ژمارەیەک لە ئەندامانی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و پارێزەران و کەسایەتی ئێزیدییەکان لە دهۆک ئەنجامدا. تیایدا پاڵپشتی و هاودەنگی کەسایەتی دیاری نێو ئێزیدییەکانی بەدەستهێنا.
مەبەست لەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆکردن و ئەپدەیتکردنەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران بوو لە کار و چالاکییەکانی کەمپەینەکەو گەیشتنی بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوامبوون لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ پێشخستنی پرۆژە یاساکە.
کۆبونەوەکە لەلایەن ڕێکخەری کەمپین و بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)، بەهار شوکریە مونزیر دەستی پێکرد و تیایدا باسی کارەکانی کەمپینەکەی کرد لەماوەی ٢ ساڵ و ١٠ مانگی کارکردنیاندا.
بەهار شوکریە بە (چاوی خەڵک)ی وت ” لەماوەی ٢ ساڵ و ١٠ مانگی کارکردندا، کەمپینەکە کۆمەڵێک کاری مەدەنی ئەنجامداوە بەو ئامانجەی لەسەرتاسەری عێراق هەموو دایک و منداڵێکی عێراقی مافێک دەستەبەر بکەن کە ئازادانە خۆیان بڕیار لەسەر پێکەوە بونیان بدەن، وە دایک بتوانێ لەکاتی ئامادەنەبوونی باوک ڕەچەڵەکی منداڵەکەی دیاری بکات. هەروەها بتوانێت دینی دایکەکەی وەربگرێت. ئامانجمان لەم کۆبونەوانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەمپینەکەیە بە گوێگرتن لە دەنگ و تێبینی و ڕەخنەی هەریەک لە کۆمەڵگە و لایەنە جیاوازەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق، وە بەتایبەتی تێبینی و ڕەخنەکانی ڕێکخراو و کەسایەتی ئێزیدییەکان و چالاکوانانی شاری دهۆک تا کەمپینکەی زیاتر پێ دەوڵەمەنتر بکەین وە بتوانرێت کێشەکە چارەسەر بکرێت.”
کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە تەنها تایبەت نییە بەو منداڵانەی کە لە دەستدرێژییەکی سێکسی رێکخراوی داعش بۆ سەر کچانی ئێزیدی دروست بووە. بەڵکو هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە ڕەچەڵەکیان نادیارە و بێناسنامەن.
شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و بەڕێوبەری ڕێکخراوی وەلا و ئەندامی کەمپینەکە بە (چاوی خەڵک)ی وت ” دەرچونی یاسای نوێ لە پەرلەمانی عێراق قورسە و کاری زیاتری ئەوێت. بۆیە ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بیرمان لە ڕێگەیەکی ئاسانتر کردەوە کە بتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات ئەویش بە هەمواکردنەوەی یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ ئەویش بە تەنها کارکردن لەسەر دوو ماددە کە ماددەی ١٩ و ٢٠ ن.”
هۆکاری دەرچونی ئەم هەموارە ئەوە بووە کە لەدوای جەنگ لە هەر وڵاتێک کۆمەڵێک کێشە دروست دەبێت، وە لە وڵاتی ئێمەش لە دوای جەنگی داعش ژمارەیەکی زۆر منداڵمان هەیە کە تا ئێستا کێشەکانیان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و وە لەدوای ئەوەی یاسای ڕزگاربوانی ئێزیدی لەپەرلەمانی عێراق دەرچوو، باس لە کێشە و چارەسەرەکانی ئەم منداڵانە نەکراوە. لە ڕێگەی ئەم هەموارکردنەوە دەمانەوێت کێشەکانیان لە ئەنجومەنی عێراقەوە چارەسەر بکەین.” شۆخان ئەحمەد وای وت.
سارای ٢٠ ساڵان ناوی خوازراوی ڕزگاربویەکی دەستی داعشە و دایکێکی ئێزدییە بۆ لەدەستدانی منداڵەکەی و زانینی هەواڵێکی بەپەرۆشە.
سارا دەڵێت: “بە درێژایی ٦ ساڵ لەلایەن ٥ کەسەوە دەستدرێژیم دەکرایەسەر و تا ئێستاش نازانم باوکی منداڵەکەم کامیانە. ناچاربووم بەر لە تێپەڕاندنی سنوری سوریا-عێڕاق منداڵەکەم بەجێبهێڵم لە ترسی قبوڵنەکردنی منداڵەکەم لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەکەمەوە. بۆ ئێزیدییەکان مەحاڵە منداڵێکی دین جیاواز قبوڵ بکەن و من سەرەرای ئەو هەموو ئەشکەنجەیە منداڵەکەمم خۆشدەویست و نەمدەویست جێی بهێڵم و ئێستا ئازارەکانم زیاتر بووە کە چارەنوسی نازانم و ئاگاداری نیم.”
هادی بابە شێخ کەسایەتی دیاری نێو ئێزیدییەکان، لە کۆبونەوەکە ئامادەبوو، پاڵپشتی خۆی بۆ کەمپینەکە دەربڕی و هەر لەوێدا ناوی خۆی گۆڕی لە هادی بابە شێخ بۆ هادی خۆخێ.
هادی خۆخێ بۆ پاڵپشتی کەمپینەکە بە (چاوی خەڵک) ی وت:” من پاڵپشتی ئەم کەمپینە دەکەم، وە داوا دەکەین کە هەموو تاکێک لە کوردستان و عێراق بە گشتی ئەوە قبوڵ بکات و ئازاد بێت کە ناوی خۆی بەناوی دایکی یاخود باوکی بێت. وە ئەم هەموارکردنەوەیە چارەسەرێک بێت بۆ ئەو زارۆکانەی بێباوکن، وە بۆ ئێمەی ئێزیدی بە دڵنیاییەوە ئەمە چارەسەرێکی زۆر گونجاوە بەتایبەتی بۆ کچەکانمان کە زارۆکیان لەو ڕێکخراوە تیرۆرستیە بووە. وە ئەگەر ئەم یاسایە قبوڵ بکرێت و زارۆکەکە هەڵگری ناو و دینی دایکەکەی بێت ئەوا بە خۆشحاڵییەوە قبوڵ دەکەین.”
لە کۆمەڵگەی ئێزیدی لەبەر ئەو دیوە ئاینییەی کە هەیانە منداڵانێک وەرناگرن کە ئاینی ئیسلامیان لەسەر ناسنامە وەرگرتبێت و ئەمەش ڕێگری دایکە ئێزیدیەکانە بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەکان.
نازە شیروان، توێژەری کۆمەڵایەتی و ئەندامی کەمپینەکە دەڵێت: ” مەبەست لە یاساکە جیاکاری نییە کەنێوان هەر ئاین و دایکێکی عێراقی بەڵکو یاساکە گشتگیرە و تەنها بۆ دایکانی ئێزیدی نییە. بەڵام بۆ کەمپینەکە گرنگە لەشاری دهۆک زیاتر و زیاتر کار و چالاکی ئەنجامبدات بۆ ناساندنی ئامانجی کەمپینەکە و خستنەڕووی پرۆژە یاساکە. چونکە دەزانین ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی ئێزیدی لەناو دهۆک و کەمپەکانی سەربەوێ نیشتەجێن وە قوربانی و ڕزگاربوی زۆری دەستی داعش لەوێدا هەیە. بەیاساکردنی ئەو یاسایە، هەر دایکێکی ئێزیدی کەئەیەوێت منداڵەکەی وەربگرێتەوە بتوانێت ناسنامەو ئاینەکەی خۆی ببەخشێتە منداڵەکەی و ڕێگری لە وەرگرتنەوەی نەمێنیێت. بۆیە زیاتر پێویستمان بەوەیە ڕێکخراوەکان و کەسایەتی ئێزیدییەکان پشتیوانی لەم کەمپینە بکەن تاکو لێرەش کۆمەڵگەی ئێزیدی و ئەو کەس و لایەنانەی لەم بوارەدا کار دەکەن بە ئاگابن لەم کەمپینە و لە ئامانجەکەی تێبگەن و پشتیوانی بکەن.”
لە پلان و کاری داهاتووی کەمپینی ناوی من ناوی دایکەمە، سەردانی کەسایەتی و بڕیاربەدەستانی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکانە تا پشتیوانی کەمپینە بکەن و بۆیان ڕوونبکرێتەوە کە ئامانج و مەبەستەکەی لە کوێدایە تاوەکو ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان بەجێهێشتوە یاخود منداڵەکانیان پێ نادرێتەوە لەڕێگەی ئەم یاسایەوە بتوانرێ ئەو مافەیان بۆ بگێردرێتەوە. هەروەها ئەنجامدانی کار و چالاکی و وۆرکشۆپی جیاواز جیاواز لە شارەکە تاوەکو کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان و ڕێکخراو و چالاکوانانی ئەم شارە ڕوونکردنەوەو دەستکەوتەی کەمپینەکەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی هەموان بەیەکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورەیەی لە عێڕاقدا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی جەزیرە، لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی ناوخۆیی عێراقی، هەژمارێک بۆ ئەو ناوچەکانی کە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون وەک ئەنبار و نەینەوا و چەند ناوچەیەک لە کەرکوک و سەڵاحەدین کراوە و تیایدا نزیکەی هەشت هەزار منداڵ بەدەست نەبونی کارتی نیشتیمانی و دیارنەبوونی ڕەچەڵەکەوە دەناڵێنن.
چاوی خەڵک / تایبەت