کچانی سەیدسادق دەیانەوێت وەرزش لە قەزاکەیاندا بکەنە کولتوور

IMG_20210818_165744

تیپی کاراتی کچانی یانەی وەرزشی سە یدسادق لەساڵی ٢٠١٦ دروست بووە. لە سەرەتای دروست بونیشیەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکاندا کردووە و توانویانە پلەی نایاب بەدەست بهێنن. تیپەکە بە ٢ یاریزان دروست بوو، لە ئێستاشدا لە ٢٠ یاریزان پێکهاتووە.
ڕاز علی عەبدوڵڵا، تەمەنی ١٥ ساڵە و ماوەی پێنج ساڵ دەبێت سەرقاڵی یاریکردنە، ئەو ئێستا لەقۆناغی دەی ئامادەییە. ئەو خاوەنی شەش پشتێنە و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ ڕاهێنان دەکات.خێزانکەشی بۆ ئەو مەبەستە پاڵپشتیان کردووە، بەتایبەت برایەکی زۆر هاوکاری بووە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە ڕاهێنان و یاری کردن.


” لەڕێگەی هاوڕێیکمەوە هاتم بۆ ئەو یانە، چونکە یاری کردن خولیای مناڵیمە، پڕبەدڵ حەزم لەم یارییە یە و تامەزرۆییەکی زۆرم بۆی هەیە، توانای یاریی کردنم زۆر باشە، دەمەوێت پلەیەکی زۆر باش بەدەست بهێنم،تاکو بتوام کچانێکی زۆر لە ڕێگەی منەوە بەشداری ئەم یاری و ڕاهێنانانە بکەن وخزمە تێک بە شار و وڵاتەکەمان بکەین.”ڕاز عەلی وای وت
ئاستی یاریکردنی ڕاز لەئاستێکی زۆر باشدایە، هەندێک کات وەک ڕاهێنەری یاریدەدەر ڕاهێنان بە یاریزانانی تیپەکەی دەکات.
ڕاز وتی” بەشداری پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیم کردووە کە ٥ وڵاتی دەرەوە بەشداربوون، هەروەها لە پاڵەوانێتی عێراق و کوردستانیش بەشداریم کردووە، لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمم بەدەست هێناوە و لە کوردستانیش پلەی دووەم، بەردەوام یاری دۆستانەش دەکەین بۆ زیاتر بەهێزبوونی تواناکانمان.”

دەریا عومەر ئەمین ١٧ساڵەو ماوەی ٥ساڵە لەتیپی کاراتی وەرزشی سەیدسادقە، ئەو لەڕوی تەمەنەوە لە هەمو بەشداربووەکان گەورەترە، چونکە کاتێک کچان گەورە دەبن واز لەیاریکردن دەهێنن.
دەریا بە(چاوی خەڵک)ی وت” خێزانەکان ڕێگرن لەبەردەوامی کچان لە یاری کردن، چونکە ڕاهێنەرەکان پیاون، بەمەش لە ئاستێکی کەم واز دەهێنن و ناگەنە ئاستی ڕاهێنەری، بۆیە ڕاهێنەری ژن لەمشارەدا نیی، .ئەگەر ڕاهێنەرەکان ژن بێت ئاسودەتری بۆ کاتی ڕاهێنان.”


” لەلایەن دەوروبەرەوە زۆر جار توشی ڕەخنەو توانج بوینەتەوە، پێم دەڵێن بۆچی واز ناهێنیت؟ تۆ سەرقاڵی چیت؟ منیش دەڵێم حەزو خولیا و ئامانجی تایبەتیم هەیە، بۆیە هەرگیز وازناهێنم وخاوەنی پشتێنی قاوەیشم.”دەریا وای وت
کچانی تیپەکە لە تەمەنێکی منداڵییەوە دێنە ناوبواری وەرزش و یاری کردن و بەو ئامانجەی ببن بە ڕاهێنەر.

سیما ئومێد یاریزانی تیپی کاراتی سەیدسادق بە(چاوی خەڵک)ی وت:ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی یاری کردنم. لە قۆناغی پێنجی بنەڕەتییەوە ە دەستم پێکردووە. لە منداڵییەوە حەزم لە یاری کردن بووە، ئێستاش دەمەوێت ڕاهێنەری بکەم بۆ ئەو کچانەی کە ناتوانن لەگەڵ ڕاهێنەری کوڕ یاری بکەن. ئێمە دەمانەوێت وەرزش بکەینە کولتور بەتایبەت کاراتی.


زۆر جار ژنان هۆکاری سەرکەوتنی ژنان و کچانی ترن

سۆما ئازادی ١٧ساڵیش دەڵێت” دایکم هەمیشە هاندەرمە بۆ بەدەست هێنانی پلەی بەرزتر لە پاڵەوانێتییەکاندا، ئەگەر ڕۆژێک لەبەر خوێندن نەتوانم بێم، ئەوا دایکم پێم دەڵێت دەبێت کاتەکانت دابەش بکەیت و نابێت داببڕێت.


سەربەست عەبدولقادر محەمەد ڕاهێنەر لە کاراتی سەیدسادق لەوبارەیەوە وتی” کچان سەرکەوتوتر و جدیترن لە کوڕان، ئەوان بە حەزو خولیا دێن بۆ ڕاهینان، هەمیشە لە پێش ڕاهێنەرەوە ئامادە دەبن.وەک یانەکەش ئامانجمان دروست کردنی ڕاهێنەری کچانە، بەڵام لە ڕووی پێداویستییەوە لاوازین نە ناوەندی حکومی نە مەدەنیش هاوکارمانین.

 

 

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment