ئەمیرە؛ پێنج ساڵ لە بێدەنگی دەشکێنێت

Untitled design (12)

ئەمیرە هانی رەشۆ، تەمەن ٢٠ ساڵان، سەڕەڕای ئەوەی نەخۆشی  ڤیتیلیگۆی هەیە کە نەخۆشییەکی پێستەو پێی دەوترێت “بەڵەکی”، ماوەی مانگێکە دەستی بەکاری مۆدێلی کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لەبەر شەرمی کۆمەڵگە نەیدەتوانی کاری مۆدێلی بکات.

ئەمیرە هانی خەڵکی ناحیەی سنونێ یە سەر بە قەزای شنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، نەخۆشی بەڵەکی هەیە کە لەنێو خانەوادەکەیدا بۆماوەییە و لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە.

ئەمیرە دەڵێت” پێنج ساڵی پڕ لە بێدەنگیم تێپەراند کە تیایدا رووبەرووی قسەو کرداری ناشرین دەبوومەوە کە هەندێکیان بێ مەبەست و هەندێکیان بە مەبەستەوە ئازاریان دەدام، تا گەیشتمە ئەو قۆناغەی کە زانیم نەخۆشی ڤیتیلیگۆ جوانی زۆرترم پێ دەبەخشێت. بۆیە هەوڵمدا کە لەبەردەم هەموو ناخۆشییەکان بوەستمەوەو هاندەر و پشتیوان بم بۆ خۆم و بۆ هەموو ئەو کچانەی توشبووی ئەم نەخۆشییەن.”

زۆرترین قسە کە بەرگوێی ئەمیرە دەکەوێت ئەوەیە کە پرسیار دەکرێت ” ئەمە چییە؟ چۆن پێستی ئاوهایە؟”

ئەمیرە بەڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دیاریکردنی ئەو نیشانانەی لەسەر جەستەیەتی و شانازی پێوەکردنی، هەموو ئەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشییان هەیە هاندەدات کە شەرم نەکەن و تایبەت کچان و ئەم نیشانانە زیاتر جوانی کچان دەردەخەن.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو” ماوەیەکە وێنە و چالاکی خۆم و ژیانی ڕۆژانە لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکەمەوە بۆ ئەوەی ببەم بە هێز و و پشتیوانی بۆ ئەو کەسانەی تر کە لەبەر ئەم ناخۆشیە دەناڵێنن. و نایەنەوێت دەرکەون.”

 

 

ئەمیرە بەهرەی شێوەکاری و وێنەگرتنی هەیە، سەرەرای ئەوەش  لەگەڵ ڕێکخراوی MAG لە سنووری قەزای شنگال کار دەکات و کارەکەی کەشف کردنی پاشماوە جەنگییەکانە پێش ئەوەی لێژنەی لابردنی پاشماوە جەنگییەکان بچنە سەری.

هەروەها ئەمیرە دەستپێشخەرییەکی لەژێر ناوی (تۆ شایەنی) ڕایگەیاندووە بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و ڕێکخراوەکان هانبدات بۆ ئەوەی هاوکاریان بکات.

“خەونم ئەوەیە لە داهاتوودا لە پێشبڕکی سوپەر مودێلەکان دا بەشداری بکەم و ببمە بە کچە مودێل و ئەم نیشانانەی کە لە پێستم دا دیارن بیزانن چۆن بۆ جوانی گۆڕانکاریم پێ کردووە”، ئەمیرە وای وت.

قسەم بۆ هەموو ئەو گەنجانەی لەبەر ئەم ناخۆشیە یان ناخۆشیەکی تر دەناڵێنن پێیان دەڵێم حەز لەئێوە دەکەم لەشوێنی ئەم کۆمەڵگەیەی کە جودایی قبووڵ ناکات لەگەڵ من بن بۆ ئەوەی پیشانی هەموو لایەک بدەین کە ژنی عێراقی چەندە بە هێزە سەرەڕای هەموو جوداییەکان.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment