ئافرەت لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا

96381527_1277665549105560_4264631259088551936_o

ئا: ژیان جەلال

پاش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لەساڵی ۱۹٤۵ و هاتنەئارای دۆخێکی نوێ،کە وڵاتان ناچاردەکات پێداچوونەوە بەسیستمی یاساییاندا بکەن، دەستەبەری مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەت بەتایبەتی ڕیالیزە بکەن .

مافەکانی مرۆڤ کە کۆمەڵێک گەرەنتین تاک دەپارێزن بەرامبەر بەزەبرو هێز، دەوڵەتان پابەند دەکات کەپارێزگاریی لێبکەن، ئەم مافانە لەڕێگەی کۆمەڵێک پەیماننامەو عورفی نێودەوڵەتی جێگیرکراون.

پاش دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەساڵی ۱۹٤۵ بەردی بناغەی مافەکانی  مرۆڤ دانرا .

لەساڵی ۱۹٤۷ لیژنەیەکی تایبەتمەند لەناو نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بەپاراستنی مافی ئافرەت دیاریکرا، دواتر جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە۱۹٤٨ لەپاریس دەرچوو ،جاڕنامەکە لە پێشەکیەک و ٣٠ بەند پێکهاتووە کە باس لە مافەکانی مرۆڤ لە روانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکەن، بەندی یەکی جاڕنامەکە باس لە یەکسانی مرۆڤەکان دەکات. بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە مافە سەرەکیەکانی مەدەنی، کلتوری، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵگایی هەموو مرۆڤەکانی جیهانیان خستووەتە بەرباس.

هەروەها لە بەندەکانی جاڕنامەکەدا باس لەوە کراوە، کە هەموو مرۆڤەکان بەجیاوازی نەژاد ، رەنگی پێست، رەگەز، زمان، ئایین و بیروڕای سیاسی یان دۆخی مادی و نەتەوەیی، پێویستە بەهرەمەند بێت لەو ئازادیانەی جاڕنامەکە دیاریکردوون.

لەبەشێکی دیکەی جاڕنامەکەدا یەکسانی ژن و پیاو خراوەتەڕوو، کە پێویستە هاوسەرگیری بە رەزامەندی ژن و پیاو ئەنجام بدرێت. جاڕنامەکە مافی ئازادی کارکردن، هەڵبژاردنی ئایین ، لایەنگری سیاسی ،مافی پەنابەر،  بۆ هەموو مرۆڤەکانی جیهان لەبەرچاوگرتووە، هەروەها تێیدا هاتووە کە هەموو مرۆڤەکانی جیهان مافی ئەوەیان هەیە، کە بە خۆڕایی مافی خوێندن و پەروەردەیان هەبێت.

هەروەها کۆمەڵێک پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بەستراون کەبەشێکن لەیاسای نێودەوڵەتی لەوانە: .

پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان ساڵی ۱۹٦٦.-

  • پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتیی و کلتورییەکان
  • پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی نەژادی ۱۹٦٦
  • پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان ۱۹۷۹
  • پەیماننامەی نێودەوڵەتی نەتەوەیەکگرتووەکان دژ بەئەشکەنجەدان ساڵی ۱۹۸٤
  • پەیماننامەی مافەکانی منداڵ ۱۹۸۹-
  • پەیماننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی مافی کرێکاروکۆچبەران وخێزانەکانیان ۱۹۹۰
  • پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی کەمئەندامان ۲۰۰٦

ئامانجی سەرەکی پەیماننامەی مافەکانی ژن نەهێشتنی جیاوازیی جێندەریی و پەراوێزخستن وپاسیفکردن و بێڕۆڵ کردنی ئافرەتان بووە لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کلتوری ومەدەنییەکان .

لەماددەی (۲,۵) لەم پەیماننامەیە وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات بەمەبەستی هەموارکردنەوەوگونجاندنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی وکلتوریی لەبارەی یەکسانی ژنان و پیاوان ,واتە تەنها دەرچواندنی یاسا بەس نییە بەڵکو وڵاتان مولزەم دەکات بە دەستکاریی کردنی کلتور ونەریت .

هەربۆیە وڵاتانی وەک (بەحرەین ,لوبنان ,مەغریب ,مالیزیا,کوەیت ,ئوردن ,جەزائیر و چەند وڵاتێکی تریش ,تەحەفوزیان هەبووە لەسەر ئەم دوو ماددەیە و جێبەجێکردنیان لا زەحمەت بووە. ئێران  و سودان واژۆیان لەسەرنەکردووە.

هەروەها چوار کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەبارەی پرسی ئافرەتان و پارێزگاریی لێکردنیان ئەنجامدراوە ,لەوانە:

کۆنگرەی یەکەم لەمەکسیک لەساڵی ۱۹۷۵

کۆنگرەی دووەم لە کۆپنهاگن لەدانیمارک لەساڵی ۱۹۸۰

کۆنگرەی سێیەم لە نیروبی لەکینیا لەساڵی ۱۹۸۵

کۆنگرەی چوارەم لە پەکین لەساڵی ۱۹۹۵

 

هەروەها هەردوو دەزگاو ئاژانسی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان (کۆمەڵەی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش) ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەپرسی یەکسانی .

بریاری (۱۰٤/٤۸)ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەساڵی ۱۹۹۳ کەجەخت لەسەر بنەبڕکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەکاتەوە دژ بەژنان .

بریاری (۱۳۲۵)ی ئەنجومەنی ئاسایشیش بەناوی (ئافرەت,ئاشتی و ئاسایش) بەئامانجی پاراستنی ژنان و سەلامەتییان لەکاتی جەنگ و زیادکردنی بەشداری سیاسی ژن .

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment