چنور حەمە تۆفیق شەریف، وەک موختار لە سلێمانی کاردەکات، و یەکەم ژنە موختارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی چوار ساڵ جارێک کەسێکی نوێ بۆ پۆستە دادەنرێت، ئەو ٨ ساڵە لە سلێمانی لەو پیشەیەدا کاردەکات و گەڕەکی کورد سیتی یەک و دوو، هەروەها بەوەکالەت کاروبارەکانی (سائیب سیتی، دییە سیتی، لوبنان سیتی و گەڕەکی جیهان)یش بەڕێوە دەبات.
چنور بە( چاوی خەڵک)ی وت”سەرەتا کاری موختاری نەک لای خەڵک بگرە لای ماڵی خۆشمان نامۆ بوو، پێیان دەوتم ئەو کارە نەکەم، هەروەها هاوڵاتیانیش کاتێک دەهاتن بۆلام زۆر پێیان سەیر بوو ژنێک موختار بێت، تەنانەت جارێکیان پیاوێک هات پێی وتم من ژنم دیووە بەس قاپ بشوات نەک ئەوەی موختار بێت.”
هاوڵاتیان ئەو کاتەی یەکەمجاریان بوو مامەڵە لەگەڵ موختارێکدا بکەن ژن بێت، کاتێک دەچون بۆ لای چنور بۆ کاروبارەکان زۆریان پێ سەیر بووە و بەردەوام پرسیاری ئەوەیان لێکردووە بۆچی ئەو ئیشەی هەڵبژاردووە، یاخود کاتێک هاوڵاتی عەرەب سەردانی کردووە بۆیان شتێكی نوێ بووە، چونکە پێیان وتووە لای ئێمە وا باوە کە موختار جگە لەوەی دەبێت ڕەگەزی نێر بێت، دەبێت بەتەمەنیش بێت.
“ئێستا پێم دەڵین خۆزگە هەموو موختارەکان ژن دەبوون، چونکە لە کارکەی منەوە بینیویانە چۆن ژن کارەکان بە وردی و باشتر بەڕێوە دەبات و لەهەمان کاتدا پیاوەکان کارەکانیان لێ سەخت دەکەن.” چنور وای وت.
چنور جەختی لەوە کردەوە ئەو ئیشە قورسی زۆری تێدایە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە نەتوانین بیکەین، ڕاستە تا ئێستا تەنیا پیاوان لەو بواردا کاریان کردووە، بەڵام دەشکەوێتەوە سەر تواناو جۆری بیرکرندەوی ژنانیش چۆن بتوانن لەو کارەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
جگە لەوەی ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی ئەو موختار دەکەن بۆ وەرگرتنی پشتگیری بۆ فەرمانگە و دامودەزگاکان، چنور بەمەبەستی کارکردن پێویستە سەردانی پارێزگای سلێمانی ئاسایش و قائیمقامییەت بکات، هەروەها لەکاتی بوونی هەر کێشەیەک لە سنورەکەی ئەودا، هاوڵاتیان داواکاری پێشکەش دەکەن و چنور دوای ئەوەی ڕاو سەرنجی خۆی لەو بارەیەوە دەنوسێت، داواکارییەکە دەگەیەنێت بە لایەنی پەیوەندیدار.
چنور دەڵێت” یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە لەم سنورە نزیکە ٥ هەزار ماڵ دەبین، بەڵام هیچ خوێندنگەیەکی لێ نەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی چەندینجار داواکاریم پێشکەش کردووە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکان ڕاگیراون ئەو کێشەیە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.”
چنور ئەوەندە ئاسودەیە لەکارەکەی، بەو هۆیەی لە کارەکەی سەرکەوتووبووە، ئەو هەوڵی جدی دەدات بۆ ئەوەی ئەگەر بگونجێت دوای تەواو بوونی ماوەکەی کە موختارە، ئەگەر بگونجێت ٤ ساڵیتریش نوێ بکرێتەوە بۆی، تاکو زیاتر خزمەتی هاوڵاتیان بکات.
چنور دەڵێت” دوای ئەوە من بووم بە موختار، ژنان زۆر لەو بواردا هاتونەتە پێشەوە، هەروەها پێشیان وتوم کە من هاوکاریان بکەم چۆن دەست بکەنبەو کارە، بەڵام کاتێک دێیتە ناو ئەو ئیشەوە دەبێت سەرەتا لە قائیمقامێتەوە دەست پێبکەیت و دواتر پێویستە سەردانی پارێزگا، ئاسایس، فەرمانگەی بەڵگەو تاوان بکەیت، کاتێک ژنان ئیشی ئەو شوێنانەی تێدەکەوێت، بەداخەو دەترسن و دەگەڕێنەوە دواوە، بەڵام من لێرەوە پێیان دەڵێم ئەگەر بتەوێت کارێک بکەیت، توانای ژنان هیچی کەمتر نییە لە پیاوان.”
چاوی خەڵک / تایبەت