هۆبەی ڤێتێرنەری شارەزوور، لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت

IMG_9357

هۆبەی ڤێتێرنەری شارەزوور لە سەدا ٩٨%ی کارمەندەکانی لە ڕەگەزی مێیە، ئەوان پزیشکانێکی سەرکەوتوو متمانە پێکراوی خاوەن ئاژەڵەکانن، لە هەمان کاتدا بە هاوکاری ٢%ی پیاوانی هۆبەکە کارەکانی تری هۆبەکە بەڕێوە دەبەن.

د. شەهلا حەکیم، لێپرسراوی ھۆبەی ڤێتێرنەری شارەزوور باس لە ئیدارەدانی هۆبەکەیان دەکات لەگەڵ ئاستەنگ و وردەکاری کاری پزیشکی ڤێت لە دەڤەرەکە و بە (چاوی خەڵک)ی ڕاگەیاند” لەبەر ئەوەی پزیشکانی ڤێتی هۆبەی شارەزوور وەکو گروپ بێ جیاوازی کار دەکەین، ئەرکەکانمان بریتییە لە بینینی ھەموو جۆرە کەیسێكی ئاژەڵ لە ناو هۆبە و دەرەوەی هۆبە، هەروەها دەستنیشانکردن و سەردانیکردنی ئاژەڵی نەخۆشە بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان لەگەڵ کوتان و هۆشیارکردنەوە.”

د. شەهلا دەڵێت” لە هۆبەکەدا گروپێکمان پێکهێناوە وەکو خێزانێکین و تەواوکەری پیشەی یەکترین، تەنها لە سەدا ٢%ی پیاوە بە خۆشحاڵییەوە پیاوەکانیش زۆر کار ئاسانن بۆ ئێمە، چارەسەر کردنی ئاژەڵ دەرون ئاسودە دەکات.”

 

بە پێی ئامارەکانی هۆبەی ڤێتێرنەری شارەزوور لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ هەڵمەتی ڤاکسینکردن بۆ ٧٣ هەزار ٩٣٩ سەر ئاژەڵ کراوە بەڵام بەهۆی خراپی بار و دۆخی ئابوری هەرێم ڕێژەکە ڕووی لە کەمی کردوە.

هاوکات ھۆبەکە  نزیکەی ٢٠ فەرمانبەرن نزیکەی ١٥ فەرمانبەریان ژنن لە بوارەکانی پزیشکی گشتی و یاریدەدەری پزیشکی و ئەندامی لیژنە، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەك خۆبەخش کە هەشت کەسن چواریان خانمن.

” ستراتیژیەتی کارمان ئەوەیە کە ھەم مێشکمان ھیلاکە ھەم جەستەمان، دەبێیت بزانین کە چۆن بگونجێین لەگەڵ چینەکان، ساڵانی پێشو هۆشیاری خەڵک لە دەڤەرەکە ئێجگار کەم بوو، بەڵام لە ئێستادا خەڵک و حکومەت گرنگیەکی تایبەتی پێدەدەن، میدیاش گرنگی ڤێتی نیشانداوە.”

ناساندنی ڤێت ساڵانی پێشو کارێکی سەخت بووە، چونکە بە هەموو چینێک دەوترا (دکتۆر) لەبەر ئەوەی بەشەکانی ئەو بوارە جیانەکراۆوە، بەڵام بەهۆی زیادبونی ژمارەی پزیشک و زانکۆکان لەگەڵ کلینیەکەکان ڤێت ناسێندرا.

” پێداویستیەکان کەمن و دەرمان وەکو پێویست نیە، بایکۆتمان نەکرد کار و چالاکیەکان بەردەوام بوون، نەشتەرگەرییەکان پارەیەکی دیاریکراو وەردەگیرێت ئەویش ١٠ ھەزاری پسوڵە، ھیچ گۆشتێك بێ مۆری هۆبەکە ناچێتە بازاڕەوە.”  لێپرسراوی هۆبەی ڤێتەرنەری وای وت

شارەزوور دەوڵەمەندە بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر، لە ٣١ هۆبەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی هۆبەی شارەزوور یەکێکە لە هۆبە چالاکەکان کە خزمەتگوزراییەکانی بۆ ٤٣ گوندی دەڤەرەکە و ٢٢ کێڵگەی پەلەوەرییە لەگەڵ یەک کوشتارگەی کەرتی تایبەت.

د. شارا مەحمود جگە لەوەی پزیشکە لە هۆبەی ڤێتێرنەری شارەزوور، نزیکەی ١٠ ساڵیشە لەو بوارەدا کاردەکات، خاوەنی چەندین پڕۆژەیە و سەرۆک و ئەندامی بەشی ژینگە دۆستی و ئاژەڵ دۆستییە.

د. شارا تەمەنی ٣٥ ساڵە، ئامانجی خزمەتکردنی ئاژەڵی سەر شەقامە بۆ (چاوی خەڵک) وتی” ئەوانەی ڤێتن دەبێت فریشتە ئاسا بن، وە دەبێت خانم سیفاتی پیاوانەی ھەبێت و لەگەڵیشیدا سیفاتی مێینە بون و بەسۆزی فڕێنەدات، ڕۆژانی ئاسایی نابینرێین بە مکیاجەوە تەنها ڕزگارکردنی حاڵەتەکەمان بەلاوە گرنگە.”

بە وتەی د. شارا پزیشکەکان دەبێت زمانی ئاژەڵان بزانن و نەرم و نیان بن، وە ھاشتاگ پێویستە هەبێت، ئەو خاوەنی چەندین هاشتاگە لە فەیسبوك تا خەڵک لەو مۆدێلە چاولێکەرییە دوور بخاتەوە کە ئاژەڵ مۆدێل نیە بەڵکو ڕۆحە،کاتێکیش ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت ئاژەڵ بەخێوبکەن پێیان دەڵێت “سەگ یان پشیلەی شەقام ھەڵبگرنەوە، کەسەکان لە وەڵامدا دەڵێن؛ ئەو ئاژەڵەیان جوان نییە و نامانەوێت، هەر بۆیە شارا ئەو وتەیە دووبارە دەکاتەوە کە ئاژەڵەکان بۆ سناپکردن نین.”

” لە پیشەی ڤێتدا ھەڵسوکەوت لەگەڵ چینێکدا دەکەین زمانی نیە، دەبێت ناسکی بەلاوە بنرێت، ئەگەر ئامادەیت تێیدا نیە بەو ھەستەوە کار بکەیت پێویست ناکات بێیت بۆ پارچە کاغەزێك، کورسی بگریت.” شارا وای وت

بە وتەی شارا کاری ڤێت بۆ ژنان سەخت نیە، لەکاتی ھەڵمەتی کوتانەکان یاخود نەشتەرگەرییەکان توشی چەندین ڕوداوی ھێرشی بەرانەکان بوونەتەوە، لەوانە شاخی ڕەشە وڵاخ یان دەرزی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ڕان و قاچ ودەستیان تەنانەت توشی شکاوییش بونەتەوە، لەو کاتەدا نابێ بیر لە گریانیش بکەنەوە.

د. شارا دەڵێت” زۆر گریاوم بۆ ئاژەڵ کە نەمتوانبێت ڕزگاری بکەم، بە تایبەت ئاژەڵی سەر شەقام، دڵخۆشی من بەندە بە ھاوکاری خێزانم و ھاوسەر و منداڵەکانم لەگەڵ کۆڵنەدانی خۆم، چونکە ھەر کارێکی جوانم کردبێیت کچەکەم بە وێنەیەك ئاماژەی بەو کارەم کردووە، دەڵێت؛ (دایکم خۆشبەختترین کەسە، چونکە ھەموو ئاژەڵەکانی جیھان ھاوڕێیەتی).”

یشەی ڤێت خولیای شارا بوو بۆیە کارەکەی خۆشدەوێت، پێش ئەوەی دەست بکات بەکاری ڤێت ھەموو زانیارییەکی لەسەر بوارەکەی ھەبووە، بەڵام ئەو نیگەرانە لەوەی ڕۆحی ئاژەڵان بووە بە جوانی و مۆدێلات.

لە میانی گرانی پیشەی ڤێتدا کۆمەڵێک بەربەست پیشەکەی گرانتر کردووە، ئەوانەش داخراوی ناوچەکە و گرنگی نەدان بە ڕۆحی ئاژەڵ و کەم نرخاندنی پیشەکە لەگەڵ تێنەگەشتنی خەڵکەکە لە وشەی ڤێتێرنەری.

سەلام حەمە یاریدەدەری پزیشکە لەو هۆبەیە و کاری پزیشکە ژنەکان بەرز دەنرخێنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە پیاوان مێشکیان ھیلاکتر و توڕەن بە پێچەوانەی خانمانەوەن، مامەڵەکردن لەگەڵ چینێک دەکەن کە هەمیشە ماندوون لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر ئەوەش سۆز و هێمنی دەوێت، هەر بۆیە خانمان لە توانایاندا هەیە.

“پیشەمان هاوکاری کردنی پزیشکەکانە و دەرچونە لەگەڵ تیمەکانمان، هەر شتێک پەیوەندیداربێت بە ئاژەڵ و پەلەوەر و شیرەمەنی بەشدارین، کارەکان زۆر بە باشی ڕایی دەبێت لەگەڵ خانمانی هۆبەکەمان چونکە لە ڕووی پیشەی پزیشکییەوە لە پزیشکی پیاوان سەرکەوتوترن لەبەر ئەوەی بە سەلیقە و وردن.” سەلام حەمە وای وت

سەلام حەمە بە( چاوی خەڵک)ی وت” وەکو خێزانێکی یەکگرتوو توانای بەرگە گرتنمان ھەبووە، داواکانی هۆبەکەمان بۆ سەرو داواکاری خەڵکی دەڤەرەکەیە، چونکە ئێمە خزمەت دەکەین بەو چینە، ماندوترین کارمان هەڵمەتی کوتانەکانە لە بەیانیان ھەتاوەکو ئێوارە بەردەوامین، ناتوانین نەشتەرگەری بکەین تەنیا یاریدەدەری پزیشکین.”

هەر بە پێی ئەو ئامارە لە مانگی یەک تا مانگی نۆی ئەمساڵ نزیکەی ٣٠ نەشتەرگەریی ئەنجامدراوە و ٤٦٦ سەر ئاژەڵ چارەسەر کراوە، بە پێی ئاماری ڕاپۆرتی کوشتارگەی سەر بە هۆبەکە لە مانگی یەکەوە تا مانگی نۆی ئەمساڵ ١٥ هەزار و ٢٨٧ سەر ئاژەڵ سەر بردراون و سێ هەزار و ٨٤٧ ئەندام و لاشە لە ناو بردراون و فڕێدراون.

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment