ژنان؛ هێزە کاریگەرەکەی پەرلەمانی نوێی عیراق

photo_2021-10-13_11-40-40

دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عیراق بڵاوکرانەوە دەرکەوت کە نزیکەی ١٠٠ ژن لە کاندیدەکان توانیویانە خۆیان بگەیەننە پەرلەمان، ئەمەش پێشهاتێکی نوێیە لە مێژووی پەرلەمانی عیراقدا.

بەگوێرەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عیراق لە هەر ئەنجومەنێکی هەڵبژاێردراودا دەبێت لانیکەم رێژەی ٪٢٥ی ئەندامەکان لە ژنان بن، ئەمە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بە تەواویی جێبەجێکراوە.

ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا ئەنجامدرا، عیراق دابەشی بازنەی ناوەند کرا و شێوازی خۆکاندیدکردن و بەشداریکردن گۆڕانکاریی بەسەرداهات.

سەرەتا کاتێک ویسترا دەستکاری یاسای هەڵبژاردن بکرێت بۆچوونی بەهێز ئەوەبوو کە عیراق دابەشی زیاتر لە ٣٥٠ بازنە بکرێت و لە هەر بازنەیەک کاندیدێک دەربچێت، بەڵام ئەگەر یاساکە بەوشێوەیە پەسەند کرابا ئەوا کێشەی گەورە بۆ رێژەی ژنان لە پەرلەمانە هەڵبژێردراوەکەدا دروستدەبوو، پێنەدەچوو ژمارەی ژنانی پەرلەمانتار بگەیشتایەتە ئەو ئاستەی کە دەستور دیاریکردووە.

دوای گفتوگۆیەکی چر، بڕیار درا عیراق بەسەر ٨٣ بازنەدا دابەشبکرێت، ئەو بنەمایەش کە بووە هۆی دانانی ئەو ژمارەیە، رێژەی پێویستی ژنانی پەرلەمانتار بوو، چوونکە ئەو رێژەیەی کە دەستور دەستنیشانیکردووە بەشێوەیەکە کە نابێت لە ٨٣ پەرلەمانتاری ژن کەمتر لە پەرلەماندا بن، بەوەش لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن ژنێک بە سیستمی کۆتا دەردەچێت و رێژەکە بەدەستدێت.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی ١٠٠ ژنی کاندید دەرچوون کە لەو رێژەیەش نزیکەی ٦٠ کاندیدیان توانیویانە بە توانا و دەنگی خۆیان و بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

کۆمسیۆنی هەڵىژاردنەکانی عیراق لە یەکەم راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکاندا کە ٢٤ کاتژمێر دوای هەڵبژاردنەکە بوو، ئاماژەی بەوەکرد کە ژنانی کاندید توانیویانە ٩٧ کورسی بەدەستبهێنن، دواتریش کاتێک دەنگی ئەو وێستگانە جیاکرایەوە کە دەبێت بە دەست بژمێردرێن، ژنێکی تر توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی پرۆسەی جیاکردنەوەکە ژنان ببنە خاوەنی ١٠٠ کوسی پەرلەمان.

هەر هێندە نەبوو، لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا، ژنانی کاندید توانیویانە دەنگی یەکەم بەدەستبهێنن، بەشێوەیەک کە لە هەندێک بازنە لەکۆی ١٠ تا ١٥ کاندید کە سێ تا پێنجیان دەردەچن، ژن دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە و پێش رکابەرە پیاوەکانی کەوتووە.

لە کۆمەڵگەی کوردستان و عیراق و زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی تریشدا، تێڕوانینی خەڵك بۆ توانای سیاسیی ژنان و توانای نوێنەرایەتیرکردن لە دامەزراوەیەکی وەکو پەرلەماندا، تێڕوانینێکی کەم و نزمە، ئەمەش پەیوەندی بە تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگە و کلتورە چەسپیوەکانەوە هەیە، بەڵام هەندێک جار دەبینرێت بە گۆڕانی کات و قۆناغەکان دەکرێت گۆڕانکاریی لەو کلتور و تێگەیشتنە باوانەشدا بکرێت، دەرچوونی کاندیدە ژنەکان لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا سەلمێنەری ئەوەبوو.

لە چوار خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، ژنان بە سستمی کۆتا توانیویانە بەشێک لە کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبیێنن، لە باشترین دۆخیشدا ژنان ٪٣٣ی کورسییەکانی پەرلەمانیان پڕکردووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکرایەوە، عیراق لە پلەی ٧٠ی لیستی وڵاتانی جیهاندایە بەگوێرەی رێژەی بەشداری ژنان لە کاری پەرلەمانتارییدا.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment