سلێمانی؛ لە پرۆژەیەکی یەک ساڵییدا کار بۆ بنیاتنانی ئاشتی دەکرێت

photo_2021-09-06_20-50-27

کارکردنی پێکەوەیی بۆ بنیاتنانی ئاشتی لە کوردستان، ٢٠ گەنجی هاوتەمەنی ئاین و رەگەز جیاوازی دانیشتووی سلێمانی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا کۆکردووەتەوە.

پڕۆژەی “هەموومان پێکەوە ئاشتی بنیات دەنێین” لە سلێمانی دەستی بە کارەکانی کردووە و بڕیارە ماوەی ساڵێک بەردەوام بێت و تێیدا ٢٠ گەنج کە ئاین و رەگەز و مەزهەبی جیاوازیان تێدایە بەیەکەوە راهێنان وەربگرن.

سورێن ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە (چاوی خەڵك)ی وت “ئێمە وەکو رێکخراوی PDO بە پشتیوانی رێکخراوی MM دەستمان بە جێبەجێکردنی پرۆژەی هەموومان پێکەوە ئاشتی بنیاد دەنێین کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد “پرۆژەکەمان خۆی لە زنجیرەیەک راهێنان و چەند چالاکییەکی تردا دەبینێتەوە کە بە درێژایی ساڵێک بەردەوامییان دەبێت و گەنجەکان رادەهێنرێن کە هەم لە ئاستی تاک و هەم لەچوارچێوەی کۆمەڵگەشدا چۆن کار بۆ بنیادنانی ئاشتی بکەن و خەڵکانی تر ئاشنا بکەن بە بابەتەکە”.

“لەکاتی دەستنیشانکردنی گەنجەکاندا، رەچاوی ئەوەمانکردووە پەیڕەوانی ئاینە جیاوازەکانیان تێدا بێت و گرنگییمان بە باڵانسی جێندەری داوە و ئەوەش بەلامانەوە گرنگ بووە کە ئەو کەسەی بەشدار دەبێت لە پرۆژەکە بتوانێت دواتر وەکو خۆبەخش کار بۆ ئامانجە گشتییەکان بکات” سورێن ئەبوبەکر وای وت.

 

 

نما نامیق یەکێکە لە بەشدارانی پرۆژەکە، ئەو تەمەنی ٢٣ ساڵە و ئامانجی ئەوەیە کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی بهێنێتەئاراوە.

“من لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو فۆڕمەم بینی کە بۆ بەشداریکردن لەم پرۆژەیە دەبوو پڕبکرێتەوە، بابەتەکە زۆر سەرنجڕاكێشبوو لەلام، راستەوخۆ داواکاریم پێشکەشکرد و بە خۆشحاڵییەوە پەسەندکرام بۆ بەشداربوون” نما نامیق وای وت.

دەشڵێت “من پێش پڕۆژەکەش ئامانجم ئەوە بووە ئاشتی و پێکەوەژیان بچەسپێت لە کۆمەڵگەدا، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە لەدوای راهێنانەکان دەتوانم بە شێوەی خۆبەخشانە کار بکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی هەمبووە”.

نما ئاماژە بەوەش دەکات “لە راهێنانەکاندا ئاشنا دەکرێین بە کۆمەڵێک رێگە و میکانیزمی گونجاو کە دەکرێت لە داهاتوودا هاوکارمان بن بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز بنیاد بنێین”.

 

 

راوێژ هۆشیار، تەمەنی ٢٦ ساڵە، دەرچووی کۆلێژی یاسایە، ئەو دەڵێت “بەشداربوونم لەم پرۆژەیەدا بەهۆی ئەوەبوو ویستم زانیاری زیاترم دەستبکەوێت لەبارەی پرسەکانی توندوتیژی و پێکەوەژیان”.

“بێجگە لە ناوەڕۆکی راهێنانەکان تێکەڵیمان لەگەڵ ئەو هەموو ئاین و مەزهەب و کلتور و تێڕوانینە جیاوازە خۆی ئەزموونێکی زۆر باش دەبێت و بۆ ئێمە دەبێتە رێگەیەکی باش بۆ کرانەوەی تێڕوانینمان بەڕووی بابەتە جیاوازەکاندا” راوێژ وای وت.

لە هەرێمی کوردستان ١٢ پێکهاتەی ئاینی، نەتەوەیی و مەزهەبی دەژین و لە مێژوودا چەندین جار بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ئەو پێکهاتانەی کە کەمینەن زۆرترین جار رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و تاوانی جۆراوجۆر بوونەتەوە.

پێکەوەژیانی ئاشتی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان لە ناو کۆمەڵگەکاندا ئەو رێگە گرنگانەن کە لە جیهاندا کاریان لەسەر دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و سڕینەوەی یەکدی لەسەر جیاوازییەکان.

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment