لیژنەی مافی ژنان لەماوەی شەش مانگدا هیچ بەدواداچونێکی نەکردووە

photo_2021-09-30_13-08-05

بەگوێرەی راپۆرتێکی چاودێری کاروباری پەرلەمان هەردوو لیژنەی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان لە ماوەی شەش مانگدا هیچ لێکۆڵینەوە، بەدواداچوونێکیان ئەنجامنەداوە.

ئەنستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێکی نوێی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کاروباری پەرلەمانی لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە چالاکییەکانی لیژنە هەمیشەییەکان کراوە.

لیژنەی پەیوەست بە مافی مرۆڤ

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە ماوەی شەش مانگدا سێ پێشنیازە یاسای ئاراستەکراوە و لەو ژمارەیە تەنها یەک پێشنیازە یاسا راپۆرتی لەسەر ئامادەکراوە.

لیژنەی ناوبراو لە ماوەی شەش مانگدا تەنها هەشت کۆبوونەوەی ئەنجامداو و سەرجەم کۆبوونەوەکانیش بە مەبەستی (گوێ لەیەکگرتن و پێشوازیی) بووە.

لیژنەکە لەو ماوەیەدا تەنها سێ سەردانی مەیدانی ئەنجامداوە و نەیتوانیوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هیچ کەیسێک بکات، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ، دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە ئاستێکی نالەباردایە.

لەو شەش مانگەدا رووینەداوە هیچ وەزیرێک لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکەدا ئامادە بێت و هیچ لیژنەیەکی لاوەکیش بۆ راپەڕاندنی کارەکانی لیژنە هەمیشەییەکە پێکنەهاتووە.

لیژنەی پەیوەست بە مافی ژنان

بەگوێرەی راپۆرتی ئەنستیوتی پەی کە هەڵسەنگاندنی بۆ کاروباری پەرلەمان لە شەش مانگدا کردووە، لیژنەی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لەو ماوەیەدا هیچ پڕۆژە و پێشنیازێکی ئاراستە نەکراوە و راپۆرتی لەسەر هیچ پێشنیازە یاسایەک ئامادەنەکردووە.

لیژنەکە شەش کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و چوار لەو کۆبوونەوانە بە مەبەستی (گوێ لەیەکگرتن و پێشوازی) بووە و تێیاندا پێشوازی لە ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی بواری ژنان کراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە لیژنەی (داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت) لەماوەی شەش مانگی ئاماژەپێکراودا هیچ بەدواداچوون، لێکۆڵینەوە و سەردانی مەیدانی ئەنجامنەداوە و هیچ لیژنەیەکی لاوەکیشی بۆ راپەڕاندنی کارەکانی پێکنەهێناوە.

لیژنەکە لەو ماوەیەدا چوار جار پێشوازی لە وەزیرەکان کردووە و هەریەک لە وەزیرەکانی؛ داد، ناوخۆ، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوقاف لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکەدا بەشدارییان هەبووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ماوەی شەش مانگی ئاماژە پێکراودا، دەبوو لیژنەکان ٤٩ راپۆرت ئامادە بکەن بەڵام تەنها ٢٠ راپۆرتیان ئامادەکردووە و ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان پێشێلکاریی پەیڕەوییە.

“سەرۆکی پەرلەمان و لاوازیی پەرلەمان”

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند کە ئەو زۆرینەیەی لە پەرلەماندا بڕیار دەدات زۆرینەیەکی موزەیەفە و بە ساختەکاری دروستبووە.

سەروەر عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ئەنستیوتی پەی لە میانی راگەیاندنی راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکرد “قسەی سەرۆکی پەرلەمان راستە کە زۆرینەیەکی موزەیەف لە پەرلەماندا هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە خودی سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی ئەو زۆرینەیە بووە بە سەرۆک”.

وتیشی “لاوازی هەر دامەزراوەیەک بەشێکی پەیوەندی بە لاوازیی کەسی یەکەمی دامەزراوەکەوە هەیە، سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکی باڵاترین دامەزراوەی هەرێمە، بەڵام دەبینین لەکاتی پێشوازی لە شاندەکاندا دەچێتە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنەی وەزیران و تەنانەت لای ئەو کەسانەشی کە ناوی مەرجەعیان لێنراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەنگی پەرلەمان دەبێت”.

ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەمە و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستبەکاربووە و ئێستا نزیکەی ساڵێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی خولەکە.

چاوی خەڵک /تایبەت

Leave a comment