کچێکی ٢٠ ساڵ بەڕێگای شانۆ دەیەوێت ئاستی قوربانیانی ژنی ئێزیدی بگەیەنێتە جیهان

241405287_339402304550644_7767941103201182998_n

کچێکی ئێزیدی خەڵکی شنگال دوای ئەوەی هەلی خوێندنی بۆ ڕەخساوە، توانی لە دەرەوە بەردەوامی بە خوێندنی بدات، لە ئێستادا کاری ئەکتەری دەکات و شانۆ پێشکەش دەکات، بەم ڕێگایەش هەوڵ ئەدات دەنگی زوڵم لێکراوی میللەتەکەی و تایبەت ژنانی ئێزیدی بگەیەنێتە وڵاتانی جیهان.

ئیناس ئەلیاس تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی ناحیەی سنونێ یە لە باکووری قەزای شنگال، لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ و لەیەکێک لە کۆلێژەکان وانەی سینەما دەخوێنێت و ماوەی دووساڵە کاری ئەکتەریش دەکات.

ئیناس وتی” میللەتی ئێزیدی بە تایبەت ژنان هەموو جارێک قوربانی دەدەن، دواین جاریش لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ژمارەیەکی زۆر کچ و ژنە ئێزیدییەکان ڕفێندران و ڕووبەڕوی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی بوونەوە ،هەروەها لەئێستاشدا ئەوانەی کە ڕزگاریشیان بووە،  ژیانیان قورسە چونکە زۆربەیان لە کەمپەکان دا نیشتەجێن.

ئەو کاتەی  هەلی خوێندنی لەدەرەوە بۆ ڕەخسا، ئەوەی بە دەرفەتێک بینی کە دەنگی ژنانی ئێزیدی بگەیەنێتە دەرەوە، لەم بارەیەشەوە چەند شانۆییەکی لە ئەڵمانیا پێشکەش کردووە  وخێزانەکەشی هاوکاریان کردووە، چونکە دەزانن ئەو لەسەر گەیاندنی پەیام و دەنگی ڕاستەقینەی ژنان کار دەکات، بۆیە دەیەوێت خێزانی هەموو کچان و ژنان هاوکار و پشتیوان بن بۆ ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن کاری خۆی بە ئازادی و بێ ئاستەنگ ئەنجام بدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ڕۆڵی ژنان لە ئەکتەری بە تایبەت شانۆ  زۆر گرنگە، بۆیە داوا دەکەم ئەو کچ و ژنانەی کە توانای ئەوەیان هەیە ڕوو لەم کارە بکەن، هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە زیاتر هاوکار و پشتیوانی ئەکتەران بن، چونکە ئاستی شانۆ لە شنگال زۆر باشە، بەڵام هاوکاری نییە و ئەگەر شوێنی پێویست بۆیان دابین بکرێت بێ گومان کاری باشتر پێشکەش دەکەن.

ئیناس ئەوەشی خستە ڕوو، دەبێت هەر کچ و ژنێک لە جێگەی خۆیدا نە وەستێت، بەڵکو هەوڵ بدات دەنگی خۆی بگەیەنێت ئنجا بە ڕێگای نووسین بێت یان کاری هونەری وەکو شانۆ یان هەر ڕێگایەکی تر بێت گرنگ ئەوەیە بەس نە وەستین.

تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ١٢٠٠ کچ و ژنی ئێزیدی دیار نییە، بۆیە ئیناس لە ڕێگەی شانۆ هەموو هەوڵی ئەوەیە ئەو ناحەقی و زوڵمەی بەسەریان دێت بۆ هەموو لایەک دیار و ئاشکرا بکات، بۆ ئەوەی بزانن کە لە سەدەی ٢١ دا و لەو کاتەی کە باس باسی مرۆڤایەتی و مافی و ژنانە چی بەسەری کچ و ژنانی ئێزیدی دێت و هەموو جیهانیش لەسەر بێ دەنگ و بێ هەڵوێستە.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment