لێهاتوویی ژنان وادەکات لە هەرشوێنێک بێت بتوانێت کار بکات

photo_2021-09-13_13-23-48

دراوسێیەکمان دەچوو بۆ خولی درومان، منیش زۆر حەزم دەکرد بەشداری بکەم، پێموت دەەمەوێت منیش بێم لەگەڵت بۆ ئەوەی فێربم و کارێک بکەم.

نەجمە ڕێبەر و خێزانەکەی چەند ساڵێکە وەک پەنابەر لەسلێمانی دەژین و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆ ئەوەی هاوکاری دارایی خێزانەکەی بکات، پێویست بوو لێرە کارێک بکات.

“پێشتر کەمێک درومانم دەزانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشداری خولێکی درومانم کرد لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان(PDO) توانیم زۆرباشتر فێربم. هەرچەندە جاران وەکو پیشە ئەو کارەم نەکردبوو، چونکە پەنابەرم ناچارم کاربکەم تا بژێوی ژیان دابین بکەم و هاکاری هاوسەرەکەم بم .” نەجمە ڕێبەر وای وت

پڕۆژەی( بەرزکردنەوەی توانا ئابورییەکانی ژنان) تایبەتە بە گەشەپێدان بە توانا ئابوورییەکانی ژنان، بەتایبەت ژنانی پەنابەر، ئاوارە وئنجا خانەخوێ. لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەشەوە توانراوە سودێکی زۆر بگەیەنرێت بە ژنانی بەشداربوو لە چوارچێوەی ئەنجامدانی سیمینار و کردنەوەی چەند خولێک بۆیان.

سورێن عەبدوڵڵا؛ بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لەو بارەیەوە وتی” ئەو پڕۆژەیە پاڵپشتی دارایی لە لایەن ڕێکخراوی(تیراتێک)ەوە دەکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و هەموو ئەو بەشانەی پڕۆژەکەی لێ پێک هاتووە.”

لە چوارچێوەی پڕۆژەی(بەرزکردنەوەی توانا ئابورییەکانی ژنان )دا، دەرفەتێک هەیە بۆ کردنەوەی دوکان بۆئەو ژنانەی بەسەرکەوتویی هەموو کۆرسەکانیان بڕیبێت و بە ویستی خۆیان بیانەوێت ببن بەخاوەنی کارو بازرگانی، کە تێیدا ٧ گروپ دروست بوون پێنجیان بۆ کاری درومانی و دوانەکەیتریان بۆ دروستکتردنی شیرینی بووە.

نەجمە ڕێبەر دەڵێت” ئاگادارکرامەوە کاتێک خولەکە تەواو دەبێت دەتوانم لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە دوکانێکی بەرگدوری دابنێم، هەر خۆشیان سەرجەم پێداویستییەکانم بۆ دابین بکەن، دەستم پێکرد سەرەتا کارەکە خاوبوو، موشتریم کەم بوو چونکە کەس نەیدەناسیم، بەڵام ئێستا دووکسی تریش لەگەڵم کاردەکات بەهۆی ئەوەی کارەکان زۆرن و فریا ناکەوم، دڵ خۆشم بەم دوکانە، چونکە بژێوی سێ خێزانی لەسەرە.”

نەجمە هیچ کات کێشەی بۆ دروست نەبووە لە کارەکەیدا، ئەو ستایلە جیاوازەکان دە دورێت و ئێستا ناوبانگێکی باشی هەیە کە موشتەرییەکانی تەنیا لە دەوروبەری خۆی نییە و ڕێگەی دوور دەبڕن تاکو نەجمە پۆشاکەکەیان بۆ بدورێت.

کاتێک ئەو دوکانانە بۆ ٧ گروپەکە کرانەوە توانرا بە پاڵپشتی ڕێکخراوی (تیراتیک) بۆ ماوەی سێ مانگ سەرجەم خەرجی دوکانەکان لە کرێی دوکان، کرێی مۆلیدە، خەرجی کەل و پەل و پێداویستییەکان دابن بکرێت تا ئەوکاتەی سێ مانگەکە تەواو دەبێت و ئەو ژنانە لەو ماوەیەدا بتوانن لەسەر پێی خۆیان و بەتواناکانیان دوکانەکان ببەن بەڕێوە و خەرجییەکانیش خۆیان دابینی بکەن.

لەهەمان کاتتدا ئێستا ماوەی سێ مانگەکە تەواو بووە، بەڵام ئەو ژنانە لە دوکانەکان بەردەوامن لەکارکردن، ئەوەش لەڕووی ئاباوورییەوە مانای ئەوەیە داهاتیان هەیەو دەتوانن بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن.

ماڵمان نزیکە لەم دوکانەوە، ئەو ژنانەی خولەکەیان بینی توانیان من فێری کاری دروستکردنی شیرینی بکەن، جاران چەند شتێکی سەرەتاییم دەزانی، بەڵام نەمدەزانی شیرینی وا دروستنکەم بۆ بازار ببێت و بەپێی داواکاری هاوڵاتیان بێت. ئێستا لێرە سێ کەسین و دوومانگە من لێرە لەگەڵیان کاردەکەم، بەڵام دڵخۆشم بەوەی دەتوانم ڕۆژانە داهاتێکی خۆمم دەست بکەوێت.” کەژاڵ ساڵح وای وت.

سورێن عەبدوڵڵا سەبارەت بە ئاستی پڕۆژەکە وتی” پڕۆژەکە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەبەرئەوەی ئێمە لە مانگیکدا دووجار سەردنامان کردون و بەردوام چاودێری کارەکانیانمان کردووە لە ڕێگەی کەسێکی تایبەتی خۆمان لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشە پێدان(PDO) کە گەیشتووین  بەو دەرئەنجامەی ئەوژنانەی بەشداربوون لە کۆرس و ڕهاینانەکان سوودیان بینیووە، ئەوەی ئەوکارەی ئێستا دەیکەن بەرهەمی خۆیانە.”

جێی باسە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی(بەرزکردنەوەی توانا ئابورییەکانی ژنان ) بۆ ئەوەیە پشت بەتواناکانی خۆیان ببەستن، ئەوەش لە ڕێگەی ئەو لێهاتوویی و شارەزاییەی فێری بوون لە چوارچێەی پڕۆژەکەدا.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment