Loujain-Al-Hathloul-Eman-Al-Nafjan-and-Aziza-Al-Yousef

دیارترین چالاکوانە ژنەکانی عەرەبستانی سعوودیە

وڵاتی سعودییە، یەکێکە لە نەریتپارێزترین وڵاتەکانی دونیا، سەرەتای سەدەی بیست، بە هاوپەیمانێتیی بنەماڵەی سعوود و ڕەوتی وەهابی و بە پاڵپشتی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیی لەسەر نەخشەی جیهان ڕۆنرا.

بە بڕوای بەشێک لە نووسەران و ژنانی ئەو وڵاتە؛ سعودیە، چوون قەفەزێکی ڕاستەقینەیە بۆ هەر مرۆڤێکی کراوە و ئازاد، بەڵام دۆزەخە بۆ هەر ژنێک کە دەیەوێت ژنێتیی خۆی مومارەسە بکات و تەنانەت لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی دیاریکراویش لە ئیسلامدا بژی، کە یەکناگرێتەوە لەگەڵ یاسا و ڕاڤە و تەشریعاتەکانی وەهابیزمدا.

بزاڤی مافەکانی ژنان لە سعودیە زۆر تازەیە و ڕەنگە مێژووەکەی هەر ٣٠ ساڵێک بێت. لە سەردەمی فەرمانڕەوایی شاعەبدووڵڵا و بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر، بۆ ئەوەی باری خۆی لەو تۆمەتبارکردنە نێودەوڵەتییە سووک بکات کە ئاراستەی دەکرا لە تەقینەوەی دوو تاوەرەکەی بازرگانی جیهانییدا؛ شاعەبدووڵڵا کۆمەڵێک هەنگاوی بچووکی کرانەوە و سووککردنی کۆتوبەندەکانی هاویشت، کە سەرباری بچووکیشیان (لە دیدی ئێمەدا)؛ بۆ سعودییەکان زۆر بە ئازار و قورس بوون، دوای هاتنی شاسەلمان و دواتر درەوشانەوەی ئەستێرەی محەمەدی کوڕی، ئێستا سعودییە لە لێواری پەڕینەوەدایە بۆ قۆناغێکی دیکە.

محەممەدی شازادە؛ کە وا دەردەکەوێت فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی وڵاتە، دەستی داوەتە هەنگاوگەلێک کە بۆ سعوودیە ڕیشەیی و ڕادیکاڵ دیارن، هەرچەندە بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی سعودیە ئەو هەنگاوانە بە تاکتیک و خۆڵکردنەچاو وەسف دەکەن، بە تایبەتی کە شازادە بە دەستێکی ئاسنین ڕووبەڕووی هەر بۆچوونێکی جیاواز دەبێتەوە و لەناویشیاندا زۆر بە توندی دژی ڕەوتی چالاکی ژنان وەستاوەتەوە.

سەرباری ئەوانەش، ڕەوتی چالاکی ژنانی سعودیە، لە هەر کات چالاکترە، خاوەنی سەرکردە و کاریزمای تایبەتی خۆیەتی، کە ئازایانە ڕووبەڕووی فشارەکان دەبنەوە، زیندانیی دەکرێن، ڕاودەنرێن و تەشهیری زۆریان پێ دەکرێت، بەڵام ئەوان مکوڕن لەسەر کارەکانیان و بگرە هەتا دێت بەهێزتریش دەبن. لەم ڕاپۆرتەدا، دەربارەی  ٨ لەو ژنانە دەنووسین کە لە دوای ساڵی ٢٠١٠ەوە چالاکانە هەڵدەسووڕێن و ڕووبەڕووی فشار و زیندانییکردن و ڕاوەدوونان بوونەتەوە.

سەمەر بەدەوی

 

یەکەم؛ سەمەر بەدەوی

سەمەر ساڵی ١٩٨١ لە شاری جەددەی سعودیە لەدایک بووە، ئێستا تەمەنی ٤٠ ساڵە، هاوسەرگیریی کردووە و یەک منداڵی هەیە کە کچە، تەنیا بڕوانامەی سەرەتایی هەیە، نووسەر و چالاکوانە و لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە دەستی داوەتە کارکردن لە بواری مافەکانی ژنان و یەکسانیی جێندەریی.  سەمەر ئەو کاتە ناسرا کە سکاڵایەکی یاسایی پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەریی کرد و داوای مافی دەنگدانی بۆ ژنان و کچان کرد، خاوەنی خەڵاتی بەناوبانگی ئۆڵوف پاڵمێ و هەروەها خەڵاتی (ژنی ئازا)ـی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە.

ژیانی خێزانیی سەمەر بەدەوی خۆی بۆ خۆی بابەتی یەک ڕۆمانە، کچێک کە هەمیشە لە لایەن باوکە دڵڕەقەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە، پیاوێک کە بە پێی هەندێ سەرچاوەی مێدیایی نزیەکەی ١٤ جار هاوسەرگیریی کردووە، دایکی؛ کاتێک سەمەر تەنیا ١٤ ساڵان بووە مردووە، ئەمەش هێندەی دیکە کۆژانەکانی قوڵتر کردۆتەوە. بۆ هەڵهاتن لە ئەشکەنجەکانی باوکی؛ سەمەر ماوەیەک لە شێڵتەردا ژیاوە، چەندین جار سکاڵای یاسایی لە دژی باوکی تۆمار کردووە و هەموو جارەکانیش سکاڵاکەی ڕەت کراوەتەوە و بگرە لە میانەی سکاڵایەکی باوکیەوە بۆ ماوەی ٧ مانگ زیندانیی کراوە.

ڕائیف بەدەوی، کە دەکاتە برای سەمەر، یەکێکە لە چالاکوانە چاونەترسەکانی سعودیە، ئەویش تەنیا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە لەگەڵ خوشکەکەیدا چەندین جار زیندانیی کراون. سەمەر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە قەدەغەی گەشتکردنی لەسەرە، ساڵی ٢٠١٨ زیندانی کراوە، مێردەکەشی هەر لە زینداندایە و حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی هەیە، سەمەر ناوەڕاستی ئەمساڵ (٢٠٢١) ئازاد کرا.

 

نەسیمە ئەلسادە

 

دووەم؛ نەسیمە ئەلسادە

نەسیم ئەلسادە لە دایکبووی شاری قەطیف-ی سعودیەیە، دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری دادە بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە سەنتەرێکی یاساغە لە سعودیە، یەکێکە لە ژنە چالاکەکان، لە هەڵمەتەکانی بەدەستهێنانی مافی ژنان، ئیلغاکردنەوەی نەریتی (وەلیی ئەمر)، مافەکانی مرۆڤدا بە چەندان چالاکیی بەشدار بووە و چەندان جار دادگایی کراوە.

ئەم ژنە، ڕۆلی گەورەی هەبووە لە هەڵوەشاندنەوەی بەشەکییانەی سیستمی وەلی ئەمر، هەروەها  سکاڵاکاری سەرەکیی بوو لە دادگەی دەممام دژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە یاساغکردنی شۆفێریی لە ژنان و بە هۆی ئەوە سکاڵایەشەوە بوو ژنانی سعودیە ئەو مافەیان دەستەبەر کرد.

نەسیمە ساڵی ٢٠١٦، ئەودەمەی دەسەڵاتدارانی سعودیە نەمر باقر نەمر-ی پیاوی ئایینی شیعییان دەستگیر کرد، چەندان کەمپینی بۆ ئازادکردنی بەڕێوە برد، لە سعودیە تۆمەتبار دەکرێت بە بانگەشەکردن بۆ شیعەگەرایی، چونکە یەکێکە لە بەرگریکاران لە مافی شیعەکانی سعودیە. نەسیمە نووسەرە و چەندان وتاری لە بارەی ژنانی سعودیەوە نووسیوە، ساڵی ٢٠١٨ زیندانیی کرا، دوای سێ ساڵ و لە مانگی ٦ی ٢٠٢١ لەگەڵ سەمەر بەدەوی ئازاد کرا. نەسیمە هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی دوو منداڵی خاوەنپێداویستیی تایبەتە.

 

لەجین ئەلهەذلوول

 

سێیەم؛ لەجین ئەلهەذلوول

بە پێی دەستنیشانکردنی گۆڤاری (ئەرەبیان بزنس)، ساڵی ٢٠١٥، یەکێک بووە لە بەهێزترین ژنانی عەرەب لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی ١٩٨٩ لە سعودیە لە دایک بووە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان خوێندوویەتی، یەکەم ژنە کە ساڵی ٢٠١٥ خۆی بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی سعودیە پاڵاوت، چەندان جار دادگایی و زیندانیی کراوە، جارێک بە هۆی شۆفێریی و چەند جارێکی دیکە بە تۆمەتی دیکە و هەندێکجاریش بێ هیچ تۆمەتێکی دیاریکراو؛ دەستگیر کراوە. دواهەمینیان ئەوە بوو کە ساڵی ٢٠١٨ دەستبەسەر کرا و لە ٢٨/١٢/٢٠٢٠ پاش دادگاییکردنی سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگی بەسەردا درا بە تۆمەتی هاندانی هەڵگێڕانەوەی ڕژێمی ئالسعود و خزمەتکردنی چەند لایەنێکی دەرەکی.

کەسە نزیکەکانی ڕایانگەیاند؛ ئەو کاتەی هەذلوول لە زیندان بووە، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیی و کارەبالێدان و هێشتنەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندانی تاکەکەسیی بووەتەوە. چەند جارێک مانی لە خواردن گرت، هەذلوول؛ دەسپێشخەرییەکی حکوومەتی سعودییەی ڕەت کردەوە کە بریتیی بوو لە ئازادکردن بەرانبەر تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا هەذلوول ڕەتی بکاتەوە ڕووبەڕووی گێچەڵپێکردن و دەستدرێژیی و ئەشکەنجەدان بووەتەوە.

لەجین دیارترین و سەرسەختترین ژنە چالاکوانی سعودیە، پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی هەیە، چەند خەڵاتێکی ئازایەتی وەرگرتووە، سەربوردەی ژیانیشی بووە بە ئیلهامی چیرۆکیکی منداڵان کە بڕیارە بەهاری ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو بکرێتەوە. لەجین لەگەڵ فەهد ئەلبتێری؛ هونەرمەندی کۆمیدیەنی سعودی هاوسەرگیریی کردووە، بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێدیایی؛ فەهد بە زەبری هێز و ئەشکەنجەدان ناچار کراوە لەجین تەڵاق بدات. لە مانگی یەنایری ٢٠٢١ و پاش سێ ساڵ لە زیندانییکردنی ئازاد کرا، بەڵام گەشتکردن بۆ دەرەوەی سعودییەی لێ قەدەغە کراوە.

ئیمان ئەلنەفجان

 

چوارەم؛ ئیمان ئەلنەفجان

نووسەر، بلۆگەر، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان، مامۆستای یاریدەدەرە لە بواری زمانناسیی لە زانکۆی ڕیاز، گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی ئەمریکی، ساڵی ٢٠١١ لە لیستی بیریارە دیارەکانی جیهاندا ناوی بڵاو کردەوە. لە شاری طائیف-ی سعودییە لەدایک بووە و لە ڕیاز نیشتەجێیە، بەکالۆریۆس و ماجستێری لە زمانی ئینگلیزییدا هەیە، ساڵی ٢٠١٨ کاتێک لە زانکۆی بێرمینگهام سەرقاڵی تێزی دکتۆراکەی بوو، لە میانەی گەڕانەوەی بۆ سعودیە دەستگیر کرا، هاوسەرگیریی کردووە و سێ منداڵی هەیە، یەکێکە لە چالاکوانە دیارەکانی مافەکانی ژنان، ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوورەوە خەڵاتی ئازایەتیی پێ بەخشراوە.

بلۆگەکەی یەکێک بووە لە بلۆگە یاساییە هەرە دیارەکانی جیهان و لەوێدا گفتوگۆ و مشتومڕی زۆر بابەت دەکران کە لە سعودیە بە بابەتی تابۆ و سنووربەزێن هەژمار کراون، ئەلنەفجان لە دیدارێکی کەناڵی سکای نیوزدا کێشەکانی ژنانی سعودیە لە سێ پرسدا کورت دەکاتەوە: هۆشیاریی، پاراستن و ڕۆشنبیریی، دەبێت ژنانی سعودیە هۆشیار بن بە مافەکانیان، دەبێت لە ڕووی یاسایی و جەستەیی و دەروونییە پارێزراو بن لە هەر توندوتیژیی و زۆرلێکردن و جیاکارییەک، هەروەها ڕۆشنبیرکردنی ژنان هەتا پرسی ئایین و نەریت لێک جیا بکەنەوە.

 

عەزیزە ئال یوسف

 

پێنجەم؛ عەزیزە ئال یوسف

ساڵی ١٩٥٠ لە دایک بووە و ئێستا تەمەنی ٧١ ساڵە، لە زانکۆی مەلیک سعود خوێندوویەتی، دواتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە زانکۆی ڤێرجینیا کۆمۆنوێڵس درێژەی بە خوێندن داوە، دواتر بۆتە مامۆستا لە زانکۆی مەلیک سعود، پاشان خانەنشین بووە و خۆی بۆ داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنان تەرخان کردووە، هاوسەرگیریی کردووە و پێنج منداڵی هەیە، یەکێک لە کوڕەکانی داکۆکییکارێکی دیاری مافەکانی ممرۆڤە لە سعودییە و لەپاڵ دایکیدا چەند جارێک زیندانیی کراوە.

عەزیزە یەکێکە لە داکۆکییکارە پێشەنگەکانی مافی شۆفێرییکردنی ژنانی سعودیە، هەڵوەشاندنەوەی سیستمی وەلیی ئەمر و جیاکردنەوەی کچان و کوڕان لە شوێنە گشتییەکان و مافەکانی دیکەی ژنان. عەزیزە توانی زیاتر لە ١٤ هەزار واژۆ کۆبکاتەوە و ئاراستەی شاسەلمانی بکات بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم شۆفێرییکردنی ژنان، هەر ئەویش سەرپەرشتیاری کەمپینی (من وەلیی خۆمم) بوو.

عەزیزە؛ بە وتەی خۆی لە خانەوادەیەکی کراوەدا لەدایک بووە و ڕووبەڕووی جیاکاریی نەبووەتەوە، سەرپەرشتیاری چەندان کەمپینی مافەکانی ژنان بووە، سڵی ٢٠١٣ بە تۆمەتی لێخوڕینی بێمۆڵەتی ئۆتۆمبێل دەستبەسەر کرا و ساڵی ٢٠١٨ش لەگەڵ ژنە چالاکوانەکانی وەکو سەمەر بەدەوی، نەسیمە ئەلسادە و لەجین ئەلهەذلوول و عائیشە ئەلمانع دەستگیر کرا و پاش تۆمەتبارکردنی بە چەندان تۆمەت زیندانیی کرا، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کرا.

 

د. عائیشە ئەلمانع

 

شەشەم؛ د. عائیشە ئەلمانع

عائیشە ساڵی ١٩٤٨ لە یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی سعودیە لەدایک بووە، بەشێکی ژیانی لە لوبنان و میسڕ بووە، لە زانکۆی ئەمریکیی لە لوبنان کۆمەڵناسی، دواتر بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئۆریگن، ماستەر لە ئەریزۆنا و دکتۆرای لە کۆلۆرادۆ خوێندووە. محەممەد ئەلمانع-ی باوکی یەکێک بووە لە لایەنگرانی مافەکانی ژنان، کاتێک کۆتوبەند لەسەر خوێندنی ژنان لە سعودیە لابرا، محەممەد خانوویەکی خۆی کردە قوتابخانەی کچان و عائیشە بووە بەڕێوەبەری.

د. عائیشە، ساڵی ١٩٩٠، ئەندامی یەکەم هەڵمەت و ناڕەزایی دەربڕین بووە دژی قەدەغەکردنی شۆفێریی ژنان، کە تەنیا ٤٧ ژن بەشداری بوون، لەو بارەیەشەوە عائیشە لەگەڵ حیصەت ئال ئەلشەیخ کتێبێکیان بە ناونیشانی: (شەشی نۆڤەمبەر؛ ژن و شۆفێرییکردن، ١٩٩٠ زایینی) نووسیوە کە وەشانخانەی (جەداول) ساڵی ٢٠١٣ بڵاوی کردۆتەوە. عائیشە یەکێکە لەو ژنانەی کە بێ دابڕان لە خەباتکردن بۆ مافەکانی ژنان بەشدار بووە، هەر ئەویش بوو لە ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٣ لەگەڵ نەوەی نوێی ژنانی چالاکی سعودیە هاتەوە سەر جادە و بۆ دەستەبەرکردنی مافی شۆفێریی خۆپیشاندانیان کرد، ساڵی ٢٠١٨ش لەگەڵ پۆلێک لە ژنانی چالاکوان زیندانیی کرا.

د. عائیشە لە چەندین پۆستی باڵای حکوومیدا کاری کردووە، چەندان پرۆژە و دامەزراوە و دەسپێشخەریی هەیە بۆ ژنان، دژی پرنسیپی وەلی ئەمر و چەوساندنەوەی ژنان و خواردنی بەشە میراتی ژنان و زۆر پرسی دیکەیە. ساڵی ١٩٨٥ کۆمپانیای (الخلیج الانمائیە)ی دامەزراند کە لە بواری تەکنیکی و هونەر و زانستەکانی کۆمپیوتەردا خزمەتگوزاریی پێشکەش بە ژنان و کچان دەکات.

 

مەدیحە ئەلعەجرووش

 

حەوتەم؛ مەدیحە ئەلعەجرووش

پزیشکێکی دەروونشیکارە، فۆتۆگرافەرە، چارەسازیی دەروونییە و ڕاوێژ و چارەسەری دەروونی پێشکەشی ئەوانە دەکات کە بەر زەبری توندوتیژیی و ئەشکەنجەدان کەوتوون، لە بواری هونەری فۆتۆگرافییدا زۆر بەتوانایە و چەندان پێشانگەی فۆتۆگرافیی کردۆتەوە.

مەدیحە لەناو ئەو ٤٧ ژنەدا بوو کە ساڵی ١٩٩٠ یەکەم خۆپیشاندانیان بۆ بەدەستهێنانی مافی شۆفێرییکردن بەڕێوە برد، بەڵام عەجرووش یەکێک بوو لەوانەی کە ڕووبەڕووی سزای توند بووەوە کە بریتیی بوو لە دەرکردنی لە پیشەکەی، لێسەندنەوەی پاسپۆرت و دواتریش بە هۆی سەرپێچییەکی دیکەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە فۆتۆکانی ١٥ ساڵی ڕابردووی سووتێنران.

مەدیحە چەندان جار ڕووبەڕووی زیندانییکردن و ئەشکەنجە و ناوزڕاندن و چەندین جۆری دیکەی ئازاردان بووەتەوە، دواهەمینیشیان ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٨دا زیندانیی کرا، بەڵام زۆری پێ نەچوو ئازاد کرا.

 

هەتتون ئەلفاسی

 

هەشتەم؛ هەتتون ئەلفاسی

ئەکادیمییەکی بەتوانا و دیاری سعودییە، یەکێکە لە داکۆکییکارانی مافەکانی ژنان و لەم بوارەدا کاروانێکی درێژ و دەوڵەمەندی هەیە. دوو جار خەڵاتی (سوارچاک)ـی لە لایەن سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێ بەخشراوە. لە زانکۆی قەتەر مامۆستایە، بەکالۆریۆس و ماجستێری لە سعودیە بەدەست هێناوە و لە زانکۆی مانچستەر دکتۆرای لە بواری دێرینەناسییدا بە دەست هێناوە.

هەتتون؛ داکۆکییکارێکی شێلگیرە لە مافە مەدەنیی و سیاسییەکان، چەندان کتێب و توێژینەوەی بە زمانی عەرەبیی و ئینگلیزیی هەیە. کە یەکێک لەوانە بە ناوی (فێمەنیزمی سعودیی)یەوەیە، لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٥دا داوای مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی بۆ ژنان دەکرد، لەو پێناوەشدا چەندان جار ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئازاردان و ناوزڕاندن بووەتەوە.

 

ژێدەر: سەرچاوەی سەرەکی ڕیپۆرتێکی کەناڵی (بی بی سی)یە، بەڵام زانیاریی لە چەندان سەرچاوەی دیکەوە وەرگیراوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆفایلی چالاکوانەکان.

Leave a comment