کوێستان محەمەد؛ پاڵەوانی ماندووی چیرۆکێکی بەردەوام

photo_2021-10-20_11-03-31

ئەو کچێکی منداڵی پێنج ساڵان بوو کاتێک لە خوێندنگەیەکی کوڕاندا دەیخوێند، دواتر بوو بە فەرماندەی یەکەمین هێزی ژنان و ئێستاش یەکێکە لە وەزیرە دیارەکان، بەڵام بەردەوام شانازیی بەوەوە دەکات کە بە گەنجی بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.

کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ساڵی ١٩٦٥ لە سلێمانی لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ماتماتیکدا بەدەستهێناوە، یەکێکە لە ژنە هەرە دیارەکانی باشووری کوردستان.

“بە منداڵی تەمەنم پێنج ساڵ بووە کاتێک لە خوێندنگەیەکی کوڕان خراومەتە بەر خوێندن و لە خوێندگەکەدا تەنها من و کچێکی تر خوێندکار بووین” کوێستان محەمەد ئەمە دەگێڕێتەوە.

ئەو دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی لە سلێمانی، روو لە هەولێر دەکات و لە زانکۆی سەڵاحەدین بەکالۆریۆس لە ماتماتیک بەدەستدەهێنێت.

هەرچەندە پلەی یەکەم لە زانکۆ بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبووە ببێتە ئەندامی حزبی بەعس دانەمەزراوە و دەرفەتی خوێندنی ماستەریشی بۆ نەڕەخسێراوە.

کوێستان محەمەد تەمەنی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت کاتێک کە پەیوەندی بە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە کە باڵێک بوو لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەو دەڵێت “زۆر دڵخۆشبووم بەوەی کە وەکو ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە پەسەند کرام، من لەرێگەی شەهید رزگاری برامەوە بووم بە ئەندامی کۆمەڵە، زۆر شانازیم پێوە دەکرد، دەموت مادام کارەکە هێندە نهێنییە دیارە ئەرکێکم لە ئەستۆیە کە هەموو کەس ناتوانێت لەئەستۆی بگرێت”.

ساڵی ١٩٩٠ زانیاری دەگات بە هەواڵگریی حکومەتی بەعس کە کوێستان محەمد ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانە، مەفرەزەیەکی سەربازیی بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو دەردەچێت و کوێستان محەمەد بەپەلە لە چنگی ئەوان هەڵدێت.

دوای ئەوەی لەماڵی خۆیان هەڵهاتووە، هەر ماوەیەک و لە ماڵی خزمێکیان ماوەتەوە و خۆی حەشارداوە، ئەم دۆخەی ژیانی کوێستان محەمەد بەردەوام دەبێت تا راپەڕینە مەزنەکەی خەڵكی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١.

کوێستان محەمەد لە گێڕانەوەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات “من ساڵێک و دوو مانگ خۆم حەشار دابوو، لەماڵی خزمێکی خۆمان بووم کە راپەڕین هەڵگیرسا، من بە گوڕ و تینەوە بەشداریم تێدا کرد، ئەوەش یەکێکە لە شانازییەکانی ژیانم”.

لەدوای راپەڕینەوە، کوێستان محەمەد وەکو مامۆستا دەست بە خزمەتکردن دەکات و ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، دواتیش دەست بە کاری رێکخراوەیی دەکات و لەبواری مافەکانی ژناندا کار دەکات.

ئەو بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پرسەکانی ژنان، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانییدا، ساڵی ١٩٩٦ بۆ یەکەمین جار هێزی پێشمەرگەی ژنان دادەمەزرێنن و خۆشی دەبێتە فەرماندەی هێزەکە.

باڵای خەباتی کوێستان محەمەد تا دەهات بڵند تر دەبوو، ساڵی ٢٠٠٥ لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بۆ ماوەی دوو ساڵیش سەرۆکی هەمان فراکسیۆن بوو.

دواتریش لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕاندا، کوێستان محەمەد پەیوەندی بەو حزبە نوێیەوە کرد و پلەکانی بەرپرسیارێتی تا ئەندامێتیی جڤاتی گشتیی بڕی.

ساڵی ٢٠٠٩ بۆ جاری دووەم بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەم جارەیان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان.

کوێستان محەمەد لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پۆستی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەرگرت، ئێستا بۆماوەی سێ ساڵە لەو پۆستەدا کاردەکات و بەردەوامە.

ئەو خۆی دەڵێت “سێ قۆناغ لە ژیانی مندا زۆر تایبەت بوون، یەکەمیان ئەو دەمەبوو کە پەیوەندیم بە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە کرد، دووەمیان ئەوکاتەی بەشداریم لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کرد و سێیەمیشیان دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو”.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment