سه‌رده‌مى هێزو بازووى ژن

127040668_1543200105888887_2078673835427960846_n

 ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د

ئه‌گه‌ر گوزه‌رێك به‌نێو شه‌قامه‌كانى شاردا بكه‌یت زۆر به‌كه‌مى تێبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت ژنێك خۆى سه‌رقاڵ نه‌كردبێت به‌كارێك یاخوود پێشه‌یه‌ك كه ‌بتوانێت له‌رێگایه‌وه‌ تۆزقاڵێك له‌بارگرانییه‌كانى ژیانى رۆژانه‌ى خێزانه‌كه‌ى كه‌م بكاته‌وه‌.

له‌شارى سلێمانیش ( ئه‌و شاره‌ى لێى ده‌ژێم)، ده‌یان ژنى له‌و شێوه‌یه‌ به‌دى ده‌كرێن به‌تایبه‌ت له‌شه‌قامى سالم وجاده‌ى سه‌هۆله‌كه‌، بازاڕى مه‌وله‌وى تاده‌گاته‌ جاده‌ى ئۆرزدیش… كه‌واته‌ ئه‌وه‌ كلتوره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ ڕێگره‌ له‌ده‌ركه‌وتنى كچان وژنان، یاخوود نه‌بوونى پلان وستراتیژێكى توكمه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر به‌تواناكانیان له‌بازاڕى كاردا ؟.

هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌شارى سلێمانییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌زۆرینه‌ى شارو شارۆچكه‌كانیش ده‌ركه‌وتنى ژنان وسه‌رقاڵ بوونیان به‌كارو پرۆژه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ خه‌رێكه‌ ده‌بێته‌ باوه‌ڕیكى جێگیر به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌مى ئێستاى قه‌یرانى ئابوورى ونه‌بوونى هه‌لى كاردا، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ خێرایه‌ى ژنانیش هۆكار وپاڵنه‌ره‌كه‌ى هه‌رچی بێت ئاماژه‌یه‌كى ڕوونه‌ به‌وه‌ى ژنانی ئێمه‌ش ئاماده‌باشى ته‌واویان تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ به‌شێك له‌چاره‌سه‌ر، وبه‌زیاتر جێگیربوونیشیان له‌بازاڕى كاردا سیمایه‌كى گه‌شتر وفۆرمێكى سه‌رده‌میانه‌تریش به‌دۆسییه‌ى یه‌كسانى ڕه‌گه‌زى له‌بوارى كاردا ببه‌خشن.. ئایا كاتى ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ گه‌شه‌ى زیاتر به‌م تێروانینه‌ جیاوازه‌ بده‌ین.

گومانى تێدانییه‌ هه‌ر به‌رنامه‌سازیه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ یاخوود كاڵكردنه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌كانى قه‌یرانى ئابوورى پێویستى به‌پلانى تۆكمه‌ وئاماده‌سازى ته‌واوه‌، و شێوازه‌كانى ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌شى هێنده‌ ئه‌سته‌م نین ئه‌گه‌ر خواستێكى ڕاسته‌قینه‌ وزه‌مینه‌سازى له‌بار هه‌بێت بۆچاره‌سه‌ركردنیان به‌ڵام ده‌كرێت زیاتر حه‌قیقه‌تێكى نه‌بینراو بكه‌ین ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌ر جۆره‌ قه‌یرانێك سه‌ركه‌وتوونابێت ئه‌گه‌ر توانا نه‌بینراوه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گیرێن وكار له‌سه‌ر به‌كاربردنیان نه‌كرێت، زۆریش به‌تایبه‌ت تواناكانى ژنان وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستا دركى پێده‌كه‌ین وتێبینى ده‌كه‌ین، بۆیه‌ كاتى خۆیه‌تى بپرسین له‌سه‌رده‌مى ئێستاى هێزو بازووى ژندا، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چ پلانێكیان له‌به‌ره‌ده‌ستدایه‌ بۆ به‌گرخستنى زیاترى تواناكانى ژنان له‌بازاڕى كاردا؟.

Leave a comment