جۆرەکانی تەڵاق بە پێی دەربڕینەکان

140936556_433855914471350_1985163956361993982_n

جۆرەکانی تەڵاق بە پێی دەربڕینەکان

ئامادەکردنی: پارێزەری ڕاوێژکار، ساکار عطا محمد

 

مادەی (٣٦)لەیاسای باری کەسێتی دەڵێت (ئەو تەڵاقە ناکەوێت کە دەست بەجێ نەبێت، یان مەرجدار بێت، یان بەشێوەی سوێند خواردن بەکار هاتبێت

لێرەدا مادەکە ئاماژەی بە چەند جۆرە تەڵاقێک داوە بەم شێوەیە:

 

١- تەڵاقی دەست بە جێ (المنجز)  ئەو تەڵاقەیە وشەکەی بە شێوەیەکی جێبەجێ دەگوترێت نەک هەڵپەسراو بە کاتێک یان وەپاڵ دەری کاتێکی تر ،وەک ئەوەی پیاوەکە بە ژنەکەی بڵێت (تۆم تەڵاق دا) کە بە پێی یاسا ئەم تەڵاقە دەکەوێت.

٢- تەڵاقی پەیوەست بە کاتێک(المضاف).

ئەو تەڵاقەیە کە وشەی دەربڕینەکەی پەیوەست دەبێت بە هاتنی کاتێکی دیاری کراو کە تەڵاقەکەی تێدا بکەوێت وەک ئەوەی بە هاوسەرەکەی بڵێ تەڵاقت بکەوێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوو یان ئەگەر زستان هات تەڵاقم بکەوێت.

حوکمی ئەم تەڵاقە بە پێی یاسا،ناکەوێت نە لە ئێستا نە ئەگەر کاتەکەش هات.

٣- تەڵاقی مەرجدار (المعلق)

ئەو تەڵاقەیە کە پەیوەستە بە ڕوودانی کارێک لە داهاتوودا وەک ئەوەی بە هاوسەری بڵێت ئەگەر بچیتە ماڵی خوشکت تۆ تەڵاق درای.

حوکمی ئەم تەڵاقە بە پێی یاسا،ناکەوێت نە ئێستا نە ئەگەر کارەکەی ئەنجام دا.

٤- تەڵاق بە شێوەی سوێند خواردن.

ئەو تەڵاقەیە کە بە شێوازی سوێند خواردن دەبێت وەک ئەوەی بە هاوسەری بڵێت بە تەڵاقم نابێت ئەو کارە بکەی یان بەتەڵاقم من نەمدیوە یان نەم بردووە وە دواتر کارەکەی ئەنجام دا یان ڕاستی نە دەکرد لە تەڵاق گوتنەکەی، حوکمی ئەم تەڵاقە بە پێی یاسا ناکەوێت.

سەرەڕای جیاوازی بۆچونی زانایانی فقهی سەبارەت بە کەوتن یان نەکەوتنی تەڵاق بەو دەربڕینانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا یاسا ی باری کەسی بەرکار لە هەرێمی کوردستان دەقی مادەکەی بە ڕەهای دا ڕشتووەو زۆر بە ڕوونی دەڵێت کە ئەو جۆرە تەڵاقانە ناکەوێت.

بەهیوای کەمترین بەکارهێنانی دەستەواژەی طڵاق لە نێوان هاوسەراندا کە چەندین ئاسەواری خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە ئێستاو داهاتوودا.

 

Leave a comment