بەهۆی حەزی زۆری بۆ کارەکەی و پشتگیری باوکی، ڕێگری و تانە و تەشەری کۆمەڵگە نەیوەستاندووە، بە ٣٠ ساڵی تەمەنییەوە توانیویەتی ئەنجام و دەستکەوتی سەرسوڕهێنەر لەیاری لەشجوانی و بەرزکردنەوەی قورسایی بەدەست بهێنێت، یەکەمی سەر ئاستی(ئاسیا) کوردستان و عێراق و ئێرانە.
دڵخۆش عەبدوڵا محەمەد لەدایکبوی ساڵی ١٩٩١ی شاری ڕانیەیە، ئەو لەناوچەیەک دەژی کە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان تا ڕادەیەک توندن، بەڵام پشتگیری باوکی دەرگای شکاندنی ئەو کۆت و بەندانەی بۆ دەکاتەوە و لەساڵی ٢٠١٦ەوە بەچڕی دەستی کردووە بە وەرزشی یاری لەشجوانی و بەرزکردنەوەی قورسایی و چەندان خەڵات و مەدالیای لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئاسیا بەدەستهێناوە.
دڵخۆش بە (چاوی خەڵک)ی وت “یاری سەرەکی من لەشجوانییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی موسڵمانە بۆیە لەشجوانی و دەرکەوتنی جەستە کەمێک نەگونجاوە بۆ ئێمە، لەبەرئەوە نەمتوانیووە وەک ئەوەی دەمەوێ جێبەجێی بکەم، بەناچاری هانام برد بۆ هێزی لەش(بەرزکردنەوەی قورسایی)، توانیومە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووجار لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی و ئێرانیش پلەی یەکەم بەدەست بهێنم، واتە ئێستا من پاڵەوانی ئاسیام لە بەرزکردنەوەی قورسایی.”
ئەنجام و خەڵات و مەدالیاکانی دڵخۆش سوچێکی دیواری ژورەکەی داگیرکردووە و ڕۆژانە کە سەیریان دەکات هێز و توانای پێدەدات.
“باوکم زۆر پشتگیری کردوم و تا ئێستا جێی نەهێشتوم و وەک شاخ لەپشتمە” دڵخۆش وای وت.
وتیشی “ئەو مەدالیایانەی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران بەدەستم هێناون ژمارەیان ١٠ مەدالیایە، ٣ لەوان کە لەسەر ئاستی ئاسیا بەدەستم هێناوە لەجۆری زێڕن، ئەوە جگە لەچەندین بڕوانامە و خەڵاتی تری ڕێزلێنان.”
هەرچەندە مەدالیا و خەڵاتەکانی دڵخۆش کە بەدەستی هێناوە لە بەرزکردنەوەی قورساییدابووە، چونکە کۆتە کۆمەڵایەتییەکان رێگربووە لەبەشداری لە پاڵەوانییەتییە لەشجوانیەکان، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: یاری لەشجوانی حەزی زۆری منە و ئەمە واییکردووە کە گوێ بەو لەمپەرانە نەدەم کە هاتونەتە ڕێگام، بۆیە خەریکی شکاندنی ئەو کۆتەم و لەئێستادا ئامادەکاری دەکەم بۆ پاڵەوانییەتییەکان لەدەرەوەی وڵات بۆ یاری لەشجوانی، تا لەو بوارەشدا تواناکانم دەرخەم و دەستکەوتەکانم بچنمەوە.
دەشڵێت “لە وەرزشی لەشجوانی پاڵاوتن کراوە وەک تاکە ئافرەتی سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراوم بۆ بەشداریکردنی پاڵەوانییەتییەکانی لەشجوانی لەدەرەوەی وڵات، دووجاریش خۆم ئامادەکرد، بۆ پاڵەوانییەتی لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و تورکیا، بەڵام لەبەر بارودۆخی کۆرۆنا نەمتوانی بەشداری بکەم و سەفەر بکەم.
کۆکردنەوەی دوو وەرزشی دژیەک(لەشجوانی و بەرزکردنەوەی هێز) لەڕوی زانستییەوە ئەستەم و ماندوکەرە، بەوەی ئەم دوو وەرزشە لەڕوی جێبەجێکردنی بەرنامەی خۆراکییەوە بێچەوانەو دژی یەکترن.
“کۆکردنەوەی هەردو جۆرە وەرزشەکە و خۆگونجاندن لەگەڵیان زۆر قورسە، چونکە هێزی لەش پێویستی بە خواردنی چەور و شیرینییە، لەشجوانیش دژی شیرینی و چەورییە، بەڵام لەبەر حەزی زۆرم توانیومە خۆم لەگەڵ هەردو یارییەکە بگونجێنم”دڵخۆش عەبدوڵا وای وت.
یاری و ڕاهێنانەکای دڵخۆش لەهۆڵەکانی لەشجوانی لەگەڵ پیاوانە، جگە لەتەرخانکردنی کات بۆ ڕاهێنانەکانی خۆی کاتی بۆ ئافرەتانی تریش تەرخانکردووە.
“زۆر گرنگی بە تەندروستیم دەدەم، ئەو یاریانەی من پێویستیان بە ڕێکی خەو و خۆراکی باش و ڕاهێنان و کۆرسی زانستی تایبەت هەیە و بەشێوەی عەشوائی ڕاهێنان ناکەم، ڕۆژانە لانی کەم دوو کاتژمێر ڕاهێنان دەکەم و چەند نەخۆشێک و ئافرەتی تریش هەیە کە ڕاهێنانیان پێدەکەم “.
لەبەر ئەوەی وەک ڕاهێنەریش لە یەکێک لە هۆڵەکانی لەشجوانی کاردەکات، بەریەککەوتنی ڕۆژانەی لە هۆڵەکانی لەشجوانی و لەکاتی ڕاهێناندا لەگەڵ ئافرەتان هەیە “زۆرجار بووە کە ئافرەتان حەزی زۆری خۆیان دەربڕیووە بۆ وەرزش و لەشجوانی، بەڵام دەرفەتیان نەبووە، ئامۆژگاریم بۆ ئافرەتان ئەوەیە کە نەترس بن و زیاتر بێنە ناو وەرزشەوە، ئەو تانە و قسانی کە بەمن وتراوە بەهەمو کەس قبوڵنەدەکرا، بەڵام خۆڕاگری خۆم وەک کێو منی هێشتەوە، چونکە من بۆ ئەوە نەهاتوم گوێ بۆ ئەو قسانە بگرم، پێش هاتنە ناو وەرزشەوە دانیشتوم قسەم لەگەڵ خۆم کردووە کە دڵنیابوم ڕوبەڕوی ئەو تانە و قسانە دەبمەوە، بەڵام حەز و ئاوتای من زۆر لەو شتە بچوکانە گەورەترە” دڵخۆش عەبدوڵا وادەڵیت.
توانای جەستەیی دڵخۆش سەرسوڕهێنەرە، زیاتر لە ١٢٥ کیلۆ قورسایی بەرزدەکاتەوە، ئەم هێز و توانا و سەرکێشیانەی لەماوەی ٥ ساڵی تەمەنی وەرزشیدا بێ زەحمەتی و پێکان تێنەپەڕیووە و وتی: چەندین جار توشی پێکانی قورس بومەتەوە، بۆ نمونە لە وڵاتی تاران لەکاتی خۆئامادەکردن ١٢٥ کیلۆ قورسایی کەوتەوە سەر سەرم و توشی پێکانی قورس بوم، بەڵام خۆشبەختانە کۆڵم نەدا و توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم، ئەوەن جگە لەوەی چەندین جار پەراسووەکانم توشی درز و دەستەکانم ئازاریان پێ گەیووە.
ئەو وەرزشوانە نیگەرانی ئەوەیە کە تواناکانی بە هەند وەرناگیرێ و وتی:” بەداخەوە هەتا ئێستا حکومەت و هیچ کەس و لایەنێک هاوکاری نەکردوم، دەستکەوتەکانم ئەنجامی کۆڵنەدانی خۆم بووە و بەردەوامیش دەبم و ناوەستم، چونکە ئەگەر لەسەر هاوکاری حکومەت وەستابام ئێستا لەم ئاستەدا نەدەبوم و زۆر لەخوارتر دەبوم.
چاوی خەڵک/ تایبەت