کۆمەڵێک ژن خەریکی کاری هەویرکارین لەسنوری قەڵادزێ و خۆیان خزاندووەتە ناو جەرگەی بازاڕەوە، هاوشانی پیاوان دەستیان داوەتە کارکردن لەناو بازاڕی شارەکە.
کۆمەڵگەی خانمانی دەستڕەنگین، دەرگایەک بەڕوی دەستی کاری ژنانی سنوری قەزای پشدەردا کراوتەوە، کۆمەڵگەکە لە ئێستادا هەلی کاری بۆ ١٥ ژن ڕەخساندووە و لە هەوڵدان بەم نزیکانە ١٥ هەلی کاریتر بۆ ژنان بڕەخسێنن کە زۆرینەیان دەرچوی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانن.
حەلیمە ڕەسوڵ ژنێکی تەمەن٤٤ ساڵی شارۆچکەی قەڵادزێیە، ئەو چەند ساڵێک بەر لە ئێستا فەرمانبەری پەروەردە بووە، بەڵام بەهۆکاری تایبەتی خۆی وازی لە فەرمانبەری هێناوە و ڕویکردووەتە ئیشی ئازاد، ماوەی ٨ ساڵ لە ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی دژی خەتەنەکردنی مێینە و داکۆکیکردن لە ئافرەتان کاریکردووە، ماوەی ٢ ساڵیشە کۆمەڵگەی خانمانی دەستڕەنگینی لە شارۆچکەی قەڵادزێ دامەزراندووە و بەهۆیەوە بەشێک لە ژنانی شارۆچکەکەی لەخۆی کۆکردووەتەوە و هەلیکاری بۆ دابین کردون.
حەلیمە ڕەسوڵ سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی خانمانی دەست ڕەنگین بۆ (چاوی خەڵک) وتی “لەسەرەتادا کۆمەڵگەی خانمانی دەستڕەنگین لەڕێگەی ٤ ژنەوە بە نانکردن دەستی پێکرد، ویستمان کارەکەمان فراوان بکەین، بەڵام بەشێک لەو ئافرەتانەی کە ئامادەی کارکردن بون لەگەڵمان، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بون و پیشەی نانکردنیان نەدەزانی، بەشێکیشیان حەزیان بە نانکردن نەدەهات، بۆیە بیرم لەوە کردەوە کە ئەم کەسانە بخەمە سەر کار و بە کردنەوەی بەشی شیرینی لە کۆمەڵگەکەمان و نزیکەی ١٥ ژنم خستە سەر ئیش.”
دڵسۆزییان بۆ کارەکەیان و هەستی پێکەوەیی لەنێوان ئافرەتەکاندا، وایکردووە ڕۆژبەرۆژ کارەکانیان بچێتە پێشەوە، بەجۆرێک بەرهەمە شیرینییەکانیان سنورەکەی تێپەڕاندووە و گەیشتووە بە شارەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوکیش.
بە وتەی (حەلیمە ڕەسوڵ) سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەکە، بەهۆی زۆری خواست لەسەر جۆری شیرینییەکەیان، لە ئێستادا لەهەوڵی ئەوەداین کە بەشی شیرینی کۆمەڵگەکە فراوان بکەن و ١٥ ژنی تریش بخەنە سەر کار.
بەشێک لەو ژنانەی لە کۆمەڵگەکە کاردەکەن خولیا و بەهرەی تریان هەیە، بۆیە حەلیمە ڕەسوڵ نایەوێ دەستبەرداریان ببێت و پەرە بەتواناکانیان دەدات، هاوکار و یارمەتیدەریانە تا ئەو خولیا و ئارەزوانەیان کپ نەبێتەوە.
“ئەو خانمانەی لای من ئیشدەکەن بەشێکیان دەستڕەنگینن و جگە لەکاری هەویرکاری بەهرەی تریان هەیە، بۆیە نامەوێ هەر بەتەنها لە کاری هەویرکاریدا بیانهێڵمەوە، دەمەوێ ئەو خولیا و دەستڕەنگینییەی هەیانە ببێتە بزنس بۆیان، بۆنمونە دوو لەخانمەکانمان کە دەرچوی بەشی کشتوکاڵن، بەڵام دەستی بڕین و درومان (خەیات)یان هەیە، جۆرێک لە دەمامکی تایبەت و جیاواز دروست دەکەن، خەریکین کە کارگەیەکی دروستکردنی دەمامکیان بۆ دابمەزرێنین، هەروەها خانمێکی ترمان دەستی وێنەکێشانی هەیە و هاوکاریین بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانی” حەلیمە ڕەسوڵ وای وت.
جیهان محەمەد ماوەی ٩ ساڵە دەرچوی پەیمانگا بەشی ژمێریارییە، خولیای وێنەکێشانی هەیە، ئەو لە ئێستادا یەکێکە لە کارمەندانی کۆمەڵگەی خانمانی دەستڕەنگین، لەبەشی دروستکردنی کولێرەخانەکە لەناو بازاڕی شارەکە کاردەکات، کڕینی چەند کولێرەیەک لەو کولێرەخانەی کە ئێستا کاری تێدا دەکات دەرگای چونە ناو کۆمەڵگەکەی بۆ کردووەتەوە.
“لە زووەوە دەستی وێنەکێشانم هەبوو، بەڵام دەرفەتم بۆ نەڕەخسا پەرە بەو توانایەم بدەم، لەدوای تەواوکردنی خوێندن چەند خولێکی وێنەکێشانم بینی و چەند بڕوانامەیەکم وەرگرت، بۆ کڕینی کولێرە ڕوم لەو کولێرەخانەیەکرد پێشنیاری کارکردنم لەو کۆمەڵگەیە بۆکرا و بەخۆشحاڵییەوە قبوڵمکرد” جیهان محەمەد وای وت.
ئەو خانمە لەپاڵ کارکردن لە کۆمەڵگاکە دەستبەرداری خولیای وێنەکێشانەکەی نەبووە و دەیەوێت هەردو کارەکە بەیەکەوە کۆبکاتەوە، بەوتەی خۆی: “بۆ ئەم هەوڵەشی سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی خانمانی دەستڕەنگین هاوکار و یارمەتیدەری بووە و لەماوەی ڕابردودا گفتوگۆی بیرۆکەی خولێکی وێنەکێشانیان بۆ منداڵان تاوتوێکردووە، دوای خولەکە پێشانگایەکی وێنەیی بۆ منداڵەکان کردووەتەوە”
جیهان محەمەد وتیشی “کارکردنی من لەگەڵ بەشی کولێرەخانەی کۆمەڵگەکە لەناوجەرگەی بازاڕی شاری قەڵادزێدایە، هەوڵمانداوە ئەو کۆسپانە بشکێنین و سڵ نەکەینەوە و هاوشانی پیاوان کاربکەین لەناو بازاڕ، لەڕاستیشدا کەمترین گرفتمان بۆ دروست بووە و خەڵکی ناوچەکەش هانمان دەدەن”
بەهۆی خۆشەویستییان بۆ کارەکەیان و گونجاوییان لەگەڵ یەکتری لەناو کۆمەڵگەکە، سەرەڕای سەرقاڵی هەندێکیان بەکاری ترەوە، بەڵام ناتوانن دەستبەرداری کارەکانیان بن لە کۆمەڵگەکە.
شاجوان سدیق تەمەن ٢١ ساڵ یەکێک لە خانمەکانی تری کۆمەڵگەکە، خوێندکاری قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و یاریزانی لەشجوانی و کێش و قورساییە، لەپاڵ سەرقاڵی بەم کارانەیەوە، ڕۆژانە لە بەیانییەکی زووەوە ڕودەکاتە کۆمەڵگەی خانمانی دەستڕەنگین بۆ کارکردن لەگەڵ هاوڕێکانی تری.
شاجوان بۆ چاوی خەڵک وتی “ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کاردەکەم، بەجۆرێک لەکاتژمێر ٥ی بەیانییەوە ڕودەکەمە کۆمەڵگەکە و دەست بەکارکردن دەکەم تا ١٢ی نیوەڕۆ، دواتر دەگەڕێمەوە ماڵەوە و لەدوای پشویەکی کورت ڕودەکەمە هۆڵی لەشجوانی و کاتژمێرێک ڕاهێنان دەکەم، دوای گەڕانەوەم دەست دەکەم بە خوێندنەوەی ئەرک و واجباتەکانی ڕۆژانەی خوێندنگە، ئێوارانیش دەچم بۆ خوێندنگە تا کاتژمێر ٩ی شەو.”
“کۆکردنەوەی ئەم کارە جۆراوجۆرانە بەیەکەوە کەمێک ئەستەم و ماندوکەرە، بەڵام لەڕوی دەرونییەوە (حەلیمەخان) زۆر هاوکارمەر و هانم دەدات تا ئەمساڵ نمرەی باش بەدەست بهێنم و خوێندنەکەم تەواو بکەم” شاجوان سدیق وای وت.
چاوی خەڵک/ تایبەت