ژنان و کچانى شنگال نانەواخانە و چێشتخانەکانى شاریا بەرێوەدەبن

243250413_271877128018691_7333589290360910594_n

شەش نانەواخانە و زیاتر لە چوار چێشتخانەى کۆمەڵگەى شاریا لەلایەن ژنان و کچانى ئاوارەیى قەزاى شنگال بەرێوە دەبرێن، دانیشتووانى شاریا وێڕاى ئەوەى زۆر لە ئیشەکەیان ڕازین لەهەمانکاتدا دڵخۆشن کە بژێوى خێزانەکانیان دابین دەکەن.

هەدیا عەلى، خەڵکى گۆندى خانەسورە سەر بەقەزاى شنگال، تەمەن ٣٠ ساڵە، یەک منداڵى ١٠ ساڵ هەیە، ماوەى سێ ساڵە لە ژێر خێوەتێکدا لەناو کۆمەڵگەى شاریا لەگەڵ هاوسەرەکەى دەژی بە ( چاوى خەڵک )ى وت “لەبەر هەژارى و کەمى دابەشکردنى هاوکارى ماوەى سێ ساڵە وەک کرێکار ( عامل) لەنانەواخانەیەک لە ناوەندى شاریا ئیش دەکەم. رۆژانە لە کاتژمێر ٥ ى بەیانى تا شەشى ئێوارە لە نانەواخانەین ، مانگانە ٣٠٠ هەزار دینار وەردەگرم ”

هەدیا عەلى ماوەیەک پێش ئێستا توشى نەخۆشیەک بووە ،نزیکەى ٥ ملیون دیناری بۆ پزیشک و وەرگرتنى دەرمان قەرزکردوە “سۆپاس بۆخوا ئێستا دۆخى تەندروستى من باشە بەڵام زۆر قەرزارم ، پیاوەکەم هیچ مووچەیەکی نیە ئەگەر ئیش هەبوو کرێکارى دەکات، ڕاستە ئێمە تەنها سێ کەسین بەڵام خەرجى رۆژانەمان پێویستى بە پارەیە، ئیشکردن هیچ شەرم نیە بەشانازیەوە ئەم ئیشەیە دەکەم، دانیشتوانى شاریا زۆر رێز لە ئێمە دەگرن ، هیچ پیاوێک لەگەڵ ئێمە ئیش ناکەت هەموومان ژن و کچین. ”

 

ئەحلام ئەمین چولو ، خەڵکى ناوەندى قەزاى شنگالە ، تەمەن ٢٢ ساڵ ،سەرپەرشتى چێشتخانەیەک لەناوەندى کۆمەڵگەى شاریا دەکات بە ( چاوى خەڵک )ى وت “ماوەى دوو مانگە سەرپەرشتى چێشتخانەیەک دەکەم ، من و کچێکى تر پێکەوە ئیش دەکەین ،چەند جورێک لە لەفەى ( مریشک ، فەلافل ) ئامادە دەکەین، رۆژانە سەرووى ١٢٠ لەفە دەفرۆشین، دانیشتووانى شاریا و دەوروبەرى سەرەدانمان دەکەن بۆ خواردنى لەفە و خواردنى تر.”

ئەحلام ئەمین چولو ، پێنج و خۆشک و برایەکى هەیە، ئەو لە هەموویان گەورەترە ، بەشێک لە پارەى بژێوى خێزانەکەى خۆى دابینی دەکات ،بەهۆى چەند هۆکارێکى خێزانى نەیتوانیوە بەردەوامى بداتە خوێندنەکەی، بەنیازە ئەم ساڵ بەشداربێت لە تاقیکردنەوەکانى قوناغى سێى ناوەندى.

” حەز ناکەم لەناو خێوەتدا و بەبێ ئیشکردن دابنیشم، زۆر هەوڵمدا لەگەڵ رێکخراوێک ئیش بکەم بەڵام بە دەستم نەکەوت ، ئێستا خاوەن ئیشم و مانگانە بڕێک پارە بۆ خەرجى خێزانەکەم دابین دەکەم و بەشەکەى تر بۆ پێداویستى خۆم خەرج دەکەم. شەش نانەواخانە و زیاتر لە چوار چێشتخانە لەلایەن ژنان و کچانى قەزاى شنگال لە شاریا بەرێوە دەبرێن، ژنان و کچانى شنگال بەهێزن و هەموو کات دەیانەوێت لە دەرەوە ئیش بکەن و پارە بۆ خۆیان و خێزانەکەیان دابین بکەن “ئەحلام ئەمین وا دەڵێت.

 

خەلەف عەلى ،تەمەن ٦٠ ساڵ ،زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەناوەندى شاریا دەژیت، ئەو باس لە ئیشکردنى ژنان و کچانى ئێزیدى دەکات بە ( چاوى خەڵک)ى وت “هەر لەکۆنەوە ژنانى ئێزیدى بەناوبانگن بۆ دروستکردنى هەموو جورە نانێک، جیاوازى لەنێوان پیاو و ژن ناکەین ، ئەگەر ژنێک یان کچێک بیەوێت لە دەرەوە ئیش بکات ،هیچ رێگرى لێ ناکەین بەپێچەوانەوە پشتگیرى و هاوکاریش دەکەین ،ئیشى ژنان زۆر پاکتر و رێکو پێکترە لە پیاوان بەتایبەت لە دروستکردنى نان و خواردن ، ژنانى شاریا نانێکى زۆر جوان و خۆش دروست دەکەن ،هەموو رۆژ نان و سەمون لەو نانەوانەخانە دەکرین کە ژنان و کچان بەرێوە دەبن ”

خەلەف وتیشى ” ئەو ئیشانەى ئەوان دەکەن پیاو ناکەن، ئەگەر بیکەنیش وەکۆ ئەوان پاک و جوان دروست ناکەن، شانازى بەو ژن و کچانە دەکەین، هیوادارین نموونەیان زۆربێت ، زۆرینەیان خەڵکى شنگال و ئاوارەن ، پێویستیان بە پارە هەیە بۆیە ئەو ئیشەیە دەکەن “.

لەیلا ئەحمەد، خەڵکى کۆمەڵگەى دوو گرێ یە سەر بەقەزاى شنگال، چوار و برا خۆشکێکى هەیە، حەوت ساڵە لەژێر خێوەتێکدا لەکۆمەڵگەى شاریا دەژیت بە( چاوى خەڵک )ى وت” ئەم ساڵ لە قوناغى دەیەمى دواناوەندیم بەشى زانستى، لەوەرزى هاوین و لەکاتى پشووى خوێندنگە ئیش دەکەم ، رۆژانە لە کاتژمێر ٥ى بەیانى تا ٦ ئێوارە ئیش دەکەم ، مانگانە ٣٥٠هەزار دینار وەردەگرم، نانێکى زۆر پاک و جوان دروست دەکەین، خەڵکێکى زۆر سەرەدانمان دەکەن، چوار تا پێنج کچین پێکەوە ئیش دەکەین.”

“خەڵکى شاریا زۆر رێز لە ئێمە دەگرن ،تا ئێستا تۆشى هیچ کێشەیەک نەبووین، بکڕەکانمان زیاتر خەڵکى شاریا و کەمپن ، زۆر لە ئێمەڕازین، گرنگترین شت لاى ئێمە پاک و خاوێنى دوکانەکەیە لەگەڵ ئەو نانەى دروست دەکەین و هەموو مەرجەکانى تەندروستی جێبەجێ مانکردوە ”

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment