به‌كارهێنانى ژن بۆ لێدان له‌دۆزى ژن

127040668_1543200105888887_2078673835427960846_n

 ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د

ناوبه‌ناو له‌سۆشیاڵ میدیاى كوردییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دیارده‌یه‌كى قێزه‌وه‌ن زه‌ق ده‌كرێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆریش كۆمه‌ڵگا وڕاى گشتى پێوه‌ سه‌رقاڵ ده‌كرێت.. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌كو زۆرجاریش تێبینی ده‌كرێت پاڵه‌وانى ئه‌و دیاردانه‌ كۆمه‌ڵه‌ ژنانێك ده‌بن كه‌به‌پێ پێوه‌رو عورفه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ناسرێن وپێناسه‌ ده‌كرێن هاوئاواز وهاوته‌ریب نین له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقییه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین له‌و گۆشه‌یه‌وه‌ به‌دیاریكراوى شه‌پۆلى دژه‌ ژنى په‌ره‌ده‌سه‌نێت هه‌ریه‌ك لاى خۆیه‌وه‌ به‌پشت به‌ستن به‌دیدوتێڕوانینى په‌روه‌رده‌یى وفیكرى خۆی بۆ دۆزى ژن، پێناسه‌ى ژن وچۆنییه‌تى ڕوانینى له‌ئازادى ژن ده‌كه‌وێته‌ داوى پلانێكى قێزه‌وه‌نه‌وه‌ كه‌مه‌به‌ست لێى لێدانه‌ له‌سه‌رجه‌مى ئه‌و مه‌فهومه‌ گشتى وكۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ى جه‌خت له‌نووسینه‌وه‌ى سه‌رده‌مێكى نوێى ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ژنان..

ئیدى هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ شاڵاوى ته‌شهیر، ناوزڕاندن، جنێو وسوكایه‌تى به‌ده‌یان شێوازى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر به‌و ژنانه‌ تۆخ تر ده‌بنه‌وه‌ وڕاى گشتیشیان زیاتر وزیاتر پێ جۆش ده‌درێت… كه‌واته‌ كێن ئه‌وانه‌ى به‌رپرسن له‌وروژاندنى ئه‌و دیارده‌ مه‌ترسیداره‌ ومه‌به‌ستیان چییه‌؟ لێدان له‌پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقی وعورفه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت هه‌ڵبه‌ته‌ قبوڵكراو نابێت هه‌رگیز، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن خودى كۆمه‌ڵه‌ (به‌ناو ژنانێكیشه‌وه‌) بن، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌دواجاردا بابه‌تێكى ته‌واو په‌یوه‌سته‌ به‌ئه‌خلاقییاتى خێزان وكۆمه‌ڵگاى كوردییه‌وه‌ وده‌بێت به‌پێ یاسایش مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت به‌ڵام، ئایا یاسا كارا وكارپێكراو ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ش كه‌كار له‌سه‌ر وروژاندنى دۆسییه‌كانى ژنان ده‌كه‌ن به‌شێوه‌ نه‌رێنییه‌كه‌، وژن وه‌كو كائینێكى مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئه‌خلاقیاتى تاك وكۆمه‌ڵگا ده‌ناسێنین ؟.. بۆ نموونه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگاى كوردی كردۆته‌ ژینگه‌ وبازاڕێكى ته‌واو له‌بار بۆ به‌كاڵاكردنى ژنان وسه‌رهه‌ڵدانى ده‌یان دیارده‌ى ئه‌خلاقى وكۆمه‌ڵایه‌تى نامۆ به‌داب ونه‌ریتى كومه‌ڵگا.

هه‌روه‌ها ئه‌و سیاسه‌ته‌ میدیاییانه‌ش كه‌بونه‌ته‌ مینبه‌رى ڕاسته‌وخۆى كوشتنى ژنان به‌ده‌یان شێوازى جۆراوجۆر، وهه‌رجاره‌و به‌شێوازێك كار له‌سه‌ر ژه‌هراوى كردنى زیاترى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن وتێروانینى كۆمه‌ڵگاش به‌رامبه‌ر به‌دۆژى ژن به‌شێوه‌یه‌ك جۆش ده‌ده‌ن كه‌كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنى زیاترى دۆسییه‌كانى توندوتیژى دژ به‌ژنان هه‌ر له‌كوشتنى جه‌سته‌ییه‌وه‌ تاده‌گاته‌ تێرۆرى مه‌عنه‌وی ژناكانیش ؟.

ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ دیارده‌ى كچه‌ مۆدێله‌كانى به‌قێزه‌وه‌نترین شێواز زه‌ق كردۆته‌وه‌ سیاسه‌تێكه‌ كار له‌سه‌ر كوشتنى پره‌نسیپه‌كانى ژن و ئاماده‌گه‌رییان ده‌كات له‌ئێستاو له‌داهاتوشدا، وله‌رێگاى میدیا وسۆشیاڵ میدیاشه‌وه‌ كار له‌سه‌ر لێدانى دۆزى ژن ده‌كات.. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش له‌دواجاردا ده‌بێته‌ قوربانى ئه‌م گه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ ته‌نها كۆمه‌ڵگا وله‌نێو كۆمه‌ڵگاش به‌تایبه‌ت خودى ژنان خۆیانن. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر زیاتر هۆشیار بین، وورتر له‌م دۆسییه‌ مه‌ترسیداره‌ بڕوانین زۆر به‌ڕوونى ده‌گه‌ین به‌و حه‌قیقه‌ته‌ى كه‌لاى زۆرینه‌مان نه‌بینراو وهه‌ست پێنه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ش به‌كارهێنانى ژنه‌ بۆ لێدان له‌دۆزى ژن له‌ڕێگاى گه‌مه‌یه‌كى سیاسى ـ میدیایى ته‌واو به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوه‌وه‌ كه‌ئامانجى سه‌ره‌كى هاتنه‌كایه‌وه‌ى لێكترازانى ئه‌خلاقییه‌ به‌سپۆنسه‌رى خودى ژنان خۆیان.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment