نازک بەرەکاتی ئێزیدی وەكو نوێنەری خۆی بۆ كاروباری رزگاربووانی دەستی داعش دیاریكرد

EtFKd6EXYAA-6SA

حكومەتی هەرێمی كوردستان ژنێکی ئاوارەی ئێزیدی وەكو نوێنەری خۆی بۆ كاروباری رزگاربووانی دەستی داعش دیاریكرد

نازک بەرەکات لە دایکبووی شەنگالەو لە ١٩٩١ لەدایک بووە ، بەهۆی ئاوارەییەوە شەش ساڵە لە دهۆک نیشتەجێیە، لە کەمپی ئاوارەکانی شاری دهۆک وەک چالاکوانێکی مەدەنی کاردەکات.

هەروەها چەندین وتار و چاوپێکەوتنی هەیە لە ڕێگەی کەناڵ و پەیجەکانی سۆشیال میدیا و بەشداری کردوە لە فیستیڤاڵ و کۆنفرانسە جیهانی و ناوخۆییەکاندا، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕزگاربووی بواری چارەسەرکردن و ئاوەدانکردنەوەدا.

لە ئێستادا لە بەشی پاراستنی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کار دەکات و  هەروەها بلۆگەر و سەرنووسەری چەندین لاپەڕەی وێب سایتە و نوێنەری حکومەتی هەرێمە لەبارەی پڕۆژەی چارەسەرکردنی ڕزگاربوانی داعش.

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا لەبۆنەی جەژنی سەری ساڵدا جل و بەرگی زستنانەی بەسەر منداڵانی ناوکەمپەکان دابەش کردووەو لەمساڵیشدا بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵ لە ١٥/١٢ بە یاوەری کۆمەڵێک خێرخواز ٦٠٠ دیاری جل و بەرگی زستانە و یاری و پەڕاوگە بەسەر منداڵانی کەمپەکانی شاری چاریا دا دابەش کرد و ئەم هەڵمەتەش بە هاوکاری کۆمەڵگەی ئینجیل و کەنیسەی ئانابابەتیس و کۆمەڵێک خێرخواز لە موسڵ و سنجار و کۆمیدی دۆمیز بوو.

هەروەها لە ٢٥/ ١١ساڵی ڕابردوو ٣٠٠ ( سەبەتەی خۆراک ) بەنزیک بوونەوەی ڕۆژەکانی ڕۆژووی ئێزی دابەشکرد بەهۆی سەختی باری ژیان و بارودۆخی ئابووری لە چادرەکانی قەراغی ناوچەی چاریای ئاوارەی شەنگال، بە پشتیوانی کۆمەڵگای ئینجیل و نیۆ بوو.

لە پێشینەی كارەكانی هاوكاریكردنی ئەو كچ و ژنانەیە كە لە دەستی چەكدارانی ئەو رێكخراوە رزگاریان بووە و ڕووبەڕووی كێشەی دەروونی بوونەتەوە.پڕۆژەکە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ژنانی ڕفێنراوی دەستی داعش بۆ ناو كۆمەڵگە، ئەوەش لەڕێی سەنتەرێكی تایبەت کە بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە لە بەغدا  سەر بە حكومەتی عیراقە.

لە ئێستادا لەو سەنتەرەدا ژمارەیەك لە ژنان چارەسەری دەروونی وەردەگرن، دواتر بۆ شوێنی خۆیان و ناو خێزانەكانیان دەگەڕێنرێنەوە و بڕی ٥٠٠ هەزار دیناری وەکو هاوکاری پێدەدرێت.

ئەو پڕۆژەیە بەر لە دەستبەكاربونی نازک هەبوو ئەو بەردەوامی بەم هەنگاوە دەدات

بەر لە وەرگرتنی ئەو لێپرسراوێتییەش كەسێكی چالاك بووە لەناو ئاوارە ئێزیدییەكان و كەمپەكان، لەگەڵ چەند ڕێكخراوێكدا كاریدەكرد لە پێناو هاوكاریكردنی ئاوارەكان، کە ئەمانە  بەشێکن لە کارەکانی.

 

Leave a comment