ناوی من ناوی دایکمە

30442877_2031415930434874_7600950803670499328_n

ناوی من ناوی دایكمه‌

ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی ماردین عەبدولکریم

به‌به‌راورد به‌و خه‌باته‌ مێژووییه‌ی ژنان له‌سه‌رئاستی جیهاندا ده‌ستیان داوه‌تێ‌ ، ده‌ستكه‌وته‌كان مایه‌ی دڵخۆشی نین و مافه‌كان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامدان.

ئاشكرایه‌ له‌وپه‌ڕی رۆژئاواوه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی رۆژهه‌ڵات ژنان خاوه‌نی كه‌یسێكی هاوبه‌شن له‌ نادادپه‌روه‌ریی و به‌زاندنی سنوری ئازادییان ، هه‌رئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ نامه‌كانی ناڕه‌زایی ژنان هێنده‌ زۆربن كه‌ هه‌ندێ‌ جار نازانرێت كامیان پێش كامیان بۆ ده‌سه‌ڵاتداران یان په‌یوه‌ندیداران به‌رزبكرێته‌وه‌.

له‌وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ئه‌مریكادا ، ژنان سه‌رمه‌شقی خه‌بات و خۆپیشاندان بوون له‌هه‌مبه‌ر داواكردنی مافه‌كانیان وه‌لێ‌ له‌دوای نزیكه‌ی دووسه‌ده‌ هێشتا ته‌نیا ژنێ‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك سه‌رۆك پێ‌ بنێته‌ كۆشكی سپی یه‌وه‌ و بگره‌ هه‌ربه‌شیان ته‌نیا خانمی یه‌كه‌م بووه‌ و تا ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ربێ‌٢٣%ی ژنان ئه‌نجومه‌نی پیران و هه‌مان رێژه‌ش بۆ په‌رله‌مان پێكده‌هێنن.

له‌كاتێكدا خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كانی ئه‌وان بوو له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا و به‌تایه‌تیش سوتانی (١٤٠) ژنی ئه‌مریكی له‌كارگه‌ی رستن و چنین له‌ نیۆیۆرك ، كه‌ وایكرد سه‌رنجی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ لای خۆی رابكێشێ‌ تا رۆژی (٨ ی مارس بكاته‌ رۆژی جیهانی ژنان ، وه‌ك سمبولی بۆ خه‌باتی نه‌پساوه‌ی ژنان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. هاوكات وله‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێشتا ژنان له‌ ئه‌مریكا باجی جیاوازی له‌ نرخی ده‌ستی كاردا ده‌ده‌ن كه‌ له‌وێ‌ رۆژه‌وه‌ شه‌ری بۆ ده‌كه‌ن .

هه‌روه‌ها له‌وڵاتێكی ئه‌سكه‌نده‌نافی وه‌ك سوید ژنان ٤٥% په‌رله‌مان  پێكدێنن له‌به‌رانبه‌ردا هه‌موو ده‌قه‌یه‌ك توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژنێ‌ تۆمارده‌كرێ‌ له‌و وڵاته‌دا به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ .

ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌م (ناوی من ناوی دایكه‌) له‌ رۆژئاواوه‌ ده‌مانگێڕێنێته‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ندو له‌ویش تایبه‌تتر بۆ نێو خاكی عیراق ، لێره‌ش له‌كۆی دوو قوبه‌ی په‌رله‌مان ، ژنان توانیویانه‌ به‌ كۆتا (٢٥%) هه‌ریه‌ك له‌و دووپه‌رله‌مانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن ، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ره‌وشی ژنان له‌خراپترین  ساته‌كانیدایه‌ و عیراق به‌گشتی و ناوه‌ڕاست و باشورو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش به‌تایبه‌تی بۆته‌ به‌ندیخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ژنان،  كه‌ تیایدا ژنان ده‌ستدرێژی سێكسی و لێدان و سوكایه‌تی و به‌سه‌بایا گرتن و فرۆشتن و مامه‌ڵه‌ پێوه‌كردن و هاوسه‌رگیری مێردمنداڵ و هه‌موو جۆرێكی تری بێدادی به‌رانبه‌ریان كراوه‌و ده‌كرێت.

ئه‌م واقیعه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌ گه‌یشتنی ژنان به‌ كورسی ده‌سه‌ڵات و به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێ‌ پێگه‌ی سیاسی هۆكارێك نه‌بووه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ژنان له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی تردا به‌تایبه‌ت مافه‌ یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌شمان له‌هه‌ردوو په‌رله‌مانی عیراق و كوردستانیش به‌فیعلی بینی كه‌ له‌م وڵاته‌دا جگه‌ له‌وه‌ی به‌ به‌هانه‌ی جۆراوجۆر ناهه‌قی ده‌رهه‌ق به‌ ژنان ده‌كرێت ، هه‌ندێ‌ جار ژنان خۆشیان به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان و به‌هۆی كه‌رانه‌وه‌یان بۆ ئه‌جیندای حیزب، غه‌در له‌ هاوره‌گه‌زه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌نمونه‌ …. هه‌ندێ‌ له‌ ژنانی عیراق ده‌یانویست ده‌نگ بده‌ن به‌ پرۆژه‌ بریاری به‌شوودانی منداڵی نۆ ساڵ ، هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێ ده‌نگ بده‌ن به‌ پرۆژه‌ بریاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی منداڵی (٧) له‌ دایكی له‌ كاتی جیابوونه‌وه‌و هه‌ڵۆه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان گه‌ر شووبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ كوردستانیش راستبوو كاتێ‌ بینیمان كه‌ هه‌ندێ‌ له‌ ژنان دژی یاسای نه‌هێشتنی فره‌ژنی وه‌ستانه‌وه‌و ده‌نگیان پێنه‌دا ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌ژموونی حیزب و به‌تایبه‌تیش هه‌ژموونی دین به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ وایكردووه‌ ژنان له‌نێوان بیروبه‌وه‌ری و مافه‌كانیاندا، دژ به‌ مافه‌كانی خۆیان بوه‌ستنه‌وه‌ و هۆكاربن بۆ پێشخستنی.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بوو ژنان دوور له‌هه‌ر ئایدیایه‌كی حیزبی و له‌سه‌ ربنه‌مای هاوبه‌شی له‌ خه‌مدا وه‌ك له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا له‌سه‌رئاستی جیهان یه‌كگرن و مافی مرڤبوون بكه‌نه‌ بنه‌مای به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان .

هه‌ربۆیه‌ له‌داهاتوودا پێویسته‌ ژنان خۆیان هه‌م له‌ كۆتوبه‌ندی كۆتا رزگاربكه‌ن هه‌م كۆتوبه‌ندی كاندیدی حیزب ، گه‌رنا ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ كه‌مینه‌ی په‌رله‌مان بن و له‌ژێر ره‌حمه‌تی حیزب بن و له‌پێناو ئه‌جیندای حیزب قوربانی به‌ ئه‌جیدای ژنان بده‌ن هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ كه‌ تا ئێستا ناتوانراوه‌ كۆده‌نگی بۆ دۆزی ژن له‌نێو  هه‌ردوو په‌رله‌ماندا دروستبكرێ‌ هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ و به‌ به‌راورد به‌ وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ئه‌مریكا ئاماده‌یی یه‌ك له‌سه‌ر چواری ژنان له‌ هه‌ردوو په‌رله‌مان گه‌ر كارتۆنی نه‌بووایه‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ كاتێكدا گه‌ر له‌عیراقدا ته‌نیا ژنان خۆیان ده‌نگ به‌ خۆیان بده‌ن ئه‌وا زۆریی ریژَه‌ی ژنان له‌م ووڵاته‌دا ده‌مانگه‌ێنێته‌ رێژه‌ی به‌شدارییه‌كی كارای وه‌ك په‌رله‌مانی وڵاتی روانده‌ كه‌ ٤٩% یان ژنن ، نه‌ك وڵاتی ئه‌مریكا..

(ناوی من ناوی دایكمه‌)كه‌یسێكی سیاسیی– كۆمه‌ڵایه‌تی و پرۆژه‌ی سێ‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ری كۆمه‌ڵه‌ ژنێكی ده‌سته‌ خوشكمه‌ له‌سه‌رئاستی كوردستان و عیراق كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌ماندا پێویشتی به‌ كۆده‌نگی ژنانی فێمێنیزم و پیاوانی فێمێنیزمه‌ ، ئه‌م ده‌سته‌ خوشكه‌م له‌م هه‌وڵه‌یاندا ده‌یانه‌وێ‌ مافی به‌ده‌ستهێنانی شوناس بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ (٤)هه‌زار منداڵ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌بری ووشه‌ی تازه‌ له‌دایكبوو پێیان ده‌وترێ‌ (مجهول النسب) ئه‌م منداڵانه‌ زۆربه‌یان  له‌دایكبووی سه‌رده‌می جینۆسایدی شه‌نگالی كوردانن و له‌سه‌رده‌ستی تاوانبارانی داعش.

ئه‌م ژماره‌یه‌ (٤)هه‌زار له‌لایه‌ن(حیدر العبادی) سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری حكومه‌تی عیراق كه‌ له‌ سه‌ردانێكیدا بۆ وڵاتی نه‌مسا دانی پێداناو پشتڕاستی كرده‌وه‌، ئاشكرایه‌ له‌مێژووی  دووری مرۆڤایه‌تیدا له‌كۆی جه‌نگه‌ ناوخۆی و ده‌ره‌كییه‌كاندا ژن و منداڵ قوربانی یه‌كه‌می جه‌نگن به‌تایبه‌تی ژنان كه‌ ئێستاشی له‌سه‌ربێ‌ وه‌ك كاڵایه‌ك ماڵه‌یان پێوه‌ده‌كرێت، له‌جیونۆسایدی شه‌نگالدا كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ره‌شترین رۆژه‌كانی مێژووی كورد و عێراق داده‌نرێت به‌ده‌ستی تاوانباران و خوێنڕێژانی داعش ، تیایدا جگه‌ له‌ئاواره‌كرانی هه‌زاران كورد و ژماره‌یه‌كی زۆریش بوونه‌ قوربانیی و (٦٣٠٠) شه‌ش هه‌زارو سێ‌ سه‌د ژن بێسه‌روشوێنكران و وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌یان پیوه‌كرا ، له‌لایه‌ك بۆ تێركردنی حه‌زوئاره‌زووی ئه‌و روو ره‌شانه‌ به‌كارهێنران و له‌لایه‌كیش ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌بازاڕه‌كانی موسل و ره‌قه‌دا مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌كرا، یاخود وه‌ك كارگه‌ی خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داعش به‌گه‌رخران ، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ك ژنان و له‌لایه‌كیش منداڵه‌كانیان باجی تاوانێك ده‌ده‌ن كه‌ تێیدا به‌شدارنه‌بوون و ئێستاش دوای ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تی و باره‌ده‌روونییه‌ی له‌ماوه‌ی (٧)ساڵی رابردوودا به‌سه‌ریان هاتووه‌ ئه‌وا ئه‌مڕۆ به‌گه‌رانه‌وه‌یان به‌خێرهاتن ناكرێن و خۆیان و منداڵه‌كانی ئامێزیان باجی كلتوورو شه‌رع و یاسایه‌كی كۆنی تۆز لێنیشتوو ده‌ده‌ن ، باجی كاره‌ساتێ‌ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌رگیز جگه‌ له‌و دڕندانه‌ كه‌س ئه‌م چاره‌نووسه‌ی به‌ ئاوات نه‌خواستووه‌ .

له‌ڕاستیدا ئه‌وباجه‌ی ئه‌مڕۆ ژنانی كوردی شه‌نگال و ژنانی تری عیراق ده‌یده‌ن و بوونه‌ته‌ قوربانی جه‌نگه‌ یه‌كله‌دوایه‌كه‌كان و سوكایه‌تی و به‌سه‌بی گرتن و فرۆشتن و كوشتن و دوا وێستگه‌ش ناوناتۆره‌ی دایكی منداڵانی بێ‌ نه‌سه‌ب، شتێكی نوێ‌ نییه‌ ! بگره‌ به‌درێژایی مێژوو له‌ژێرناوی دیندا ئه‌م تاوانانه‌ به‌رانبه‌ر ژنان كراوه‌ ، له‌كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوایدا بوبێت یان رۆژهه‌ڵاتی.

(ڤای كینگه‌كان) وه‌سه‌نییه‌كان له‌مێژودا ناسراون، كه‌له‌نێوان سه‌ده‌ی (٨-١١)له‌نه‌رویجی ئه‌سكه‌نده‌نافیاوه‌، هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر وڵاتانی ئینگلته‌ره‌و فه‌ڕنساو اسپانیا و…هتد و قه‌تڵوعامیان كردوون و ژنیان به‌سه‌بی گرتوون و دواتر منداڵیان لێیان بووه‌ ، یان له‌بازاڕه‌كانی ئه‌وسای مه‌یدانی نیشته‌جێبونیاندا مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌كراوه‌ ، كه‌ دواتریش ئه‌و ژنه‌ ناچاربووه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ‌ خۆی بگونجێنێ‌  جا ژنی كێیه‌ و له‌چ ماڵێكدایه‌ سه‌بی بێت یان به‌نده‌ ده‌بێ‌ بژی ، هیچ ژنێ‌ خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بووه‌و ئه‌م سیناریویانه‌ش له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ ئه‌مرۆ به‌رده‌وام بووه‌ دوا كاره‌ساتیش  (٣-٨-٢٠١٤) بووه‌.

هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ‌ له‌خۆمان بپرسین له‌نێوان ئه‌م دوو مێژووه‌دا و له‌ سه‌رده‌می به‌ جیهانیبووندا و له‌دوای نزیكه‌ی سیازده‌ سه‌ده‌ هێشتا ره‌وشی ژنان نه‌گۆره‌و هه‌مان كرده‌وه‌ به‌رانبه‌ری ده‌كرێت و به‌ سه‌بی ده‌گیرێت ؟! له‌ رزگاربونیشیادا هه‌مان مامه‌ڵه‌ی توند ده‌كرێن و كۆمه‌ڵگه‌ ره‌تیان ده‌كاته‌وه‌ .

پاشان له‌ سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامیشدا هه‌مان سیناریۆ ،كلتورێكی شه‌رعیی ئیسلام و یاسای جه‌نگ بووه‌و له‌سه‌رجه‌م جه‌نگ و فتوحاته‌كانیاندا دوای سه‌ركه‌وتن یه‌كه‌م هه‌نگاویان دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وتی جه‌نگ بووه‌ له‌نێویاندا ژن و مه‌ڕوماڵات هه‌مان مامه‌ڵه‌یان هه‌بووه‌ .

ئه‌وه‌تا له‌ نزیكترین مێژوودا له‌ ژێر ناوی ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی له‌عیراق و شام (داعش) ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر شه‌نگال و شه‌نگالییه‌كاندا هات و به‌هه‌زاران ژنیان رفاندو ده‌ستدرێژی سێكسی و منداڵ خستنه‌وه‌و هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژییان به‌رانبه‌ركردن، كه‌ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و عیراقی باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و كۆمه‌ڵێك منداڵی بێتاوان به‌بێ‌ ویستی نه‌خۆیان و نه‌دایكیان هاتونه‌ته‌ دنیاوه‌ ، كه‌هه‌ندێ‌ جار به‌بیژی و وه‌ هه‌ندێ‌ جار به‌ بێ‌ نه‌سه‌ب ناوده‌برێن دوایین هه‌وڵی ئه‌م ده‌سته‌خوشكانه‌ش بۆ گێڕانه‌وه‌ی شكۆی ئه‌م دایك و منداڵانه‌یه‌و ده‌یانه‌وێ‌ له‌په‌رله‌مان شه‌رعیه‌ت بۆ ناو وشوناسیان وه‌ربگرن و له‌ (مجهول النسب) بیاكه‌ن به‌ تازه‌له‌دایك بوو هه‌روه‌ها ناویان بكه‌نه‌ سه‌ر ناوی دایكیان هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆچكردندا دوا به‌یه‌كمان به‌ نێوی دایكه‌وه‌ بانگدەکرێین.

لێره‌وه‌ داوا سه‌رجه‌م مرۆڤدۆستان له‌نێو په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا ده‌كه‌ین پشتگیری له‌م كه‌یسه‌ بكه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی نەوه‌یه‌ك نه‌بنه‌ قوربانی تاوانێك كه‌ هه‌رگیز ده‌ستیان نه‌بووه‌ تیایدا.

Leave a comment