێتییەکی بەهێز و هۆشیار درووست دەکات.

 

مۆناکۆ ئیبراهیم

مۆناکۆ ئیبراهیم

خوێندنەوە بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە، بەڵام بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو ئەوەی ئێمە کە هێشتا بەر دونیا نەکەوتووین بایەخەکەی زۆر زیاترە، کۆمەڵگەیەک کە هێشتا ئیسلامی سیاسیی و سیاسەتی چەوت و نەریتی سوواو و پێکهاتەی عەشایەری بەڕێوەی دەبات، خوێندنەوە وا لە ژنان دەکات کە ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوان بێت و بە جیهانی دەرەوە ئاشنا بن. ئەمە ئەگەر ئەوەشی بخەینە پاڵ، بە هۆی هەژموونی سیستمی سەرمایەدارییەوە دیاردەکانی بەکاڵاکردن و نماییشکردنی ژنان وەکو بابەتێک زۆر پەرەی سەندووە، کە بە بڕوای من ژنی خوێنەر و هۆشیار ناکەوێتە ناو ئەم دیاردە نەشیاوانەوە.  هەر بۆیە زۆر گرنگە ژنان بخوێننەوە، چونکە ئەوان دایکن، هاوسەرن، خوشکن، ئەگەر ئەوان بخوێننەوە و خوێنەوار بن، منداڵ و خێزان و کۆمەڵگەش خوێنەر و خوێنەوار دەبن، هەر بەم هۆیەشەوەیە کە کۆمەڵگە گەشە دەکات و بەرەو پێشەوە دەچێت.

 

لەنجە ئەحمەد

لەنجە ئەحمەد

بەو پێیەی ژنان هێزی گۆڕانکاریی و هەوێنی جوانترکردنی ژیانن، پەروەردەکاری منداڵ و بەگەڕخەری توانستەکانیانن، هەروەها لەبەرئەوەی ژنان لە هەر شوێنێکدا بن کۆمەڵگا دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورە و ناچار بە گۆڕانکاریی دەکەن؛ هەر بۆیە زۆر گرنگە ژنان لە هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا هۆشیارتر و ڕۆشنبیرتر بن، خوێندنەوەش فاکتەرێکی دیاری خۆڕۆشنبیرکردن و هۆشیارییە، لەم گۆشەنیگایەوەیە کە پێویستە ژنان گرنگیی زۆر  بە خوێندنەوە بدەن هەتا بتوانن ڕۆڵی کاریگەر و پۆزەتیڤیان هەبێت.

 

ساڵی ٢٠٢١، لە چ بوارێکدا کتێبت خوێندۆتەوە؟

لایەق سەعید

ئەولەویەت لە خوێندنەوەی مندا بۆ فیکر و فەلسەفەیە، پاشان ئایین و ئینجا ئەدەبیات، لە ناو ئەدەبیاتدا بە تایبەتیی ڕۆمان ئینجا شیعر. ساڵی ٢٠٢١، بۆ جارێکی دیکە شیعرەکانی نالی، مەحوی، هێمن موکریانی و شیرکۆ بێکەسم خوێندەوە. ڕۆمانەکانی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، هاواری دیجلە، چل ڕێساکەی عیشق و براکوژی-یم خوێندەوە.

ئاریان عەبدولکەریم

سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢١ دەتوانم بڵێم کە ڕێژەیەکی گونجاو کتێبم خوێندۆتەوە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆمدا نییە، چونکە من ڕۆژانە ٩ کاتژمێر کار دەکەم، لە هەمانکاتدا دایکم و ئەرکی دایکایەتییشم لەسەرە، هەر بۆیە بە گشتیی دەرفەتی خوێندنەوەم کەمتر بوو لەوەی کە دەمویست تیاید بخوێنمەوە.

دالیا کەمال

ساڵی ٢٠٢١ بۆ من ساڵێکی جیاواز بوو لە ئەزموونی خوێندنەوەدا، ژمارەیەک کتێبی سۆسیۆلۆجیی و بەشێک لە بەرهەمی بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرتم خوێندەوە، ئەمەش کاریگەریی باشی هەبوو لەسەر ئەوەی گۆڕانی گەورە لە ئاراستەی خوێندنەوە و بیرکردنەوەکانمدا درووست بێت. لەو ساڵەدا کتێبگەلی وەکو: کۆمەڵگەی ڕەش، سۆسیۆلۆژیای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سۆسیۆلۆژیای زەبروزەنگ-ی د. عادل باخەوانم خوێندەوە، ئەم کتێبانەش خۆیان بوونە ڕایەڵەیەک بۆ ئەوەی بەرهەمی بیرمەندانی وەکو: ئالان تۆرین، ئەدۆرنۆ، بۆردیۆ، دۆرکهایم و بۆدریار بخوێنمەوە. بە گشتی ئەم جۆرە کتێبانە وایان کرد کە لە خاڵێکی گرنگ تێبگەم؛ ئەویش ئەوەی کە ئەگەر بمانەوێ گۆڕانکاریی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بکەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پرسە سۆسیۆلۆجییەکان، بێ ئەوەی کار لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکەین و بناغەکەشی بوعدێکی فیکریی هەبێت، گۆڕانێکی ئیجابی ئەستەمە.

 

نەرمین عوسمان

ساڵی ٢٠٢١ هەمەجۆر بابەتم خوێندەوە، بەڵام لە ناو هەموو ئەو کتێبانەی کە خوێندمنەوە سێ کتێب زۆر سەرنجیان ڕاکێشام: «مهزلة العقل البشری» د. عەلی وەردی، «زەردەشت وەها دوا»ـی نیچە، کە ئازاد بەرزنجی کردوویەتی بە کوردی، سێهەمیش ڕۆمانی «کتێبی ڕەش»، نووسینی ئۆرهان پامووک و وەرگێڕانی سامان کەریم.

مۆناکۆ ئیبراهیم

ساڵی ٢٠٢١؛ پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە زۆرتر لە بواری ئەدەبدا دەمخوێندەوە، ڕووم کردە خوێندنەوەی مێژوو، دەبێت بڵێم هۆکاری ئەمەش خوێندنمە لە بواری مۆسیقادا، بۆیە ئەو ساڵە ڕوم کردە بوارە زانستییەکان و مێژوو، مێژووی مۆسیقای کلاسیک، مێژووی مۆسیقای ڕۆژهەڵات، بەڵام هەموو ئەمانەش وایان نەکرد کە لە خوێندنەوەی ئەدەب داببڕێم، بە تایبەتی ڕۆمان، ئەدەبییاتی نامە، شیعر، بە نیسبەت منەوە ئەدەب شتێکە کە هیچکات ناتوانم لێی داببڕێم.

لەنجە ئەحمەد

دەتوانم بە دەقیقی پێت بڵێم کە ساڵی ٢٠٢١، ١٦ کتێبم خوێندۆتەوە، زۆرینەی کتێبەکان بابەتی ئەدەبیی بوون، بەشێکیشیان فەلسەفە و فیکر بوون. ڕۆمانەکانی وەکو: دەریاس و لاشەکان، داگیرکردنی تاریکی، بە ئینگلیزیی «The Forty Rules of Love»، سلۆتەردایک لە نزیکەوە، ئەوانە نموونەی کتێبی باش و جوان بوون. بە ڕادەیەک ناهێڵن لێیان دابڕێیت تا تەواویان نەکەیت.

 

بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بە نیازی خوێندنەوەی چییت؟

لایەق سەعید

خوێندنەوەی کتێبەکانی د. ساماڵ مانی لە بەرنامەمدایە، لەوانەش: ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەری، سۆشیال ئیپیستیمۆلۆژی، ئیپیستیمۆلۆژیی کلاسیک، لەگەڵ دووان لە کتێبەکانی عەلی وەردی: گاڵتەجاڕی عەقڵی مرۆڤ و کەسایەتیی تاکی عێراقی، هەروەها کتێبێکی د. مەریوان وریا قانع؛ بە ناونیشانی دین و دونیا.

ئاریان عەبدولکەریم

بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پلانێکی تۆکمەمترم هەیە و بە نیازم ئەدەبییاتی ڕووسی بخوێنمەوە، بە تایبەتییش بەرهەمەکانی لیۆ تۆڵستۆی.

دالیا کەمال

ساڵی ٢٠٢٢ بە نیازم هەندێک بەرهەمی کۆمەڵناسانی وەکو ماکس ڤێبەر و ئۆلیڤە ڕوا، بخوێنمەوە، لە بەرنامەشمدایە زنجیرەیەک کتێبی تایبەت بە ئەدەبیاتی چەپ و مۆدێرنە و فەلسەفە و شۆڕش و کۆمەڵێک کتێبی دیکەی فیکریی بخوێنمەوە.

نەرمین عوسمان

بۆ ساڵی ٢٠٢٢ جارێ هیچ بڕیارێکم نەداوە، چونکە من خۆم هەموو کتێبێک دەخوێنمەوە و بڕیاری پێشوەختەم نییە بۆ خوێندنەوە، بەڵام هەر لە بواری خوێندنەوەدا پرۆژەیەکم بۆ نابینایان هەیە، بڕیارم داوە چەند ڕۆمانێکی تازە یان هەر کتێبێکی دیکە کە نابینایان خۆیان هەڵیدەبژێرن و لە ساڵی ٢٠٢٢دا چاپ دەبن بۆ ئەو توێژە بکەمە کتێبی دەنگی.

مۆناکۆ ئیبراهیم

ساڵی ٢٠٢٢ دەمەوێت بە زمانی جیاواز لە کوردیی بخوێنمەوە، بە تایبەتی بە فارسیی و ئینگلیزی، دەمەوێت بۆ بابەتی توێژینەوەکەم بەشێک لەو سەرچاوانەی بەو دوو زمانەن بخوێنمەوە، بە گشتیی لەمساڵدا دەمەوێت لە بوارەکەی خۆمدا بخوێنمەوە بۆ ئەوەی مەعریفەی بوارەکەی خۆم بەرز بکەمەوە، بەڵام لێرەشدا دووپاتی دەکەمەوە کە هیچکات و بە هیچ جۆرێک لە خوێندنەوەی ئەدەب دانابڕێم و هەمیشە سووچێک لە کاتەکانی خوێندنەوەم بۆ ئەدەب تەرخان دەکەم.

لەنجە ئەحمەد

بۆ ساڵی ٢٠٢٢، بە نیازم سەرلەنوێ تەواوی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بخوێنمەوە، واتە ساڵی نوێ بەوە دەست پێ دەکەم. دوای ئەوە هەندێک کتێبم کڕیووە لەسەر هیگڵ، دەمەوێت گوزەرێک بەناو فەلسەفەی هیگڵدا بکەم، ئێستاش کتێبی«Kirkuk the City of Fire»ـم بە دەستەوەیە و ڕەنگە سەرەتای ساڵی نوێ تەواوی بکەم.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment