عاشقی تۆپی پێیە، لە حزبێکی سۆشیال دیموکراتە، بەڵام باڵاپۆشە، چەندین جار بە تەنەکە ئاوی بۆ ماڵی خۆیان هێناوە، بووە بە مامۆستای زانکۆ و ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
رێواز فایەق ساڵی ١٩٧٧ لە ناحیەی پێبازی ناوچەی گەرمیان لەدایکبووە، ئەو ئێستا یەکێکە لە دیارترین ئەو ژنانەی کە لە بوار سیاسەتدا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، سەرۆکی باڵاترین دامەزراوەی هەرێمی کوردستانە کە (پەرلەمان)ە.
رێواز فایەق دکتۆرای لە یاسادا هەیە، پێشتر وەکو یاریدەدەری دادوەر، لێکۆڵەری دادیی و مامۆستای زانکۆ کاریکردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان توانی دەنگی پێویست بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدەستبهێنێت.
لە خولی دواتریشدا کە دەکاتە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو دووبارە خۆی کاندیدکردەوە، ئەمجاریش توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و پاشانیش ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
لە قوڵایی کۆمەڵگەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات
رێواز فایەق خەڵكی ناوچەی گەرمیانە لە باشووری کوردستان، ئەو بەشێک لە کەسوکارەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، لە خێزانێکی چینی ناوەنددا گەورە بووە، بە هەوڵی خۆی و پشتیوانیی خێزانەکەی قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکردووە.
“کچی گەورەی ماڵ بووم، ماڵمان لە رزگاری بوو کە جاران پێیان دەوت سمود، بیرێک لە پشتی ماڵمانەوە بوو رۆژ نەبوو لە ١٠ تەنەکە ئاو زیاتر بە سەر سەر نەهێنم بۆ ماڵەوە، چەندین جار تەشتە جلم بردووە لەوێ شتوومە و دواتر هێناومەتەوە” رێواز فایەق وا چیرۆکی سەردەمی گەنجی خۆی دەگێڕێتەوە.
ئەو بەردەوام گەشبینانە سەیری ژیانی خۆی دەکات، قۆناغ قۆناغ سەرکەوتنی چنیوەتەوە و ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام هیچ باکی لەوە نییە ئەو پێگە گرنگەش لەدەستبدات، دەڵێت “لەسەر بەرد خۆم دەژێنم، هیچ نەبوو دەگەڕێمەوە زانکۆ و دەبمەوە مامۆستای زانکۆ، مانگی سێ چوار ملیۆن مووچەکەمە”.
وەرزش لە ژیانی سەرۆکە ژنەکەدا
بە وتەی خۆی، رێواز فایەق هیچ کات وەرزش ناکات، کاتی نییە بۆ هیچ جۆرە وەرزشێک، بەڵام سەیرکەرێکی باشی یاری تۆپی پێیە و هاندەری یانەی بەرشلۆنەیە.
“تەنها بۆ بینینی یارییەکان سەیری تیڤی دەکەم، خولی ئیسپانیی و خولی ئینگلیزی سەرنجڕاکێشن لەلام، لە تویتەریش زۆربەی یاریزانەکانم فۆلۆو کردبوو بۆئەوەی ئاگاداری زانیارییە نوێکان بم، بەڵام کە بووم بە سەرۆکی پەرلەمان راوێژکارەکانم پێیان وتم فۆلۆوەکان بسڕمەوە چوونکە ئەوە بۆ پێگەکەم باش نییە” رێواز فایەق وا دەڵێت.
“ئەتوانم ١٠ کاتژمێر گوێ بگرم”
سەرەتای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی پەرلەمان، رێواز فایەق وتی “ئەم خولە لەبەردەم پەرلەمانێکی گەنجداین، تێکڕای تەمەن لە ٣٩ ساڵدایە، زیاتر لە ٩٠ پەرلەمانتارمان تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ کەمترە”.
“کە پەرلەمانتارەکان گەنج بوون واتە ئەگەری ئەوە هەیە کاردانەوەکان زیاتر بن، پەرلەمان چالاکتر دەبێت، ئەوە نابێت بە کێشە بۆ من، چوونکە ئامادەم ١٠ کاتژمێر گوێ بگرم بەبێ تووڕەبوون و هەڵچوون” رێواز فایەق وای وت.
“ژنم بۆیە هێرشم دەکرێتە سەر”
رێواز فایەق زۆر جار دووچاری ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن بووەتەوە، تەنانەت لەلایەن هەندێک لە پەرلەمانتارانی حزبەکەی خۆشییەوە لەناو پەرلەماندا بەشێوەی توند رەخنەی لێدەگیرێت.
ئەو بەردەوام دەم بەخەندەیە، پشوودرێژە و کەمترین جار تووڕە دەبێت، لەبارەی ئەو هەموو ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن و درووستکردنی کێشەیە بۆی، دەڵێت “بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە ژنم بۆیە هێرشم دەکرێتە سەر”.
ئەو یەکەمین ژنە کە ئەو ماوە درێژە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووبێت، کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە قۆناغی سەرۆکایەتی ئەودا بە ئاڵۆزییەکی زۆردا تێپەڕیوون، ئەمەش کارەکەی ئەوی سەختتر کردووە.
“دەستوپێم بەستراوە”
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠دا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەواوەتی ئاڵۆز بوو.
ئاڵۆزی پەیوەندییە سیاسییەکان لێکەوتەی بەسەر پەرلەمانیشەوە هەبوو، ئەوەبوو نزیکەی پێنج مانگ هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ئەنجامنەدرا، ئەوکاتیش رێواز فایەق تۆمەتبار دەرا بەوەی هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بووە.
سەرۆکی پەرلەمان لە کۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی رابردوودا داوای لێبووردنی لە خەڵکی کوردستان کرد، وتی “ئەگەر خەتا لە سەرۆکی پەرلەماندا بووە کە پەرلەمان کۆنەبووەتەوە من داوای لێبووردن دەکەم”.
“ئەو ناکۆکییە سیاسییەی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە رێگر بووە لەوەی من کۆبوونەوەی پەرلەمان رێکبخەم، ئەرکی منە ئەو کارە بکەم، بەڵام من دەستوپێم بەستراوە” رێواز فایەق وای وت.
“باڵاپۆشیم هیچ هەستێکی جیاوازم ناداتێ”
رێواز فایەق لە حزبێکی سۆشیال دیموکراتەوە بووە بە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمانێکیشە کە بێجگە لە ئاینی ئیسلام پەیڕەوانی ئاینییەکانی تریشی تێدان، بەڵام ئەو بەردەوام بە باڵاپۆشی دەردەکەوێت.
سەبارەت بەوەی هەستی چۆنە کاتێک یەکەم ژنی باڵاپۆشە دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “باڵاپۆشی و باڵانەپۆشی هیچ هەستێکی جیاواز درووست ناکات، من کە باڵاپۆشم ئەوە شتێکی تاکەکەسییە و پەیوەندی بە رووکەش و دەرکەوتنی منەوە هەیە”.
دەشڵێت “لەلای زۆرێک ئەوە پرسیارە کە چۆن ژنێک لەسەر حزبێکی نائیسلامیی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، کە باڵاپۆش بێت، من دەڵێم باڵاپۆشی هیچ پەیوەندی بە شێوازی کار و توانای کەسەکانەوە نییە”.
رەخنەی لێ دەگیرێت
لەم ساڵانەی دواییدا رێواز فایەق یەکێک بووە لەو سیاسییانەی کە زۆرترین جار رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، تەنانەت هەندێ جاریش لە رەخنە زیاتر، توانج و تۆمەتی ئاراستەکراوە.
زۆرجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە لێشاو هێرش دەکرێتە سەر سەرۆکە ژنەکە، دەوترێت؛ سەرۆکایەتی لێ نایەت، ژن چۆن دەبێت سەرۆک بێت، هەر پێدەکەنێت، رقی شەخسی لە هەندێک پەرلەمانتار هەیە و چەندین رەخنەی تر.
بەڵام ئەو کەمترین جار وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوە، بێدەنگییەکەی نزیکە لە بێباکییەوە، کەمترین روونکردنەوە و راگەیەنراوی بڵاوکردووەتەوە و لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیشدا کەمترین قسە لەبارەی ئەو رەخنانەوە دەکات کە ئاراستەی دەکرێن.
چاوی خەڵک / تایبەت