ژنانی مەلا دەتوانن مارەی ژن و مێرد ببڕن؟

228133314_369126218110514_4522485651843295418_n

گەزیزە عەبدول جەبار ژنێکی مەلایە، ساڵی ٢٠١٩ توانی مۆڵەت و بڕوانامەی مەلایەتی وەربگرێت،ساڵانی پێشوو ژنان پرسیارەکانیان لە مەلای ئاینی پیاو دەکرد، بەڵام ئێستا دەتوانن پرسیارەکانیان لە مەلای ئاینی ژن بکەن، هەروەها ژنانی مەلاش دەتوانن مارەی ژن و مێرد ببڕن.

گەزیزە عەبدول جەبار لە۱۹۷۷ لە دایکبووە و دانیشتوی هەڵەبجەی شەهیدە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ کۆلێژی زانکۆی بەغداد بەشی شەریعەی(أصول الفقە) تەواو کردووە، ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە بواری شەریعە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر دەستی مامۆستا ئەحمەد شافیعی توانی بڕوانامەی زانستی شەرعی لەگەڵ ١٠ ژنی تردا وەربگرێت.

هەردوو ڕەگەز بۆ بون بە مەلا دەبێت شەش قۆناغی زانستی شەرعی بخوێنێت بە شەش ساڵ، پاشان چوار ساڵی کۆلێژ و دواتر ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لە کۆمەڵێك کتێبی شەرعیدا کە نابێت نمرەکەیان لە زۆرباشە کەمتر بێت.

گەزیزە بە (چاوی خەڵک)ی وت” بە ئاستی زۆر باشە بڕوانامەم بەدەستهێنا، بۆ ئەو بڕوا نامەیەش دوو توێژینەوەم نوسی، لەگەڵ بینینی خولێکی چەند مانگی بۆ ماوەی ساڵێك لەگەڵ کۆمەڵێك مەرجی تر لەوانە خاوەن مۆڵەت بین لە ڕیوایەتی (حفص عن عاصم) لە قورئانی پیرۆزدا، دواتر بەردەوام بونمان لە خزمەتی ئاین و گەل و خاك.”

گەزیزە خانم بەردەوام هاندەری خۆی بووە کە دەبێت مرۆڤ زۆر متمانەی بە خۆی هەبێت، وشەی مەحاڵ دەبێت لە مێشكیدا دەربهێنیت.

بە پێی وتەکانی گەزیزە، ڕێگریەکان زۆرن و بەردەوام دێتە ڕێیان، لەوانە ڕێگا نادرێت لە بواری دڵخوازی خۆیان بخوێنن، چونکە چواردەوریان هاوکاریان ناکەن، هەروەها تێنەگەیشتنی خودی ژنەکان لە بواری خۆیان لەگەڵ متمانە نەکردنیان بە کاری یەکتری و نەبونی پێشەنگ بۆ یەکتری.

هیچ جیاوازیەک نیە لە مۆڵەتی زانستی شەرعی پیاوان و ژناندا و یەك پیشەیە، کاتێك پیاوان ئەو پلەیە بە دەست دەھێنن زۆرجار دەبن بە مەلا، بەڵام لەبەر نەبونی مزگەوت تایبەت بە ژنان، ژنانی مەلا ناتوانن وتاربێژی و ئیمامەت بۆ ڕەگەزی مێ بکەن.

گەزیزە وتیشی” ئەگەر جیاوازیەکی بچوك هەبێت لەنێوان مەلای ژن و پیاودا ئەوەیە کە پیاوان لە لایەن مامۆستایەکی مەرجیعەوە(پێشەوا) بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام ئێمە وانە بێژین و پێگەیەکی حکومیمان ھەیە، بەڵام ئەوان نیانە ڕاستەوخۆ دەبن بە مەلا.”

پایەکانی هاوسەرگیری پێنج جۆرە (مێرد، ژن، وەلی ئەمر(سەرۆکی خێزان)، دوو شاهید، ڕەزامەندی هەردوولا)، هەرکات ئەم پێنج پایە هەبوون لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا، ژنانی مەلا دەتوانن مارەی ژن و مێرد ببڕن.

” بەڵام تائیستا نەبووە بە نەریتێک کە ژنانی مەلا مارەی ژن و مێردێک ببڕن، هەروەها دەزگای زانایان سەرقاڵی ئامادەسازین بۆ پێدانی مۆڵەت بە ژنانی مەلا کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان ببن بە مەلا و مزگەوتی تایبەتیمان هەبێت.” گەزیزە وای وت

دەستەی خوشکانی مەلا بەردەوام خول و چالاکی تایبەتیان هەیە بۆ ژنانی شارەکەیان، ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەی ژنانی مەلا دەکرێنەوە لەسەر میراتی و حکومەکانی ئیسلام لەگەڵ پرسیاری شەرعی بە شێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیە.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment