هاجەرە لەپێناو عیشقەکەیدا، سکاڵای لەسەر باوکی تۆمارکرد و پێش ئەو خۆی چووە زیندان

photo_2021-09-19_12-47-49

“من ویستم هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکدا بکەم کە باوکیشم دەیناسی، بەڵام باوکم دەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەمدا بکەم، بەو هۆیەوە رێگری لە هاوسەرگیریی من کرد و کاتێک چاومکردەوە سەیر دەکەم لە زیندانم، دواجارش هەمووان بە کێشەکەی ئێمەیان زانی” ئەمە قسەی هاجەرە محەمەدە کە لەدوای کێشەیەکی قوڵەوە، ئێستا لەگەڵ دڵخوازەکەی خۆیدا هاوسەرگیری کردووە.

لە رانییەم، هاتوومەتە سەنتەری ئارامی، ئەوان ماوەیەکی زۆرە لە کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژناندا کار دەکەن، دەیان کەیسی هەستیاریان لەلایە، کە تەنانەت قسەکردن لەبارەیانەوە کێشە دروستدەکات.

دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەبارەی کارەکانیانەوە، ئاشنابووم بە چەندین کەیسی کۆمەڵایەتی زۆر هەستیار، هەندێکیان کێشەکانیان چارەسەر بووە و بەشێکیشیان تا ئێستا هەر کاریان تێدا دەکرێت.

 

“ئەو کەیسەی ویژدانی هەموو راپەڕینی هەژاند”

جوان فەرحان، بەڕێوەبەری سەنتەری ئارامییە، سەنتەرەکە لەناو بەڕێوەبەرایەتی لاوانی راپەڕیندایە، بەڕێوەبەر و سەرجەم ئەندامانی ستافەکە ئێستا بە شێوەی خۆبەخش کار دەکەن، داوام لە جوان فەرحان کرد یەکێک لە کەیسە هەستیارەکانم بۆ هەڵبژێرێت و بە وردی باسی بکەین، ئەو لەسەر قەنەفەیەکی کۆن لە بەرانبەرم دانیشتبوو، دوای تۆزێک بیرکردنەوە، وتی کەیسەکەی هاجەرە زۆر هەستیارە و گرنگە خەڵك بیزانێت.

 

هاجەرە کچێکی تەمەن ٢١ ساڵە، بە رەگەز عەرەبە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هاتوونەتە سنوری راپەڕین و لەگەڵ خێزانەکەیدا بە دەستەجەمعی لە کێڵگەیەکی پەلەوەریدا کار دەکەن.

چیرۆکە ناخۆشەکەی هاجەرە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە کوڕێکی کورد بەناوی کەریم داوای پەیوەندی خۆشەویستی لێدەکات و هاجەرەش بەو پەیوەندییە رازی دەبێت بە ئامانجی ئەنجامدانی هاوسەرگیری.

دوای ماوەیەکی کەم لە پەیوەندییەکە، کەریم کە ناسیاوی باوکی هاجەرەشە، دەچێتە داوای هاجەرە و نیازی خۆی بۆ هاوسەرگیری لەلای بنەماڵەکەی هاجەرە پیشان دەدات.

هاجەرە مەحەمەد، بە (چاوی خەڵک)ی وت “کاتێک کەریم هاتە داوام، راستەوخۆ باوکم رەتیکردەوە بە هاوسەرگیری نێوان من و ئەو رازیبێت، باوکم دەمێکبوو دەیویست من لەگەڵ ئامۆزاکەمدا هاوسەرگیری بکەم”.

دوای ئەوەی کەریم چەند جارێک دەچێتەوە ماڵی هاجەرە و باوکی هاجەرە رەتیدەکاتەوە کە رازی بێت بەو هاوسەرگیرییە، کێشەی گەورە لەنێوان هاجەرە و باوکیدا درووستدەبێت، چونکە هاجەرە سوورە لەسەرئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کەریم بکات.

 

“سکاڵام تۆمارکردن و برامە زیندان”

“من بە باوکمم وت ئەگەر شوو بە کەریم نەکەم خۆم دەکوژم، باوکیشم هەڕەشەی لێکردم و لێیدام، ئیتر من لە ماڵەوە هەڵهاتم و چووم لەلای پۆلیس سکاڵام دژی باوکم تۆمارکرد” هاجەرە وای وت.

لە سنوری راپەڕین هیچ شەڵتەر و ناوەندێکی لێ نییە بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە بە ناچاری دوای تۆمارکردنی سکاڵا، هاجەرە لە زیندانی ژناندا لە راپەڕین ماوەتەوە تا کاتی یەکلاییکردنەوەی کێشەکەی.

“کاتێک ئێمە هاجەرەمان بینی، ئەو لە زیندانبوو، ئێمە بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێ پروشەر و بابەتی هۆشیاری سەردانی زیندانەکەمان کرد، لەوێ هاجەرە هات و باسی کێشەکەی خۆی بۆ ئێمە کرد، لەوێوە پەیوەندی نێوان ئێمە و هاجەرە دروستبوو” جوان فەرحان ئەمەی بۆ (چاوی خەڵک) گێڕایەوە.

بەهۆی سکاڵاکەی هاجەرەوە، باوکی زیندای دەکرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، دادگا لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا خاوە و ماوەیەکی زۆر کەیسەکە بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری ئارامی دەڵێت “ئێمە لە چەندین رێگەوە دەستمان بە کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکە کرد، قسەمان لەگەڵ باوکی هاجەرە و ئەو کەسەش کرد کە هاجەرەی خۆشدەویست، باوکی هاجەرە بە هیچ شێوەیەک رازی نەبوو کچەکەی بە کەریم بدات”.

“دوای مانەوەم بۆ ماوەیەک لە زیندانی رانییە، گواستمیانەوە بۆ سلێمانی، چەند رۆژێک لەوێ بووم، دواتر بە هەوڵی جوان خان و ستافی سەنتەری ئارامی گەڕێنرامەوە بۆ زیندانەکەی رانییە، زیندان زۆر ناخۆش بوو، بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بوومایە، بێگوومان سەلامەت نەدەبووم” هاجەرە ئەمەی گێرایەوە.

من کاتێک ئەم راپۆرتەم ئامادەدەکرد، گومانم هەبوو لەوەی هاجەرە رازیبێت ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بەڵام جوان فەرحان پێی وتم “هیچ دوودڵ مەبە، ئەو رازییە، چونکە هەموو رانییە و قەڵادزێ و ناوچەکە بە کێشەکەی ئەویان زانیوە و شتێک نییە نهێنی بێت”.

 

“لەبەرانبەر بڕێک پارە باوکم رازیبوو هاوسەرگیری بکەم”

هاجەرە کوردییەکی باش نازانێت، بە عەرەبی قسەی بۆ (چاوی خەڵک) دەکرد “لە کۆتاییدا باوکم رازیبوو هاوسەرگیری لەگەڵ کەریم بکەم، بە مەرجێک کەریم ١٠ هەزار دۆلار بە باوکم بدات، کێشەکە ئەوەبوو کەریمیش هیچ پارەیەکی بەدەستەوە نەبوو، زۆر بێهیوابووم کە ئەو مەرجەی دانا”.

“دوای ئەوەی باوکی هاجەرە مەرجەکەی بە ئێمە وت، قسەمان لەگەڵ کەریم کرد و زانیمان ناتوانێت ئەو پارەیە پەیدا بکات، بۆیە ئێمە بیرمان لە چارەسەر کردەوە، داوای هاوکاریمان لە چەند دەوڵەمەندێکی ناوچەکە کرد و توانیمان پارەکە پەیدا بکەین، بەڵام ئەمەش ماوەیەکی پێچوو” بەڕێوەبەری سەنتەری ئارامیی ئەمەی گێڕایەوە.

دوای ئەوەی مەرجەکەی باوکی هاجەرە جێبەجێکراوە، ئیتر هاجەرە لە زیندان هاتووەتە دەرەوە، هاوسەرگیری لەگەڵ کەریم کردووە، بەڵام لەوکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ماڵی باوکییەوە نەماوە.

“من ئێستا زۆر دڵخۆشم وا بۆ نزیکەی ساڵێک دەچێت هاوسەرگیریم لەگەڵ کەریم کردووە، ئەو زۆر باشە لەگەڵم، ئێمە چەند مانگێکی تر منداڵمان دەبێت و دەبینە دایک و باوک، راستە زۆر سەختبوو تا بەیەکگەیشتین، بەڵام ئەوەتا بەیەکەوەین ئێستا” هاجەرە بە قورگێکی پڕ لە گریانی خۆشحاڵییەوە ئەمەی وت و ئیتر کۆتایی بە دیدارەکەی نێوانمان هات.

جوان فەرحان دەڵێت “تەنها هاجەرە نییە، بە دەیان کەیسی لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا هەن، ئێمە رۆژانە رووبەڕووی حاڵەتی لەو شێوەیە دەبینەوە، زۆر سەختە کاتێک دەبینیت ژنێک یان کچێک رووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبێتەوە و هیچ پەناگەیەکیش نییە بۆی بچێت بەتایبەتی لەم ناوچەیەی ئێمەدا، بەڵام ئێمە تا ئەو رادەیەی لە تواناماندا بووە هاوکاری کچ و ژنانی تری وەکو هاجەرەمان کردووە”.

کۆمەڵگەی ئێمە لە هەناوی خۆیدا سەدان چیرۆکی تراژیدی هەڵگرتوە، بەڵام زۆرێک لە ژنان و کچان لەبەر لۆمەی کۆمەڵگە و بەربەستە کلتورییەکان ناتوانن دەنگ هەڵبڕن و کێشەکەی خۆیان باس بکەن.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment