ژنان لە براند بازاڕی کارگەی کولتوری

Untitled design (10)

لە سلێمانی و لەنێو کارگەی جگەری سلێمانی پرۆژەی براند بازارێکی نێودەوڵەتی کرایەوە کە تێیدا چەندین کاڵاو شمەکی جۆراوجۆر تێدا نمایشکرا. وەک هەمیشە ژنانیش جێدەستی خۆیان دیاریدەکەن بە نیشاندانی کاری دەستی، براندی بۆن و مەیک ئەپ و پرۆژەکانیان.

خۆشی شەوقی یەکێک لەو ژنانەی لە بازاڕەکەی کارگەی کلتور بەرهەمە دەستیی و سروشتییەکانی دەفرۆشت بۆ چاوی خەڵک وتی “من نەخۆشی درێژخایەنم هەیە کاتێک لە نەخۆشخانە بووم لە ئەڵمانیا ڕاهێنانی تێراپییان پێدەکردین بۆ بەسەربردنی کات، فێری وێنەکێشان و کاری دەستی و سابوون دروستکردنیان دەکردین. منیش هەر ئەو کات زۆرم حەز لە دروستکردنی سابوون کرد و خۆیشم چەند خولێکی دیکەم بۆ بینی.”

 

خۆشی
خۆشی

 

خۆشی باسی سەرەتای دەستبەکاربوونی کرد “کە لە ئەڵمانیا گەڕامەوە چومەوە سەر کارەکەم کە مامۆستایەتی بوو بەڵام هەر زوو کەرەنتینە ڕاگەیەندرا و جگە لەوەش موچەمان پێنەدەدرا، بۆیە بڕیارمدا دەست بەم کارە بکەم چەندین کرێم و سابونم دروست کرد لە بابەتی سروشتی بەتایبەت لە مێوی شاخ ئەو مێوە مێشەکەی قەزەمە تەنها لە شاخەکان دەستدەکەوێت و ئەگەر شەکری پێبدەیت دەمرێت لەبەر ئەوە کەس ناتوانێت ساختەی بکات و بە تەواوی سروشتییە.”

ئەم مێشە لە سەرتەکی بۆمۆ و لە قەندیل زیاتر دەستدەکەوێت و سودیشی زۆرە و بۆ پەڵە و چەوریی پێست بەکاردەهێنرێت جگە لەوەەی لێرە دەستم بەم کارە کردووە و بە هاوکاری هاوسەرەکەم، ئێمە بەرهەمەکانمان دەنێرینە دەرەوەی وڵاتیش بۆ نمونە ئەڵمانیا ئەمریکا.

لە کۆتاییدا خۆشی وتی “پارە تەنها بە نەوت پەیدا ناکرێت ئێمە شتی دیکەی تایبەت و زۆر گرنگمان هەیە کە دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوری بۆ وڵاتەکەمان.” خۆشی شەوقی ماوەی ٣٣ ساڵ مامۆستای بەشی شێوەکاریی بوە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی.

نیا یەکێکی تر بوو لە بەرهەمهێنەر و فرۆشیارەکانی براند بازاڕی کارگەی کولتوری، نیا لە پێست و قژدا کاردەکات و ئامانجی ئەوەبوو بەرهەمی کوردی بە خەڵک بناسێنێت.

 

نیا

 

نیا دەڵێت “من دەمەوێت لە ناوخۆ و دەرەوەش بەرهەمەکانم بناسرێت و بتوانم بەرهەمەکانم ڕەوانەی دەرەوە بکەم چونکە خاکی کوردستان و خاکێکی بەپیتە دەکرێت کەرەستەی گرنگ و بەسودی لێدروست بکەین.”

نیا دەربارەی بەرهەمەکانی دەڵێت “من سابوون و شامۆ و کرێم و سوراو و بابەتەکانی کێش دابەزاندن و سەرخستنی کێش و مەعجونی ددان دروست دەکەم.”

دەربارەی سەرەتای دەستبەکاربوونی وتی “سەرەتا بە تەنها ئەم کارەم کرد بەڵام لە ئێستادا هەموو خێزانەکەم لەگەڵمدا سەرقاڵن، ئێستا گەیشتوینەتە قۆناغێک کە هەرکەسێکیان پسپۆڕیان لە بەشێکی کارەکەدا هەیە ئێستا کارەکەم وەک براندێکی لێهاتووە و ناوم ناوە سروشتی نیا

نینا دەربارەی ئومێد و ماندوبوون لای گەنجەکان دەدوێت “سەرەتا کە دەستم بەم کارە کرد لە مەنجەڵێکی زۆر بچوکەوە دەستم پێکرد ئێست چەندین جیهازی گەورەی زۆر باشم هەیە، هەربۆیە داوا لە هەموو گەنجەکان دەکەم کاتێک بەهرەیەک یان توانایەکیان هەیە هەرگیز بێئومێد نەبن و بەردەوام بن باوەڕیان بە خۆیان هەبێت”

ئەفرۆدیت کامیل خاوەنی پڕۆژەی بکڕە و ببەخشەیە کە پڕۆژەیەکی قازانج نەویستە و هەوڵدەدات و بۆ دابینکردنی پزیشک و دەرمان و پێداویستی تەندروستی بۆ کەسانی کەمدەرامەت.

 

ئەفرۆدیت

 

ئەفرۆدێت بۆ چاوی خەڵک دوا “جیاوازی پڕۆژەکە لە شێوازی بەشداریکردنیدایە هەر بەڕێزێک کاڵایەکی هەیە کە پێویستی نییە و بەکاری ناهێنێت دەتوانیت بیبەخشیت بەم پڕۆژەیە یاخود دەتوانیت کڕیار بێت لە پەیجی فەرمیمان یاخود بە بڕێکی پارە دەتوانیت بەشداری بکات.”

ئەفرۆدێت باسی سەرەتای دەستبەکاربوونی لەم پڕۆژەیەدا دەکات “من گەنجێک بووم کاتێک لە کۆلێژ دەمخوێند ڕۆژانە جلی جیاوازم لەبەر دەکرد و دواتر کاتێک دەمویست بیبەخشم هەندێک جار هەستم دەکرد ئەو خێزانە پێویستییان بە جلەکانی من نییە و ئەوان کەمدەرامەتن و نەخۆشێکیان هەیە کە پێویستی بە چارەسەرە بۆیە لە بەشەکەی خۆمدا دەستم بەم کارەکرد و ئەم کارە بە تەنها بە من ناکرێت بەڵکو بە هاوکاری یەکتر دەتوانین خزمەتگوزاری بگەینینە خێزانە کەمدەرامەتەکان.

دەربارەی کاردانەوەی هاوڵاتیان بۆ پڕۆژەکەیان وتی “زۆرینەی ئەوانەی هاتوون بیرۆکەکەیان زۆر پێ باشە و زۆرێک هاتوون جلەکانیان هێناوە کە پێویستیان نییە ئێمە لێرە دەیفرۆشین و پارەکەی دەخەینەوە خزمەتی کەمدەرامەت و نەخۆشەکان یاخود، هەندێکی تر تەنها بە بەخشینی پارە بەشدارییان کرد. ئێمە سەرجەم جلەکانی منداڵ و ژنان و پیاوان وەردەگرین.

ئەفرۆدێت ڕایگەیاند چەند مەرجێک هەیە بۆ وەرگرتنی جلەکان “ئەو بەڕێزەی کە جل دەبەخشێت دەبێت نەخۆشی گوازراوەی پێستی نەبێت و ئەو کاڵایەش کە دەیبەخشێت پێویستە کۆن نەبێت و دڕاو و کۆن نەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی تر حەزیان لێبێت و بیکڕن.

هەرزان بازاڕی کارگەی کلتوری ماوەی ١٠ ڕۆژ لە کارگەی کولتری کراوە دەبێت و چەندین بەرهەمی ناوخۆیی و دەرەوەی تێدا نمایش دەکرێت و دەفرۆشرێت.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment