دوو کچ پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان لە شنگال دەکەنەوە

Untitled design (14)

جیلان خەلاف موراد و زەهرا حەیدەر، دوو هاوڕێن لە قەزای سنونێی شنگال لە بەهاری ئەمساڵەوە دوکانێکی دروستکردنی شیرینی و خواردنە خێراکانیان کردۆتەوە و رۆژانە ٢٠ هەزار دینار قازانج دەکەن و دڵخۆشن چونکە خاوەن کار و پرۆژەی تایبەت بە خۆیانن.

جیلان خەلەف تەمەنی ٢٤ ساڵان بە “چاوی خەڵک” دەڵێت ” باوکم هەر زوو مرد بۆیە باری گران کەوتە سەر شانم و هەر زوو دەستم بەکار کرد. ماوەی سێ ساڵ لە دوکانێکی دروستکردنی شیرینی کارم کردووە بەڵام حەزم لەوەبوو بیبەم بە خاوەنی کاری تایبەتی خۆم بۆ ئەوەی بتوانم باشتر هاوکاری خانەوادەی خۆ بکەم.

“بەهۆی ئاوارەیی و خراپی باری گوزەرانی خێزانەکەم نەمتوانی درێژە بە خوێندنەکەم بدەم بەڵام هەمیشە بە هیوابووم ڕۆژێک کارێکی باش بکەم.  و لە پاشەڕۆژ دا چاومان لەوەیە کە ئەم پڕۆژە گەورەتر لێ بکەین.” جیلان وای وت

 

 

لە دوکانەکەیاندا شیرینەکانی وەکو کێک و کولیچە و پاقلاوە و خواردنە خێراکانی وەکو پیتزا و هەمبەرگر و لەحم عەجین و هەندێک خواردنی تر بەردەست دەکەوێت، بەڵام کرێی مانگانەی ئەم دوکانە کە ملیونێک دیناری عێراقی یە و ئەمەش باری ئەوانی قورس کردووە.

زەهرا حەیدەر ٣٠ ساڵان و هاوپیشەی جیلانە لەم دوکانەدا وتی “ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە توانیومانە ئەم کارە پێکەوە بە تەبایی و سەرکەوتووی تا ئێستا بەڕێوەببەین کە شوکر بۆ خوا خواستی باش لەسەر کارمان هەیە و زیاتر ئێمە لەسەر داواکاری و خواستی کڕیار کار دەکەین و هیوادارین لە پاشەڕۆژدا باشتریشی بکەین”.

زەهرا ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئێستا هیچ لایەنێک نە ڕێکخراوەکان و نەک حکومەت بە شتێکی سادەش هاوکارییان نەکردووین ئەگەر ئەو لایەنانە هاوکاریمان بکەن بە دڵنیاییەوە کارەکانمان باشتر دەبێت و دەتوانین شوێنی گەورەتر بکەینەوە و کاری تێدا بکەین.

پاش ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، ژمارەی کارکردنی ژنان لە دەڤەرەکە زیادی کردووە بەجۆرێک لە بازاڕی شنگال و ناوچەکانی سەری دەوروبەری نزیکەی ٢٥٪ لە خاوەن دوکانەکان لە ڕەگەزی مێن.

 

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment