لەبەر ئەوەی هەستی کردووە هونەر و بەتایبەتیش وێنەکێشان تاکە ڕێگەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شتەی لە ناخیدایە و ناتوانێت ئاشکرای بکات، لە ڕێگەی کێشانی تابلۆکانییەوە بیگەیەنێت.
لینا محەمەد، دەرچووی بەشی شێوەکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، شەش مانگ زیاترە بەمەبەستی نمایشکردنی تابلۆکانی دوکانێکی لە سلێمانی کردۆتەوە و تێیدا تابلۆکانی بە کڕیارەکانی ئاشنا دەکات. لە هەمانکاتدا بەشداری سێ پێشانگای هاوبەشی کردووە.
“پێشتر هیچ بەهرەیەکی وێنەکێشانم نەبوو، بەڵام کاتێک چومە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەهۆی ئەو چوارچێوە هونەرەییەی بەردەوام بووم تێیدا هەروەها بە هەوڵی مامۆستاکان، توانیم فێری وێنەکێشان ببم و هەرچییەکم بوێت ئێستا بە کەرستە جیاوازەکان بیکیێشم.” لینا وای وت
لینا لایەنێکی ژیانی هەڵنەبژاردووە کە وێنەی بکێشێت و لە تابلۆکانیدا ڕەنگ بداتەوە، بەڵکو ئەو جگە لە کێشانی وێنەی سروشت، وێنەی هێز و جوانی ناخی ژنان لە تابلۆکانیدا دەبینرێت.
لینا بە(چاوی خەڵک)ی وت” لە دوکانەکەیدا وێنەکان زیاتر بەپێی خواستی خەڵک دروست دەکات بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت، کاتی واش هەبووە داوا دەکەن تابۆکانیان بەستایلی مۆدێرن بۆ دروست بکەم. هەندێکجاریش ئیش دێتە بەردەستم کە موشتەرییەکە وێنەی ماڵەکەی خۆی دەگرێت و پێم دەڵێت بەدڵی خۆم چ ستایلێک لەگەڵ ماڵەکەیدا ئەودا دەگونجێت دروستی بکەم ، واتەکارەک بەتەواوی دەدەنە دەستی خۆم.”
لینا لەگەڵ ئەوەی کاری وێنە کیشان دەکات، سەر قاڵی چەند کارێکی تریشە، هەر بۆیە پێی وایە هەر کارێک گرنگی تەواوی پێ بدەیت بێگومان دەتوانیت وەکو سەرچاوەیەکی داهات سەیری بکەیت.
ئەوانەی ڕوو لە دوکانەی لینا دەکەن کارەکانیان بەدڵە، ئەویش نرخی تابلۆکانی بە جۆریك داناوە کە هەوو کەس بتوانێت لێی سوودمەند بێت، بۆئەوەی هاوڵاتیان ئەوەی دەیانەوێت بە خواستی خۆیان بۆیان دروستبکرێت وەک لەوەی تابلۆیەکی ئامادەکراو بکڕن.کڕیارانیش زۆر دڵخۆشن کە ئێستا شوێنێکی وا هەیە وێنەکێش تابلۆکانی خۆی تێدا بەمەبەستی فرۆشتن نمایش بکات.
“لەگەڵ ئەوەی سەرقاڵی کاری ترم، بەڵام تابلۆکانم پشتگوێ نەخستووە، هەر بۆیە لەماڵیشەوە بە ڕێگەی ئۆنلاین نایانفرۆشم، چونکە کڕیاران کاتێک خۆیان دێنە دوکانەکەوە لە نزیکەوە تابلۆکان دەبینین، من وەک خاوەن تابلۆ و ئەو کەسەی دەشیکڕێت چێژێکی زیاتری هەیەکاتێک لێرە سەیری دەکەن بۆیە ئەو شوێنەم تایبتکردووە بە تابلۆکانم.”
چاوی خەڵک/ تایبەت