غەدر

Untitled design (3)
خالد سلێمان
کەمپینی “ناوی من ناوی دایکمە” کە ژمارەیەک ژن و پیاوی کوردستان پێی هەستاون و لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە دەستی پێکردوە، کەمپینێکە لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مافدا. مافی ئەو ژن و مناڵانەی بەهۆی شەڕو ماڵوێرانی و تیرۆرو دڵڕەقی کۆمەڵایەتییەوە بەرامبەر ژن، سەرەتاییترین مافی خۆیان لەدەستداوە. مەسەلەکە لە جەوهەردا وازهێنان یان سڕینەوەی ناوی باوک نیە وەک هەندێ کەناڵی میدیاو پارتە ئیسلامیەکان و کاراکتەری بانگخوازی ئاینیی لێی تێگەیشتوون، بەڵکو ڕزگارکردنی هەزاران مناڵە کە لە دەرەنجانی تیرۆرو شەڕو دڵڕەقیدا باوکیان لەدەستداوە یان بەبێ باوک لەدایکبوون و لە ماف بێبەش کراون.
ئەگەر پرسیارێکی سادە بکەین و بڵێین ئەو مناڵانەی ناسنامەیان نیە، یان لەدەرەوەی ویستی دایکەکانیاندا ناسنامەیەکی تریان بەسەردا دەسەپێنرێت، لە دەرەنجامیشدا لە خوێندن و پەروەردەو نشونمایەکی کۆمەڵایەتی نۆرماڵ بێبەش دەکرێن، لە داهاتوودا دەبنە چی تاکێک؟ چی ڕۆڵێکیان لەناو کۆمەڵگەدا دەبێت؟ وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە لای هەر تاکێک ئاسانە: هەر کەسێکی بێبەش لە مافی مەدەنی و دوور لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دروست و ڕەوان، دەبێتە بارێکی گران بەسەر کۆمەڵگەوە. دەتوانین بڵێین دەبێتە خۆراکی توندوتیژی و بزووتنەوە تیرۆرییستی و توندڕەوەکان. بەجێهێشتی هەزاران مناڵی ناو کەمپ و پەراوێزە کۆمەڵایەتییەکان، یانی درێژکردنەوەی تەمەنی داعش کە لە ناو زەلکاودا خۆراکی خۆی پەیدا دەکات.
میدیای کوردستان بەگشتی ڕۆڵێکی سەلبی بینی لە گۆڕینی ئاراستەی کەمپینەکدا، چونکە لە بری ڕۆماڵکردنی جەوهەری مەسەلەکە کە پەیوەستە بە ماف و کەرامەتی مرۆڤەوە، لەسەر ئەوە ڕاوەستان کە گوایە پلانداڕێژەرانی کەمپینەکە دەیانەوێت ناوی باوک بسڕنەوە. وەک خۆم لەنزیکەوە چاوم بەرێکخەرانی کەپینەکە کەوتوەو قسەم لەگەڵدا کردوون، ئامانجی ئەوان بەرگریکردنە لە کەسانێک بێبەشکراون لە مافی مەدەنی؛ باوکیان نەماوە یان بەبێ باوک لەدایکبوون و لەسەر ناوی دایک تۆمار ناکرێن، لە کاتێکدا دایک و باوک وەک یەک مافیان بەسەر مناڵەکانیانەوە هەیە.
لەلایەکی ترەوە هەندێ پارتی ئیسلامی و بانگخوازی توندڕەو ئەم کەمپینەیان قۆزتەوە بۆ هێڕشکردنە سەر ژنان و نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاکوانان کە بەرگری لە مافە مەدەنی و مرۆییەکان دەکەن. ژمارەیەکیان قسەی نەشیاو و دوور لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە، لە کاتێکدا کەمپینی (ناوی من ناوی دایکمە)، هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە پێشێلکراوەکان، لە ناویاندا مافی دایک لەوەی مناڵەکەی بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات و مافە مەدەنییەکانی وەک خوێندن و بیمەی تەندروستی…هتد دابین بکات.
بەجێهێشتنی زیاتر لە چوار هەزار مناڵ لە ناو کەمپەکانی دووای داعشدا، لەناو پەراوێزە کۆمەڵایەتییەکاندا، یانی کوشتنیان یان دەرکردنیان لە کۆمەڵگە، یانی ناردنیان بۆ ناو زەلکاو، یانی سڕینەوەی داهاتوویان!! ڕێکخەرانی کەمپینەکە دەیانەوێت مرۆڤە بێنازەکانی دووای شەڕو ماڵوێرانی بگەڕێننەوە ناو کۆمەڵگە، لە پێناو ئەوەدا کار دەکەن دووای 15 ساڵی تر، کاتێک ئەم مناڵانە دەبنە نەوەیەکی گەنج، نەبنە خۆراکی کارەساتێکی مرۆیی و ئەخلاقی و سیاسی وەک داعش. ئەمەی بەرامبەر ڕێکخەرانی کەمپینەکە دەکرێ؛ غەدرە

Leave a comment