تەیبە؛ لە ٩٥ساڵیشدا قبوڵی ناکات خانەنشین ببێت

IMG_20210919_113520_744

تەیبە حەمە عەلی ٩٥ساڵان زۆری تەمەنەکەی ڕێگر نەبووە لە کارکردن. نزیکەی هەشتا ساڵە بە گوڕو هێزەوە کاری دروستکردنی هیزە دەکات بۆ کڕیارەکانی.

تەیبە حەمە عەلی خەڵکی گوندی کانی ئێسکانی سەر بە قەزای سەیدسادقە و لە ئێستادا لە سەیدسادق دادەنیشێت، لەتەمەنی لاوێتیەوە دەستی بەکاری دروستکردنی هیزە کردووە، وەک خۆی دەڵێت لە دایکیەوە فێری کارەکەی بووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

تەیبە دەڵێت” لەتەمەنی ١٥ساڵیەوە سەرقاڵی دروستکردن و خۆشکردنی مەشکە و مێخەک و هیزەو کونە بووم کە لە پێستەی ئاژەڵ دروست دەکرێن، لەئێستادا تەنها کاری دروستکردنی هیزە دەکەم  کە پێشی دەڵێن خیگە. حەزی زۆرم بۆ کارەکەم وای کردووە گەر هەموو ڕۆژ پێستەیەک هەبیت کاری لەسەر بکەم و هیزەکان دروست بکەم.”

وەک خۆی دەڵێت ئەو پێستەکان ناکڕێت تە نها دۆست و هاوڕێکانی بۆی دەهێنن یان کەسێکی نزیکی ئاژەڵ سەر ببڕێت ئەوا بێبەرامبەر پێی دەبەخشن.

تەیبە خان، لەبەردەم ماڵەکەیدا دانیشتووە

تەیبە لەماڵێکی بچوک کە لەژوورو هۆڵێک پێک دێت  بەتەنیا دەژی، کاتێک چوین و ویستمان گفتو گۆبکەین لەسەر کارەکەی  لە بەردەرگای خانوە بچوکەکەی لەگەڵ ژنانی گەڕەک دانیشت بوو، دوای سڵاوکردن بۆ ژوورە بچوکەکەی پشتەوەی ماڵەکی فەرمووی لێ کردین لەسەر دۆشەکێکی مەیلەو قاوەیی دانیشتین کە بەرامبەرمان سەماوەرێک و چەند پیاڵەیەکی لیبوو. لەسەر چۆنییەتی دروستکردنی هیزەکانی تایبەت بە (چاوی خەڵک)ی وت “سەرەتا هیزە وەک گۆزەیەکە کە ڕۆنی کوردی تێدەکەن ولە پێستەی  ئاژەڵ دروست دەکرێت، ئێستاش شەیدایانی  بەرهەمە کوردەوارییەکان زۆرن، ئەگەر دۆببێت ئەوە بە دۆ و ئارد پەروەردەی دەکەم یان شەلەم پەروەردەی دەکەم.”

سەرەتا توکەکە لە پێستەکە دەکەمەوەلە جێگەیەک کە  بۆنی بەسەر کەس نەڕوات، پاشان  خوێی پێوەدەکەم دوڕۆژ دایدەنێم بە خوێکەوە، دواتر پاکی دەکەمەوە پاشان ئاردو خوێ تێکەڵدەکەم پێوەی دەکەم  ئەویش بۆ ماوەی دوو شەو دایدەنێم دوای ئەوە شەلەم یان دۆینەی بۆ دەکوڵێنم و پێوەی دەکەم و ئینجا دەی شۆرم بە ئاو. پاشان توی بۆ دەکوڵێنم تا ڕەنگی جوان بێت و بۆنی خۆش بێت. هەندێک ترشی پێدا دەکەم و بۆ ماوەی چەن شەوێک دایدەنێم تا ئامادە دەبێت.”

هیزەکان بەهۆی دۆشاوی تووەکەوە هەم بۆنیان خۆش دەبێت و هەمیش تامی ڕۆنەکە خۆشتر دەکات. بە گوێرەی گەورەو بچوکی پێستەکە ژمارەی هیزەکانی لێ دروست دەکرێت، وەک تەیبە دەڵێت: گەر پێستەکە گەورە بو دەیکەم بە دوو هیزە یان سیان بچوکیش بو دەیکەم بە یەک هیزە.

تەیبە بەردەوامە لە قسەکردن بۆ  (چاوی خەڵک)و وتی: تاوەکو هیزەیەک دروست دەبیت یەک مانگی پێدەچێت، چونکە زەحمەتی زۆرە ،دەبێت  وەک منداڵ پەروەردەی بکەم زۆر بە جوانی. گەر پێستەکەم لەبەردەست بێت ئەوە لەمانگیکدا دەتوانم دوو بۆ سی هیزە دروست بکەم.”

لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستان بەتایبەت پارێزگای سلێمانی داوای هیزەکەی تەیبە دەکەن و خواستی کڕینیان هەیە.

تەیبەی ٩٥ ساڵ زیاتر کاتەکانی لەگەڵ سوڵتانی دراوسێی بەسەر دەبات و ئەو لەماڵەکەی خۆیدا کارەکەی دەکات و گەر بێتاقەت ببێت لەگەڵ سوڵتان چایەک بە سەماوەرەکەی لێدەننێت و دەیخۆنەوە.

تەیبە خان و هاورێکەی سوڵتان خان لەکاتی کارکردن

تەیبە باسی نرخی هیزەکانی بۆ کردین و وتی “نرخەکان بەپێی گەورەو بچوکی جیاوازە و لەبەر زەحمەتی زۆر و دەگمەنی کارەکە کەمێک نرخەکان گرانن بۆ ئێستا، نرخی یەک هیزەی بچوک ٣٠هەزارەو گەورەکانیشی لەوە زیاترن. سەرەڕای گرانی هەندێک کەس حەز بە خواردن و کەلوپەلی کوردەواری دەکەن بۆیە لەهەر کوێیەک دەستیان بکەوێت دەیکڕن.”

ھیزە یان خیگە دەفرێکی چەرمینە، لە پێستی خۆشەکراوی مەر دروست دەکرێت،کە لاشەکەی لە ملەوە بەساغی، بێ ئەوەی پێستەکەی پارچە کرابێت، دەرھێنراوە و  شلە. وە بەتایبەتی ڕۆن و چەوری و دۆشاوی تێدا هەڵدەگیرێت.

جیاواز لە هیزە هەر لە کۆندا لەلایەن ژنانی دەست ڕەنگین چەندین شتی جیاواز لە پێستەی ئاژەڵ دروست دەکراو تا ئێستاش هەندێک لە ژنان بەردەوامن لە دروستکردنی کەلوپەلەکانیان لە پێستە.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment