لقی شارەزووری یەکێتی ژنان؛ بە بڕیارێک خولەکانی کرد بە بێ بەرامبەر

242105729_199023628963234_3004052488787006283_n

زۆرن ئەو ڕێکخراو و سەنتەرانەی کە بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافەکان کچان و ژنان دامەزراون، سەنتەری یەکێتی ژنانی شارەزووریش بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە، و ئامانجی سەرەکیشیان ئەوەیە ژنان هاوشانی پیاو کار بکات، بەوهۆیەوە هەموو خولەکانی سەنتەرەکە کراون بە بێ بەرامبەر.

جەنەت عەتا؛ ١٥ ساڵە و فێرخوازێکی مەڵبەندەکەیە و خوێندکاری پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییە، ئەو بەشدارە لە خولی ئارایشتگاکە و یەکەمجاریەتی بەشداری ئەوجۆرە خولانە بکات.

“پێشتر هیچ زانیارییەکم نەبوو لە بواری ئارایشتگە، بەڵام بۆهۆی ئەو خولەوە شارەزایم پەیدا کرد لە مکیاجکردن بە سێ شێوازی مۆدێرنی سەردەمیانە لەگەڵ قژ بڕین و ستایلی قژ بۆ ئاھەنگ و بۆنەکان تەنانەت گرنگیدان بە نینۆک و پێستمان.” جەنەت وای وت.

یەکێتی ژنان لە ساڵی ١٩٨٩ وەکو ڕێکخراوێك لە شاخ لەلایەن کۆمەڵێک ژنانی سەرکردەوە دامەزرا، هەتاوەکو ئێستاش ئەو ڕێکخراوە بەردەوامە لە کار و چالاکیەکانیان لە کوردستان تاکو ژنان بە پلە دوو سەیر نەکرێت.

شارا عەبدول کەریم، لێپرسراوی لقی شارەزووری یەکێتی ژنان بە (چاوی خەڵک)ی وت” وەکو لقی شارەزوور پێنج کۆمیتەمان ھەیە لەگەڵ لقێک، سنوری کار و چالاکیەکانمان لە پارێزگای ھەڵەبجەوە لە هەورامانەوە دەست پێدەکات بە قەزاو ناحیەکانەوە تا عەربەت بە پێنجوێنیشەوە، کۆمیتەکانمان بەرپرسن لە چالاکیەکانی ئەم سنورانە.”

سەنتەرەکانی سنوری شارەزوور چوار بەش لە خۆی دەگرێیت ئەوانیش (تەندروستی، کۆمەڵایەتی، یاسا و بەشی پەیوەندییەکان) هەروەها ڕێژەیەکی زۆری ژنان ڕودەکەنە ئەو سەنتەرە، چونکە ئەوان بۆ چارەسەری گرفتەکانیان بە ماڵی دووەمی خۆیانی دەزانن.

شارا دەشڵێت” چالاکیەکان وەرزیە و بە پێی بارودۆخەکە ئەنجامیان دەدەین، چالاکیەکانی نەورۆز و ڕۆژی ژنان کە دەبێیت تەنھا لە بەھار ئەنجام بدرێیت، پاشان چالاکی ھەمیشەیی کە بەردەوام ئەنجام دەدرێیت وەکو خولەکانی دورومان و کۆمپیوتەر، و کۆڕو سیمینارەکان بۆ ھۆشیارکردنەوە،  لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە چالاکیەکانمان بە جۆرێک بێت پیاوانیش تێیدا سودمەند بن.”

یەکێتی ژنان لە قەیرانی ٢٠١٤وە داهاتی دەرەکی نەما، بەوهۆیەوە چالاکیەکان زۆر ڕوی لە کەمی کرد، بۆ بەردەوامبونیشیان ناچار بوون خولەکان بکەن بە پارە، بەڵام لەپێناو سوود گەیاندن بە زۆرینەی ژنان دووبارە خولەکان کرانەوە بە بێ بەرامبەر.

شارا دەڵێت” یەکێتی ژنان گەشتە ئەو بڕیارەی پێویستە خولەکان بێ بەرامبەر بێت، چونکە زۆرێك لە ژنانی سنورەکە خاوەنی گیرفانی خۆیان نین، سەرجەم کۆمیتە و لقەکانی یەکێتی ژنان چالاکیەکانی سەنتەرەکانی ژنانی کرد بە بێ بەرامبەر، داهاتەکە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ژنان دابینی دەکات.”

لەهەمان کاتدا فێرخوازان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر خولەکان لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەربگیرێت هەر بێت بەشدار دەبن، چونکە پێیان وایە فێری بەهرەیەکی نوێ دەبن بە داهاتێکی کەم.

ھەرێز کچەی شین، تەمەنی ١٦ ساڵە و لە قۆناغی ١٠ی ئامادەییە، ئەو بەشدارە لە خولی دوروومانی، ئەو پێی وایە ئەوخولانە هانیان دەدات بۆ ئەوەی هەر لە ئێستاوە پشت بەخۆیان ببەستن و جێ دەستیان دیار بێت.

هەرێز دەڵێت” ئەم خولانە بۆ فێربونی ئێمەیە بۆچی ئەبێیت ماڵەوە ڕێگری بکەن لێمان! گەر پارە بدەین یاخود نا ھەر یەک شتە بۆمان، چونکە ئەو پیشەیەی فێری دەبین، سوودەکەی بۆ داھاتووی خۆمانە.”

مەڵبەندی ڕاهێنان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ژنانی شارەزوور بەشەکانی بیناکەی بریتین لە (کارگێڕی، ژمێریاری، هۆڵی هونەر، ڕاگەیاندن، یاسا و پەوەندییەکان، ئەرشیف)، هەروەها خول و چالاکییەکانی سەنتەرەکە بریتیە لە (خولی دوورمان، کۆمپیوتەر، زمان، ئارایشتگا، شیرینی، وەرزش، لەشجوانی، …هتد).

چیمەن ساڵح، بەرپرسی مەڵبەندی ڕاهێنان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ژنانی شارەزوور بۆ (چاوی خەڵک) ڕایگەیاند” خولەکان ئێستا بێ بەرامبەرە لە سەنتەرەکەمان بۆ هەر خولێك ١٠٠ هەزار بۆ مامۆستای وانەبێژ دابینکراوە بە هەموو پێداویستیەکانی خولەکە، بەوهۆیەوە نزیکەی ١٠٠ فێرخوازمان لە توانادا هەبووە وەری بگرین، ئەم بڕیارەش خانمانی شارەزووری زۆر دڵخوش کردووە.”

” پلانی داهاتوومان ئەوەیە سیمینار پێشکەش بکەین بۆ گوندەکانی دەوروبەری قەزای شارەزوور بە حوکمی ئەوەی لادێکان کەمێک دابڕاون لە کۆڕو سیمینار ئێمە ئەو ئاسانکارییان بۆ دەکەین، بەڵام بەهۆی کەمی بودجەوە فەرمانبەرمان کەمە.” چیمەن وای وت

بەپێی ئامارەکانی مەڵبەندی یەکێتی ژنانی شارەزوور لە ساڵی ۲۰۱٨ بۆ ٢٠٢١ نزیکەی ٣٠ کەیسی جۆراوجۆریان هەبووە کە سەرجەمان چارەسەر کراون، وە هەشت کەیسی بینینی منداڵیان هەیە، هەر بەپێی ئەو ئامارە نزیکەی ٧٢٣ فێرخوازی قەزاکە سودمەند بوون لە خولەکانی مەڵبەندەکە، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هیچ چالاکیەك ئەنجام نەدراوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

Leave a comment