دەنگدانی تایبەت لە کەمپی ئاوارەکان بەڕێوە دەچێت

244416658_4181296771968333_8396752319561507076_n

سەعات ٧ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٨/١٠/ ٢٠٢١، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەشداری یەک ملیۆن و ١٩٦ هەزار و ٥٢٤ کەس کە لەنێویاندا ١٢٠ هەزار و ١٢٦ ئاوارە بوون دەستی پێکرد.

ئاوارەکانی شنگال ئەمە دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە لە کەمپەکان دا دەنگی خۆیان دەدەن بەو هیوایە کە نوێنەرانیان بۆ ئەم جارە باشتر کار لەسەر کەیسی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزاری و ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەسەر ئاستی جیهان بکەن.

هودا عومەر کچێکی ٢٣ ساڵی ئاوارەی شنگالە دەربارەی هەڵبژاردنەکان بە (چاوی خەڵک)ی وت” ئێمە هیوامان هەیە کە بە هەڵبژاردنی کەسی شایستە دەنگی ڕاستەقینەمان و ئاستی زوڵم لێکراوی میللەتەکەمان بە ئەنجومەنی نوێنەران بگەینێت و ببێتە دەنگی گەلەکەمان”.

هەروەها وتیشی، چەند کێشەیەکیش هەیە و زۆر کەس لە دەنگدان بێبەش بوون، چونکە وەکو پێویست کار لەسەرتۆمارردنی دەنگدەرانی ئاوارە لەنێو کەمپەکان دا نەکرابوو و هەروەها نەگرتنی پەنجەمۆری هەندێک کەس بووە کێشەی ئەوەی کە هەندێکی تر بێبەش بن.”

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێژەی بەشداری کردنی خەڵکی کە لە دەنگدانی تایبەت دا ڕێگەپێدراون لە سنووری پارێزگای دهۆک تەنیا ٣٢٪ بوو.

میران ئازاد ئاوارەیەکی تری شنگالە ئاماژە بەوە دەدات، کێشەی نەبوونی ناوی هەیە، چونکە تۆمار نەکراوە و بەمەش دەبێت ڕێگایەکی زۆر بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بڕوات دەنگی خۆی لە شوێنی نیشتەجێ بوونی کۆن بدات.

بەڕاستی دەبووایە باشتر ئامادەکاری بکرێت، چونکە بەم شێوەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاوارەکان لە دەنگدان بێبەش دەبن کە هەموو جارێک ئەم کێشە لەبەردەممان دروست دەبێت.

نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای دهۆک لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، ڕێژەی دەنگدان لە نێو کەمپەکانی ئاوارەکان ٦٢٪ و لە کۆی ٥٢ هەزار و ٢٦٠ دەنگدەران، ٣٢ هەزار و ٤٨٧ دەنگدەر دەنگی خۆیان داوە.

سەبارەت بە ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکانیش نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرا یکرد، ڕێژەی دەنگدان لە نێو ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان ٣٦٪ و لەکۆی ١٧ هەزار و ١٧٨ دەنگدەر تەنیا ٦ هەزار و ٢٢٨ـیان دەنگیان داوە.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment