ئەمیرە عتۆ سلێمان، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکى کۆمەڵگەى خانەسورە سەر بەقەزاى شنگال ، حەوت ساڵە لە کەمپى بێرسیڤ دوو سەر بە زاخۆ لەگەڵ خێزانەکەى دەژیت، لەسەر ئەرکى خۆى دوو ساڵە کتێبخانەیەکی لەناوەندى کەمپى بێرسیڤ دوو کردوەتەوە .
ئەمیرە عتۆ ، بەهۆى ئاوارەبوونى لە قەزاى شنگالەوە بۆ زاخۆ نەیتوانى درێژە بە خوێندنى خۆى بدات، لە ئابى ٢٠١٤ کاتێک داعش گەیشتنە شنگال ئەمیرە لە قوناغى سێى ناوەندى بوو ،هەموو تاقیکردنەوەکانى ئەو قوناغەی ئەنجامداوە بەڵام بەهۆى هاتنى داعش و ئاوارەبوونى بۆ کوردستان تا ئێستا سەیرى ئەنجامەکانى خۆى نەکردوە. ”
ئەمیرە عتۆ بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک) دەڵێت ” کاتێک ئاوارەى هەرێمى کوردستان بووین تەنیا ٢٥ هەزار دینارم هەبوو، خوێندن پێویستى بە خەرجى زۆرە، خێزانەکەشم ئەوکات دۆخى دارایى یان باش نەبوو، بۆیە وازم لە خوێندن هێنا، و دەستم بە ئیش کردن کرد لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراوى ناوخۆ و نێودەوڵەتى، هەموو ئیشەکانم بە شێوەى خۆبەخش بووە ، سەرەتا لەگەڵ رێکخراوێک کارى دابەشکردنى سەبەتەى خوراکى بەسەر ئاوارەکانى ناو کەمپ و دەرەوە دەکرد ،دواتر وردە وردە پەیوەندیم لەگەڵ هەندێک رێکخراوى دیکە کرد و تائێستا لەسەر کارەکە بەردەوامم.”
بەهۆى نەبوونى هیچ کتێبخانەیەک و دوورى نێوان رێگاى کەمپى بێرسیڤ و شارى زاخۆ و دهۆک ، هەروەها هەژارى و نەبوونى پارەى خەرجى هاتۆچوو لاى ئاوارەکان تاوەکۆ بچن کتێبێک بۆ خۆیان بکڕن، هەموو ئەمانە وکۆمەڵێک هۆکارى تر، ئەمیرەى پاڵدا تاوەکۆ کتێبخانەیەک لەناوەندى کەمپى بێرسیڤ دوو بکاتەوە ، دواى هەوڵ و ماندوبونێکى زۆر توانى پشتگیرى و مۆڵەتى کارگێرى کەمپ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەستبهێنێت، ئەمیرە توانى لەساڵى ٢٠١٩ کتێبخانەیەک بکاتەوە ، ئەوەش یەکەمجار بوو کتێبخانەیەک لە کەمپ بکرێتەوە ”
ئەمیرە عتۆ وتیشى “ڕاستە من ماوەیەکى زۆر لە خوێندنگا و خوێندنەوە دورکەوتمەوە بەڵام دواى بەدواداچونێکى ورد لەسەر پێویستى کردنەوەى کتێبخانەیەک بۆ ئاوارەکان بڕیارمدا کتێبخانەیەک بکەمەوە ، زیاتر لە مانگێک بەدواى کتێب گەڕام و سەرەدانى دەیان دام و دەزگاى حکومى وکتێبخانەکانى دهۆک و هەولێر و چەند شارێکى تر ، هەمووشى لەسەر ئەرکى خۆم بوو وەکۆ خەرجى هاتۆچوو و کڕینى کتێب و کڕینى رەفە و دەیان پێداویستى تر ، نزیکەى چوار هەزار دولارم خەرج کرد تا توانیم هەموو پێداویستى کتێبخانەکە دابین بکەم”
“سەرەتا ٢ هەزار و ٤٠٠ کتێب لەناو کتێبخانەکە دابوون ، بەشێکیان لەسەر حسابى خۆم کڕى و بەشێکى تریش کتێبخانەکان وکومەڵێک دام و دەزگاى حکومى بۆ منیان دابین کرد، ئێستا ژمارەیان نزیکەى ٤٠٠ هەزار کتێبن، ناوى کتێبخانەکەش هەر بەناوى خۆم کرد، رۆژانە ١٠ تا وەکۆ ١٥ کەس لە هەموو تەمەن و رەگەزێک سەرەدانى کتێبخانەکە دەکەن بەمەبەستى خوێندنىەوەی کتێب و بەسەربردنى کاتێکى پڕ لە زانست و خوێندن. ”
کتێبخانەى ئەمیرە، لە هۆڵێکى گەورەى کتێب پێکهاتووە لەگەڵ دوو ژوورى تر کە یەکێکیان تایبەتە بە منداڵان و شوێنێکى تر بۆ خوێندنەوەى کتێبە ، دەیان خوڵى فێربوونى زمانى کوردى و نەهێشتنى نەخوێندەوارى لەناو خەڵکى کەمپدا لەلایەن ئەمیرە کراوەتەوە ”
“جگە لەوەى شوێنەکە تایبەت بە خوێندنەوەى کتێب لەهەمانکاتدا منداڵان فێرى خوێندن دەکەین ، هەروەها خولى نەهێشتنى نەخوێندەوارى بۆ خەڵکى کەمپ دەکەینەوە و پێشکەشکردنى دەیان کۆر و سمینارى روشنبیرى،هەموو ئەمانە بەشێوەى خۆبەخش، هیچ رێکخراوێک هاوکارى ماددى نەکردوم ، تەنیا کارگێرى کەمپ دوو ژوور و شوێنى کتێخانەکەی دابین کردووە، هەروەها رێکخراوى یونیسیف لە رێگاى چاودێرى کۆمەڵایەتى مووچەى دوو کارمەندى کتێبخانەکە دابین دەکات” ئەمیرە عتۆ وا دەڵێت
ئەمیرۆ لە کۆتایدا دەڵێت” لە کتێبخانەکەدا بەهیچ شێوەیەک کتێبێک نافرۆشین تەنیا بۆ خوێندنەوە و سود لێى وەرگرتنە ، تا ئێستا هەزاران کەس سودیان لێ بینیوە، جگە لەئاوارەکانى کەمپى بێرسیڤ دوو ، ئاوارەکانى شنگال لەکەمپەکانى تر روولە کتێبخانەکە دەکەن بەمەبەستى سوود وەرگرتن لە کتێبەکان،ئەگەر هاوکارى و پشتگیرى من بکرێت لە هەموو کەمپەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک دەتوانم لقى کتێبخانەکە بکەمەوە “.
چاوی خەڵک/ تایبەت