متمانەی خەڵک یان سیستمی کۆتا؛ کامیان کاندیدە ژنەکان دەگەیەننە پەرلەمان؟

photo_2021-09-28_10-12-24

تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگە، نەخەمڵیوی دیموکراسی، کلتوری پیاوسالاری و ئاڵۆزی پرۆسەی سیاسیی هەندێک لە بەربەستەکانی بەردەم ئەو ژنە کاندیدانەن کە ئامانجیانە ببنە ئەندامی خولی داهاتووی پەرلەمانی عیراق.

بڕیار وایە ١٠ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، لەکۆی سێ هەزار و ٢٤٩ کاندید، تەنها ٩٥١ کاندیدیان لە ژنانن.

بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەکۆی ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن دەبێت ٨٣ ژنی کاندید واتە لە هەر بازنەیەک ژنێک بە سیستمی کۆتا دەربچێت.

هەڵشۆ عەبدولفەتاح، یاساناس و شارەزا لە کاروباری هەڵبژاردن بە (چاوی خەڵك)ی راگەیاند “سیستمی کۆتا بۆ ژنان لە چوارچێوەی جیاکاری ئەرێنییدایە، چونکە شێواز و ئاستی بیرکردنەوەی تاکی عیراق بۆ ژنان تێڕوانینێکە لە ئاستێکی کەمدا دەیبینن، تەنانەت لە ئاستی خێزان و میدیا و حزب و رێکخراوەکان هێشتا تێڕوانین بۆ توانا و لێهاتووییەکانی ژنان تێڕوانینێکی کەمە، بەهۆی ئەمەوەیە کە دەبێت سیستمی کۆتا بۆ ژنان دەستەبەر بکرێت”.

ناوبراو باسی لەوەشکرد “لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەبێت بە یاسا و دەستوور و بە شێوەی ناچاریی و پابەندی، وا بکرێت ژنان رێژەیەکی دیاریکراویان لەناو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا هەبێت، لە عیراق لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا ئەم بابەتە جێگیرکراوە و رێژەی ٪٢٥ وەکو کۆتای ژنان لە سەرجەم ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا لەناویاندا پەرلەمان، جێگیرکراون”.

 

باشترین دۆخی نوێنەرایەتی ژنان

مێژووی دیموکراسی لە عیراق مێژوویەکی قوڵ نییە، کەمتر لە ٢٠ ساڵە پرۆسەی هەڵبژاردنی فعلی لە عیراق بەڕێوەدەچێت، لەناو ئەو مێژووە کەمەشدا ژنان لە پەراوێزدا بوون.

لە چوار خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، ژنان بە سستمی کۆتا توانیویانە بەشێک لە کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبیێنن، لە باشترین دۆخیشدا ژنان ٪٣٣ی کورسییەکانی پەرلەمانیان پڕکردووەتەوە.

سەرگوڵ قەرەداغی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستانە، بەپێی ئەو ئەزموونەی ئەو هەم وەکو پەرلەمانتار و هەم وەکو کەسایەتییەکی سیاسیی رووبەڕووی بووەتەوە بۆچوون و لێکدانەوەی جیاوازی هەیە.

“هەموان پێیانوایە بواری کاری سیاسەت بوارێکی زبر و ئاڵۆز و پڕ کێبرکێیە و ئەوەش لەگەڵ سروشتی ژندا ناگونجێت کە سروشتێکی نەرم و هەستیارە، بەڵام لە راستییدا لەم ساڵانەی دواییدا بە پشتیوانی سیستمی کۆتا، دەرکەوت ئەو ژنانەی کە بەپێی یاساکە دەچنە پەرلەمان توانایەکی باشیان هەیە و هاوشانی پیاوان دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن” سەرگوڵ قەرەداغی ئەمەی بە (چاوی خەڵک) وت.

ئاماژەی بەوەشکرد “هەندێک لە ژنە پەرلەمانتارەکان لە ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستانش بەشێوەیەکی هێندە چالاکانە کاریان کرد توانییان لە هەندێک لە پەرلەمانتارە پیاوەکانیش باشتر بن، ئەمە بەشێک لە روانینی کۆمەڵگەی بەرانبەر تواناکانی ژنان گۆڕی”.

 

“چالاکترین پەرلەمانتارەکان لە ژنانن”

 

هەڵشۆ عەبدولفەتاح لە قسەکانیدا بۆ (چاوی خەڵک) رایگەیاند “بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی کە لە ماوەی رابردوودا بۆ هەڵسەنگاندنی رۆڵی پەرلەمان و چالاکییەکانی پەرلەمانتاران بڵاوکراونەتەوە، ژنە پەرلەنتارەکان لە چالاکترین پەرلەمانتارەکانن”.

ئاماژەی بەوەشکرد “پەرلەمانتارە ژنەکان زۆربەیان بە سیستمی کۆتا چوونەتە پەرلەمان، بەڵام ئەوەتا راپۆرتەکان پێمان دەڵێن کە ئەوان چالاکترن، ئەمە هاندەر دەبێت بۆ دەنگدەران کە لە داهاتوودا دەنگ بە کاندیدە ژنەکان بدەن”.

سەرگوڵ قەرەداغیش پشتیوانیی هەمان بۆچوون دەکات، ئەو جەخت دەکاتەوە “چالاکیی ژنە پەرلەمانتارەکان لەم ساڵانەی رابردوودا وایکردووە تێڕوانینی کۆمەڵگە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت”.

ئەو گەشبینە و دەڵێت “چاوەڕێی ئەوە دەکەم لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا ژمارەیەکی باش لە ژنان بتوانن بە تواناکانی خۆیان دەنگ بەدەستبهێنن و پێویستیان بە سیستمی کۆتا نەبێت بۆ بوون بە پەرلەمانتار”.

 

ژن و نوێنەرایەتیکردن

بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکرایەوە، عیراق لە پلەی ٧٠ی لیستی وڵاتانی جیهاندایە بەگوێرەی رێژەی بەشداری ژنان لە کاری پەرلەمانتارییدا.

میسون ساعدی یەکێکە ئەندامەکانی پەرلەمانی عیراق، بە کەناڵی روئیەی عەرەبی راگەیاندووە “دانان و کاندیدکردنی هەر کەسێک بۆ هەر پۆستێک لە عیراق بە رێککەوتن و دابەشکارییە، بۆیە زۆربەی جار گوێ بە تواناکان نادرێت، دەنا ژنانیش خاوەن توانای گەورەن”.

“تێڕوانینێکی باوی کۆمەڵگە هەیە کە پێیوایە ژنان زیاتر لاواز و هەستیارن، پێیانوایە ژن بۆ کاری سیاسیی و پەرلەمانی نابێت، بەڵام ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە و دوورە لە راستییەوە” ساعدی وا دەڵێت.

ئێستا لە پەرلەمانی عیراقدا ٨٣ ئەندامی ژن هەیە، بەگوێرەی ئەو سیستمە کۆتایەی کە لە یاسا نوێکەدا دانراوە و هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پێ بەڕێوەدەچێت، عیراق دابەشی سەر ٨٣ بازنە کراوە و دەبێت لە هەر بازنەیەکدا ژنێک بە سیستمی کۆتا دەربچێت.

Leave a comment