کەمپینێک بۆ چارەسەری کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی

235234424_4308710652543037_3161639956466384839_n
کەمپینێک بۆ چارەسەری کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی،
_ بۆ مافی وەرگرتنی ناسنامە.
Gå med och stödja kampanjen att välja mammas namn som efternamn för stöd för Ezidiska barn som föddes efter våldtäkt av ISIS krigare!
کەمپینی (ناوی من ناوی دایکمە) هەوڵێکی گرنگە بۆ چارەسەری کێشەیەکی گەورەی ئینسانی کە یەخەی منداڵان و دایکانی ڕزگاربووی دەستی داعیشی گرتووە. ئەو منداڵانەی کە لە دەرەنجامی تاوانی دەستدرێژی داعش بۆسەر سەدەها ژنی ئێزیدی لەدایک بوون.
لەئەنجامی تاوانەکانی جەنگ دروست بوون و ئێستا بوونەتە ئاسەواری قوربانیەکانی سەرزمینی پاش جەنگ. هەمیشە وابووە کە بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە دوای جەنگە وێرانکەرەکان خەریکی دەست و پەنجە نەرمکردنن لەگەڵ ئاسەوارە نامرۆییەکانی و گەڕانەوەی شکۆو ئیرادەی قوربانیانی ئەو جەنگانە.
ئەمە گرفت و پرسێکی سیاسی/کۆمەڵایەتی، شکۆی هاووڵاتی، ناسنامە و کەسایەتی تاکە. ئەو منداڵانەی کە باوکیان تاوانباری جەنگ بێت و نەناسراو، خۆ دایکیان هەیە بۆ بێ شوناس بن؟ بۆ بە ناوی دایکیانەوە ناسنامە و بەڵگەنامەیان نەبێت!؟ تا وەک هەر منداڵێکی تر ببێتە هاووڵاتی، تا بتوانێ بخوێنێ، سەفەر بکات، کار بکات و … .
بەپێی لێداوان و بڵاوکراوەکانی کەمپینەکە ئەمەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت لایەنە یاساییەکەیەتی بۆ بەدەستهێنانی ناسنامە، کە بەشێکی زۆر لە گرفتی هەزاران منداڵ چارەسەر دەکات. جا گرفتە کۆمەڵایەتیەکەی و کاریگەریە دەرونیەکانی لەسەر منداڵ و دایکەکان بەپێی ئەو دۆخە دەبێت کە کۆمەڵگای تێدایە و ئەوەش کاری تری لەکۆمەڵگا دەوێت.
دەستکەوت و سەرەنجامی ئەم کەمپینە بە دڵنیاییەوە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە لە ئەنجامی دەستدرێژی ڕۆژانە و سیستماتیک لەدایک بوون یان هەر منداڵێک کە باوکی نەناسراوە، کە ژمارەی ئەمانیش کەم نیە و یەکێكە لە گرفتە کۆمەڵایەتیەکان.
پێم وایە ئەمە پەیام و ئامانجی ئەو کەمپینەیە، وە هەر ئەمەش تاکە چارەسەری ئەو کێشەیەیە و بەس. بۆیە پێم وانیە پێوستی بە شیکاری و گفتوگۆ نەبێت دەربارەی لێکۆڵینەوەی تیۆری فیمینیستی، بوون یان نەبوونی ئازادی و سەربەخۆیی تاک لە “ناو” هەڵبژاردندا، ڕێزگرتن یان نەگرتن لە دایک و باوک شانازیکردن پێیانەوە یان نا، پیرۆزی دایک و باوک یان چۆنیەتی تۆمارکردنی ناسنامە لە ئەوروپا و … .
زۆر گرنگە بتوانین لەسەر یەک بابەت لە باری قوڵیدا نەک پانیی کار بکەین بەبێ ئەوەی لق و پۆپی تری بۆ دروست بکەین.
ڕاستە بۆ کارکردن لەسەر هەندێک دیاردە پێویستمان بە پشتیوانی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە هەندێک ناوی دایکیان زیادکردووە بۆ ناوەکانیان بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانیە و هەڵخڕاندنی رای گشتی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر دەسەڵاتی دادوەری. بەڵام لەهەمانکاتدا پێم وایە پێویست بەوە بکات کە لە پرۆسەی کارەکاندا وەردبینانەتر بروانینە شێوەی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەم بارەوە.
یەکێک لە خاڵە ئەرێنیەکانی کەمپین یان هەر چالاکیەکی تری مەدەنی ئەوەیە کە پرسیار دروست بکات، باس و گفتوگۆ لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەڵخڕێنێ، کە پێم وایە ئەم کەمپینە ئەو کاریگەریەی هەبوو، وەک: ناسنامە، مافی تاک، مافەکانی ژنان، چۆنیەتی تێڕوانینی ئایین لەم بارەوە و یاساکان چی دەڵێن.
جگە لەمانە لە زۆرێک لە بابەتە کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکاندا پێکهاتە و دەزگا و بزوتنەوە و کەسە ئاینیەکان پەرچەکرداری دژیان دەبێت، ئەمەش چاوەڕوانکراوە و ئیشی ئەوانیش هەر ئەمەیە، بەڵام گرنگە کە لەبەرامبەر ئەوەدا بەچ شێوازێکی پسپۆڕانە و زانستیانەوە کاربکرێت تا ئەوان نەتوانن ببنە لەمپەر لەبەرامبەر بەدیهێنای ژیانێکی شایستە بۆ ئینسان.
تێبینی:
سەبارەت بە ناوی کەمپینەکە. پێم وایە ناوەکەی کەمێک ناڕۆشنی تێدا بێت کە لە شوێنێکیشدا ببێتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە پرۆسەی چارەسەرەکەدا، هەڵبەت بۆ ئەو کەسانەی کە هەر لە سەرچاوەوە هەنگاوەکەیان قبوڵ نیە، بەڵام باشە کە لە شێوەی کارکردندا ڕێگری لەو نەخوازراوانەش بکەین. بۆ نمونە لەوانەیە باشتر بێت بڵێین ( بۆ ناسنامەم نەبێت؟ با ناوی دایکم ناسنامەم بێت، بۆ ناوی دایکم ناسنامەم نەبێت؟ ناوی دایکم ناسنامەمە، باوکم نیە ناوی دایکم ناسنامەمە، ناوی دایکم پاشگرمە …) یان دەربڕینی تر کە دەکرێت زیاتر بیری لێبکرێتەوە، چونکە ئەمە کارێکە بۆ مێژو دەمێنیتەوە.
‌(هەڵاڵە ڕافع عەینا) بۆ پشتیوانی لە کەمپینەکە ناوی دایکم لە کۆتاییەوە دادەنێم، چونکە بۆ من دایکم تەنها دایکی منداڵەکانی نەبوو بەڵکو دایکی باوکیشم بوو.
بە هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ڕێکخراو و ئەندامانی کەمپینەکە.

Leave a comment