لە بازنەی شنگال؛ پێنج ژن کێبڕکی هەڵبژاردن دەکەن

244415120_303886457776513_8277340065112321839_n

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠- ١٠ی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەرتاسەری عێراق بەڕێوە دەچێت، کە بەپێی ئامارەکان ٢٥ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە ٣٢٠٠ کاندید هەیە و بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن دا دابەشکراون و کە ٩٥٠ لەو ژمارەیە ژنن.

لە بازنەی سێی هەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەوا کە بازنەی شنگالە و ٣ کورسی بۆی تەرخانکراوە،  ٢٥ کەس لەسەر پارت و هاوپەیمانی جیاواز و هەروەها هەندێک وەکو سەربەخۆش خۆیان کاندید کردووە، کە لە نێویاندا پێنج ژنی کاندید هەیە و کێبڕکی دەکەن لەسەر تاکە کورسی ژنان لەنێو ئەم هەرسێ کورسیەدا.

کاندیدە ژنەکان پێکهاتوون لە  ” ڤيان دەخيل، مروا موراد، بەسمە ئەل خاتونی، حلا سامد و عبير هادي ئەلبياتی”.

عەبیر هادی کاندیدە لەسەر لیستی هاوپەیمانی رەئی نەینەوا بە ژمارە ٣١،  بە ( چاوی خەڵک)ی وت “هەموو ئەو شوێنانەی داعش داگیری کردبوو و ڕزگارکراون خەڵکی گەڕاونەتەوە و خزمەتگوزاریان بۆ دابین کراوە. بەڵام شنگال تاکە شوێنە کە زۆربەی خەڵکەکەی لە ئاوارەیدان و خزمەتگوزاریان بۆ دابین نەکراوە. بۆیە بە گرنگی دەزانم کار بۆ ئەو کێشەیە بکەم و هەروەها کار بکەم بۆ ئەوانەی چارەنوسیان دیار نییە و ڕزگار بکرێن.”

لەم بارەیەوە کاندیدی لیستی عەقد ئەلوەتەنی بە ژمارە ٢٢ دکتۆرە مەروا موراد لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند “کار و خەباتمان لە پەرلەمان ئەوە دەبێت کە باشتر خزمەتی ڕزگاربووانی دەستی داعش بکرێت و دەست لە کەیسی شکستنی شنگال لەلایەن داعشەوە بەرنەدەن و دەبێت ئەوانەی کە هۆکاری کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بوون سزا بدرێن.”

 

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پاش حەوت ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و نەمانی داعش تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ١٢٠٠ کچ و ژنی ئێزیدی دیار نییە کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ و بەدیاریکراو لە ٣ـی ئاب لە سنووری قەزای شنگال لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوون.

ڤیان دەخیل کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە ژمارە ٢٤، لە بازنەی سێی هەڵبژاردن لە شنگال ئاماژە بەوە دەکات، ٣ خاڵی سەرەکی هەن کە ئیشی لەسەر دەکەم لەکاتی دەرچوونم بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەش گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە هەروەها کەیسی ڕزگاربووان و ڕفێندراوەکانی ئێزیدی و ئەوەی تریش کەیسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانە کە بەڕاستی هەموو لایەک تا ئێستا لەم بارەیەوە کەمتر خەمە.”

ئاوارەکانی شنگال و ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە دەڤەرەکە لە دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا تێپەڕ دەبن بەڵام بەپێی ئەوان تا ئێستا هەرهیچ لە داواکارییەکانیان و ئەوەی کە پێویستە بۆ دەڤەرەکە و خەڵکەکەی نەکراوە کە ئەوانە زۆترین قوربانیان داوە لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش دا بۆ سەر ناوچەکە بە گشتی.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment