ژنێکی کورد وەک یەکێک لە ژنە کاریگەرەکانی گەشە و پەرەپێدانی یەکسانی لە کۆمەڵگای سویددا، دیاریکرا

photo_2021-02-04_11-19-38

هەڵاڵە ڕافع ژنێکی کوردە و ناوی لەگەڵ ئەو پازدە ژنەدا هاتووە کە چەتری سەراسەری نەتەوەیی ڕێکخراوەکان  Unizon وەک ژنە کاریگەرەکانی گەشە و پەرەپێدانی یەکسانی لە کۆمەڵگەی سویددا، دیاریکردوون.

هەڵاڵە ڕافع یەکێکە لەو ژنانەی لاپەڕەیەکی ڕۆژمێری ساڵی ٢٠٢١ Unizonی بۆ تەرخان کراوە و لەسەر ڕوپەڕی لاپەڕەکە جگە لە وێنەی هەڵاڵە پەیڤێکیشی نوسراوە “کاتێک ژنێک لە سوید دەژی و داوای کۆمەک و پشتیوانی بۆ چارەسەری کێشەکەی دەکات، دەبێت ژنەکە سەنتەر بێت و بەهەند وەربگیرێت نەک ئایین و نەریت”.

چەتری سەرانسەری نەتەوەیی ڕێکخراوەکان  Unizon وێنەی ژنە چالاکەکانی وڵاتی سوید لە شێوەی ڕۆژمێرێکدا بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاودەکاتەوە و هەڵاڵە ڕافع دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمیتەی نێونەتەوەیی بۆ مافی ژنان – سەنتەری نینا لە سوید یەکێکە لە ژنانەی لەپەڕەیەکی ڕۆژمێرەکەی بۆ تەرخان کراوە.

لە ڕۆژ ژمێرەکەدا نوسراوە: “مافەکانی ژنان و منداڵان بەدەست نەدەهات بەبێ هەموو ئەو ژنانەی کە بەشێوازی جۆراوجۆر خۆیان ڕێک خستووە و پێکەوە خەباتیان کردووە. لە یادنامەی ڕۆژژمێرەکەماندا ڕێزلێنان بۆ کۆمەڵێک لەو ژنانە دەکەین کە دووربین و پشودرێژ و ماندونەناسانە لەناو ڕێکخراو و پارتەکاندا خۆیان ڕێک خستووە، تا بۆ ژیانێکی باشتر بۆ ژنان و منداڵان گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەکەماندا دروستبکەن. کۆمەڵگا دیموکراسیەکەمان بە ئێوەوە ڕاوەستاوە. سوپاس بۆ ئێوە و هەموو ئەوانەی تر کە ڕۆژانە بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان و خاڵی لە توندوتیژی هەوڵدەدەن.”

هەڵاڵە ڕافع نزیکەی ٣٠ ساڵە ئەزموونی کارکردنی لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت ژنان، پرسی جێندەر و توندوتیژی خێزانی لە نێو پەنابەر و کۆچبەراندا هەیە. ئەزموون و زانیارییەکانی وەک شارەزایەک لە لایەن خەڵکانی ئاسایی و پسپۆڕان و دەزگا ڕەسمیی و دەوڵەتییەکانەوە سودی لێوەردەگیرێت و بەکاردەهێنرێت.

یەکێکی دیکە لەو ژنانەی هاوشانی هەڵاڵە بۆ ڕۆژمێرەکەی Unizon هەڵبژێردراوە ‘مارگۆت واڵسترۆم’ە کە لە دو خولی یەکیەتی ئەوروپادا نێوەندگیر بووە و لە دوخولی هەڵبژاردندا وەزیری دەرەوەی سوید بووە، تا لە ٢٠١٩ دەستی لە کاری وەزارەت کێشایەوە تا کاتی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەیدا بباتە سەر.

هەڵاڵە دەربارەی هەڵبژاردنی لە ڕۆژمێرەکەدا دەڵێت “زۆرن ئەو ژنانەی کە بۆ مافەکانی ژنان و یەکسانی هەوڵ دەدەن، بۆیە باشتر دەبوو ئەگەر ناوی هەموو ئەوانەشی لەنێودا بووایە. بەڵام لە ڕۆژژمێرێکدا جێگای زیاتر لەو ژمارەیە نابێتەوە. ڕەنگە لە ڕۆژژمێری ساڵی داهاتودا لەبری ئەوەی ژمارەکان بەپێی مانگەکان بێت، ژمارەی هەفتەکان دابنرێن باشتر بێت.”

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment