ژنان کاری دیزاینی خشڵ لەدەستی پیاوان دەردەهێننەوە

3N7A5220

بۆ یەکەمینجار وۆرکشۆپێک لەبارەی بارزگانی و دیزانیکردنی خشڵ لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی ئەنجامدەدرێت، ئەویش بەناوی (دیزان و بازرگانی خشڵ لەسەردەمی قەیراندا)، تێیدا ژمارەیەکی زۆری بەشداربوان ژنانن و لەکۆی (٢٣) بەشدرابوو (٢١)یان لە ڕەگەزی مێیە، هەر لەو ڕێگەیەشەوە دەستی کاری ژنان دێتە ناو بازاڕی خشڵەوە کە تائێستا بۆشاییەکی گەورە هەیە و هیچ ژنێک کاری لەو بوارەدا نەکردووە.

پڕۆگرامی جیهانی بۆ پەرەپێدانی پێشخستنی پیشەسازی کلتوری لەلایەن کارگەی کلتوری سلێمانی بیرۆکەکەی پێشکەشکراوە، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامەشدا وۆرشۆپێكی سێ مانگی ئامادەکراوە و کە لەلایەن ڕێکخراوی گۆتەوە پاڵپشتی دەکرێت،  لەهەمان کاتیشدا بەشداربوان پشتیوانیی داراییی وەردەگرن.

سۆران نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە(چاوی خەڵک)ی وت “بەشداربووەکان خۆیان ژنانی دەستڕەنگینن و باکگراوندێکیان هەیە لە دیزانکردنی بابەتی تردا وەک کاری دەستی بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆیان، لە مانگی یەکەمیاندا دەچنە پڕۆسەی فێربوونەوە وەک بڕین، لەحیم، ڕاکێشان و دروستکردن و ئەو شتە سەرەتاییانەی پێویستە بۆ وۆرکشۆپەکە، پاشان مامۆستایەکی ژن کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پسپۆڕە لە دورستکردنی خشڵ و نەخشی سەر بەرددا، مانگێک وانە بە بەشداربووەکان دەڵێتەوە.”

دروستکردن و دیزاینکردنی خشڵ لە کۆندا لەلایەن جولەکەکانەوە هاتە سلێمانی و تەنیا پیاوانیش کاریان تێدا کردووە، تائێستاش وەستایەکی ناسراو نییە لەو بوارەدا کە ژن بێت.

کاروان قادر مارف، ماوەی ١٤ ساڵە لە بواری دروستکردنی و دیزاینکردنی زێردا لە سلێمانی  کاردەکات، ئەو ئێستا وانە بە بەشدرابووەکانی وۆرکشۆپەکە دەڵێتەوە، پێیوایە کاری دیزاینکردنی خشڵ لەلایەن ژنانەوە باشتر بێت.

کاروان قادر دەڵێت “ئامانج لە وۆرکشۆپەکە بۆ ئەوەیە لەومەودوا ژنان لەو بوارەدا رۆڵیان هەبێت، کاتێک پیشەوەرێکی ژن کاری دروستکردنی خشڵ دەکات زیاتر لە خواست و داواکاری ڕەگەزی خۆی تێدەگات، چونکە ئەو پیشەیە بۆ جوانکاری ژنانە و هەمیشە بیرۆکە و سەلیقەیان لەو کارەدا لە پیاوەکان جوانترە، بەو پێیەی پیشەکە وردەکاری و تەحەمولێکی  زۆر دەوێت.”

هاوکات لە کاتی وۆرکشۆپەکەدا لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە کاری بازاڕگەری فێری بەشداربوان دەکرێت، بۆئەوەی  پەرە بە تواناکانیان بدەن، ژمارەیەکی زۆریان ئۆفەری ئەوەیان پێدراوە ببن کارمەند لای زەڕەنگرەکان بۆ دیزیانکردن و دروستکردنی خشڵ.

بەیان عەبدولڕەحمان، بەشداربوویەکی خولەکەیە و دەڵێت “ئێمە جگە لەوەی ئێستا فێری پیشەکە دەبین، دەتوانن لە داهاتوودا بۆ ژنانی تر سوودمان هەبێت و ئەوانیش فێر بکەین، پێشتر ئاواتەخوازی ئەوەبووم ڕۆژێک بێت و ژنێک زەڕنگەری هەبێت، ئەوەتا ئێستا خۆم لە پڕۆسەی فێربونم بۆ ئەو بوارە.”

ژنان جۆرە خولیایەکی تایبەتیان هەیە لە دیزاینکردنی جلوبەرگ و ئێکسسوارات و بابەتی ڕازاندنەوە وەک خشڵەکان بۆ کاتی بۆنەکان جا تایبەتی بێت یاخود بۆ کاتی ڕۆژانە.

تەنیا کەریم، چالاکوانی و مەدەنی و ڕاگەیەندکارە، یەکێکە لە ژنە بەشدرابووەکانی وۆرکشۆپەکە، ئەو خولیای دروستکردنی بابەتی ئێکسسواراتی هەیە و بەردەوام شت بۆ خۆی دروستدەکات.

“یەکێکم لەو کەسانەی کاتێک بابەتێکی ڕازاندنەوە بە ئامادەکراوی دەکڕم، بەردەوام دەستکاری شێوزای دروستکردنەکەی دەکەم و دەیگۆڕم، یاخود زۆربەی کات خۆم شتەکان لەمورو و  زنجیر و بابەتی تر ملوانکە و بازن دروست دەکەم، ئەمەش خولیای خۆمە بۆیە لەو وۆرکشۆپە بەشداریم کردووە چونکە دوای ئێرەش دەتوانم شتی زۆر جوانترو باشتر دروست بکەم، بەو هۆیەی لێرە بە ئەکادیمی فێری شتەکان دەبم” تەنیا کەریم وای وت.

وۆرکشۆپەکە لە کۆتایی مانگی یانزەدا کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ئیڤێنتێکدا سەرجەم ئەو کارانەی لەو ماوەیەدا بەشداربوان دروستیان کردووە دەخرێنە ڕوو بۆ نمایشکردن و فرۆشتیان.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment