هێڤی؛ شێرپەنجە فێری وێنەکێشانی کردم

122174113_3288759284570374_2966505745819438395_o

هێڤی حسێن، دوای ئەوەی توشی شێرپەنجە دەبێت قژی دەبرێت و فڵچەی وێنەکێشانی لێدروست دەکات. بە سوراوەکانی لەسەر پاکەتی حەب و دەرمانەکانی یەکەم تابلۆ دەکێشێت.

وێنەکێشان ئارەزوو خەونی منداڵی ئەو نەبوو، پێشتر هیچ کات وێنەی نەدەکێشاو حەزی بۆی نەبوو، هەمیشە لە کاتی خوێندن کەمترین نمرەی لەوانەی هونەردا هەبووە، زۆرجار هاورێ و خوشک و براکانی گاڵتەیان پێدەکرد چونکە تەنانەت خەتەکانیشی ڕێک نەبوون.

هێڤی دەڵێت” کاتێک تووشی شێرپەنجە بووم ئەوکاتە فێری وێنەکێشان بووم، بەبیستنی ئەو هەواڵە هیوام لەدەست نەدا بەڵکو هێزێک لە ڕۆحی مندا هەبوو بۆ مانەوە لە ژیان، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات قژی خۆم فڕێ نەدەم. بەدەستی خۆم قژم کورت کردەوەو چەند فڵچەیەکم لێدروست کردو لەکاتێکدا من هیچ کەرستەیەکی وێنەکێشانم نەبوو بە سوراوەکانم لەسەر پاکەتی حەب و دەرمانەکانم یەکەم تابلۆی خۆم کێشا.”

 

 

هێڤی بە “چاوی خەڵک”ی ووت “فڵچەکانی من جیاوازن چونکە هێز و توانا و بونی منن، سەخترین کاتەکانی ژیانم ئەکاتە بوو کە تووشی شێرپەنجە بووم ، ناخۆشترین هەواڵی ژیانم بوو کە بیستم، بەڵام هێزێک لە ناخمدا بوو کەدەمزانی دەتوانم بەسەریدا زاڵبم و تێیپەڕێنم، هەمووکات بەخۆمم دەوت هێڤی دەبێت تۆ لەژیان بەردەوام بیت چونکە تۆ دایکیت دەبێت تۆ بۆ کچەکانت بمێنیتەوە لە ژیان و ئەو هێز و توانایەی هەتە بیخەتە گەڕ و دژی شێرپەنجە بجەنگە.”

“ئەو کاتەی من لە جێگەدا بووم ڕاستە زۆر سەخت بوو زۆر ئازارم هەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەمدەویست بیربکەمەوە لەوەی هێڤی دەمرێت و ژیان لەدەست دەدات،هەمیشە خەریکی خوێندنەوە و نوسین بووم و ژیانی خۆمم کردبوو بە چیرۆک و هۆنراوە.  زۆربەی کات خۆم بە ئیشی ناوماڵ سەرقاڵ دەکرد لەگەڵ کچەکانم دادەنیشتم و باسی جوانییەکانی ژیانم دەکرد  هەمیشە دەمویست کاتێکی بەتاڵم نەبێت بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە هێڤی کۆتایی بە ژیانی دێت بەڵکو بیرم لەوە دەکردەوە کە هێڤی چاک بۆوە چی بکات بۆ ژیان”. هێڤی وتی

 

 

هێڤی نایەوێت لە تابلۆکانی باس لە ئازاری شێرپەنجە بکات، بەڵکو دەیەوێت باس لە جوانی ژیان و هێزی ژن بکات وە هەندێک لە تابلۆکانی باس لە بەشێکی جوانی شێرپەنجە دەکەن و هەندێک جاریش وێنەی سروشت دەکێشێت نەک لە جیهانی ڕاستەقینە بەڵکو سروشتێک لە خەیاڵی هێڤیدا.

وێنەکێشان زۆربەی کاتەکانی هێڤی پر کردۆتەوە ” دەتوانم بڵێم لە ئێستادا کێشانی تابلۆ بۆتە بەشیکی سەرەکی لە ژیانم، ڕاستە تا ئاستێک لەڕووی مادییەوە نەبۆتە کارێک بۆ من، بەڵام هەمیشە بەردەوامم لە وێنە کێشان و زۆربەی کاتەکانم بەوێنەکێشان سەرقاڵ دەکەم، هەروەها بەشێکی بچوکی دوکانەکەم کردووە بە گەلەرییەکی بچوک، هەر کاتێک مەجالم هەبێت لە دوکانەکەم وێنەدەکێشم.”

ئەو ئێستا بە هیواوە دەڕوانێتە ژیان و هەر کاتێک بیەوێت لە ڕاگەیاندن یان لە شوێنێکەوە دەربکەوێت و قسە بکات دەیەوێت ببێت بە نمونەیەکی جوان بۆ ئەو ژنانەی لە ژیان توشی سەختی بوون چ لەڕووی نەخۆشیی یان لەڕووی ڕێگە گرتنی خێزان و کۆمەڵگەوە بێت، تا ژنان بتوانن بونی خۆیان بسەلمێنن، دەمەوێت هێزێک نیشانی ئەوان بدەم پێیان بڵێم ئێمەی ژنان پێویستە هێزێک لە ڕۆحی خۆمان بچێنین بۆ ئەوەی بتوانین جەستەیەکی بەهێزمان هەبێت تا ڕوبەڕوی نەخۆشیەکان   و ئاستەنگییەکانی ژیان ببینەوە، پێویستە متمانەی تەواومان بەخۆمان هەبێت. بۆئەوەی بتوانین بونی خۆمان لە کۆمەڵگە بسەلمێنین.

 

 

هێڤی دەشڵێت” ئێمەی ژنان دەبینە دایک پێویستە خۆمان ڕۆشنبیر بکەین تابتوانین نەوەیەکی  ڕۆشنبیر بهێنینە کۆمەڵگاوە بۆیە هەمیشە دەمەوێت هێز پیشانبدەم بەتایبەتی بۆئەو ژنانەی خوێندنیان تەواو نەکردوە من یەکێکم لەو ژنانەی بەهۆی چەند بارودۆخێکی ژیانەوە تەنیا توانیومە تا ٣ ی ناوەندی تەواو بکەم خاوەنی بڕوانامە نیم بەلام لە ئێستادا توانیومە بتوانم ببمە خاوەنی کاری خۆم . دەمەوێت ببمە دەنگێک بۆ ئەو ژنانەی خوێندنیان تەواو نەکردوە پێیان بڵێم کەتۆ بڕوانامەیەکت نییە مانای ئەوە نییە لەماڵەوە لە سوچێکی ژورەکەدا دابنیشیت بەڵکو دتوانیت حەزو خولیاکانی خۆت بدۆزیتەوە جوانییەکانی خۆت بدۆزیتەوە لەسەخترین ئەو کاتانەی ژیانتدا پێویست ناکات لە سوچێکی ژورێکدا خەمبار دابنیشیت و بگرێت بەڵکو پێویستە هەمیشە ئێمەی ژنای بەهێزبین. هەمیشە دەمەوێت ببمە هیوایەک بۆ بێ هیوایان و نەخۆشانی شێرپەنجە هەمیشە دەڵێم هێڤی بۆ ئەوە لێرەیە تا بلێم شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن.”

ھێڤی حوسێن، دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە تەمەنی ٢٤ساڵێیدا تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام بەھێزیی و متمانە بونی بەخۆی وای لێدەكات نەخۆشییەكە ببەزێنێ، و ببێتە شێوەكارو لە سێ پێشانگا بەشداری بکات و ببێتە خاوەنی بزنسێکی پچوکی خۆی.

 

 

Leave a comment