عیراق؛ پاڵپشتیەکان بۆ کەمپنی ناوی من ناوی دایکمە بەردەوامە

242110487_4259593737472061_6957255663937915588_n

پاش کۆبونەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەغداد لە بەرواری ١٥-٩-٢٠٢١،  پاڵپشتییەکان بۆ کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە رووی لە زیاد بوون کردوە و ١١ پاڵپشتی نوێ لەلایەن ڕێکخراو و  کەسایەتی لە باشوری عێراق بۆ کەمپەینەکە بەدەستهێنرا.

کۆبونەوەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردن و ڕونکردنەوەی یاسایی و ئەو ڕێکارانەی گیراونەتەبەر بۆ گەیاندنی پڕۆژەی هەمواری یاساکە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغداد ئەنجامدرا.

بەهار شوکریە مونزیر، بەڕێوبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO ، ڕێکخەری کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە سەبارەت بە کۆبونەوەکەی بەغداد بە (چاوی خەڵک)ی وت “لەدوای سەردانمان لە ١/٦/٢٠٢١ و پێشکەشکردنی پرۆژە هەمواری یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا سەردانی دووەممان و کۆبونەوەمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان  لە ناوەڕاست و باشوری عێراق و واژووکردن و پاڵپشتی کردنیان بۆ کەمپەینەکە ڕووی لە زیادبوون کردوە و لەلایەن هەموویەوە کاری جددی لەسەر دەکرێت.ڕێخکراوەکانی خراروو وەک واژۆ کۆکردنەوەیەکی ئاسایی سەیری ناکات بەڵکو پێی وایە ئەم پرۆژەیە چۆتە پەرلەمان ئەمیش وەک ڕێکخراوێک کە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ کار دەکات بە کاری خۆی دەزانێت و لەژێر فشاردایە و پێی وایە کەمپینەکە بەجددی کارەکەیان بردۆتە پێشەوە و کاری لەسەر دەکەن.”

کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە، گفتوگۆ و کاردانەوەیەکی زۆری لە سەرتاسەری عیراقدا بەدوای خۆیدا هێنا، لە کەمپینەکەدا بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەک کەسایەتی و پەرلەمانتار هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای کارتی نیشتمانیی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ دەدەن بەشێوەیەک کە دەیانەوێت لە هەموارە نوێکەدا رێگە بدرێت رەچەڵەکی منداڵە “باوک نادیارەکان” لەسەر دایکیان دەستنیشان بکرێت.

گەشە دارا  حەفید، پەرلەمانتار و ئەندامی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە، بە (چاوی خەڵک)ی ووت “بە گشتی کێشەی ژن و منداڵ و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە پەراوێزدایە و هەر نابینرێت، لە ٢٠١٤ وە ئەو کێشە گەورەیە لەم وڵاتەدا ڕووی داوە کەسێک بیری لێنەکردۆتەوە چارەسەری بکات، لەبەر ئەوەی خۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە پەراوێزدایە، وە ئێزیدییەکان جارێکی تر و چەندبارە خراونەتەوە پەراوێز و لە مێژودا ستەمیان لێکراوە. بۆیە نا جێگری دۆخی سیاسی لە عێراق یەکێکە لەو ئاستەنگیانەی کە بتوانیت پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ببەیتە پێشەوەو زەمینەی کۆمەڵگە خۆش بکەیت بۆ دەرچونی پرۆژەیەک کە مرۆڤایەتی بێت و وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک و کێشەکان بداتەوە. ”

زۆربەی ئەو منداڵانە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی داعش بۆ سەر ژنانی ئەو ناوچانەی کە دەستیان بەرسەردا دەگرت، یاخود لە ئەنجامی هاوسەریگری زۆرەملێ لەدایکبوون و ئێستا دەستدرێژیکارەکان کە چەکداری داعش بوون دیارنەماون، کوژراون یان لە زینداندان.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامپەرلەمانی عێراق و پارێزەر ووتی ” توانیمان ئەم گروپە بە ژمارەیەکی کەمەوە کە لە ٢٠١٤ تا ئێستا هەم بە حکومەت، هەم بە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کە زۆر دیفاع لە بێناسنامەکان دەکەن، ئێمە توانیمان چارەسەری یاسایی بۆ ئەم کێشەیە دابنێین، هەر قسە کردن و گروپی فشار نەبێت. لەگەڵ ئەوەی کارەکانمان بە یاسایی کردوە، و هەرکەسێک قسەمان دەربارەی ئەم کێشەیە دەکات بە پێی یاساکە وەڵامی دەدەینەوە. کە ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتە سەرەکییەکان کە چارەسەری کێشەیەکی زۆر گەورەی کۆمەڵایەتیمان کردوە لە دوای داعشەوە.”

هەروەها وتی ” یەکێکی تر لە دەستکەوتەکانمان لەناو پەرلەمانی عێراقدا، ئەوەیە ئەزانین کە ئەمە چەند مەسەلەیەکی قورس بوو، وە بتوانی لەناو پەرلەماندا کە تا ئێستا یاسای ڕێگری لە توندوتیژی خێزانی دەرنەچووە، بەڵام تۆ دەچیت و گفتوگۆ لەسەر بابەتێکی جدی یاسایی دەکەیت و واژوو کۆدەکەیتەوەو بۆ یەکەمجار پرۆژەکی یاسایەک دەخەیتە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی، بە دەستکەوتێکی گەورەی تری پرۆژەکەیە دادەنرێت.وە ئەوەی کە گرنگە یاساناسەکان و پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە کار لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە دەکەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا گرنگە، کە ئەمە تەنها پرۆژەیەکی وشکی یاسایی نییە تەنها کۆمەڵێک پەرلەمانتار کاری لەسەر بکات.”

ئەو ڕێکخراو  و کەسایەتیانەی پاڵپشتی و واژۆی کەمپینەکەیان کرد بریتیبوون لە (مؤسسة جنة الايمان الانسانية، التحاد العربي للمراة المتخصصة، شبکة المستقبل الديموقراطية العراقية، رابطة المراة العراقية، منظمة كلنا العراق للتعايش السلمي ، مؤسسة حوض الكوثر الانسانية لرعاية الايتام والفقراء والعوائل المتعففة،  جمعية الودق لرعاية الام و الطفل ، منظمة  WTDC، دكتورة بشرى العوبادي، صبيحة عبدولستار، صوتها نيت ورك).

”ناوی من ناوی دایکمە” کەمپەینێکە لە ٥/١٢/٢٠١٨ لە ئەنجامی کاری مەیدانی (ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان-PDO  ) و کۆمەڵێک ڕێکخراو و کەسایەتی ڕاگەیەندراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ڕەچەڵەک و نەبوونی ناسنامە، بە پێدان و گەڕاندنەوەی ماف بۆ ژنانی سەرتاسەری عێراق تا بتوانن ناسنامەی منداڵەکانیان دیاری بکەن.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment