شیربایی؛ زیندانیەکی نەبڕاوەیە بۆ ژنان

maxresdefault

هاوسەرگیری شیربایی پێشتر زۆر ھەبووە، بەڵام ئێستا بە پێی کات گۆڕاوە، زیاتر لە پێنج جۆر لە پڕۆسەی هاوسەرگیری شیربایی هەیە، ھەر کاتێک هاوسەرگیری بەرژەوەندی ماددیی یاخود مەعنەوی تێدا بوو دەچێتە خانەی شیرباییەوە.

نازدار کەرکوکی ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵە و دوو منداڵی هەیە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کاتێک لە پۆلی هەشتی بنەڕەتی بوو، باوکی بە بێ پرس مارەی کردبوو لە ئامۆزاکەی و هاوسەرگیری شیربایی پێکردبوون، ئەو لە قوتابخانە گەڕابۆوە، هێشتا جانتای شانی دانەگرتبوو کاتێک باوکی بانگی کردو  وتی؛ هاتونەتە داوات ئەبێیت شوو بکەیت و هەموو شتێکمان بڕاندۆتەوە.

لەلایەن باوکی نازدارەوە بڕ سێ ملیۆن دینار لە ماڵی هاوسەری نازدار وەرگیرا، هەروەها ئەوە یەکەم جار نەبوو باوکی ئەو کارە بکات، چونکە چوار کچی هەیە و بە هەمان شێوە جگە لە کچە بچوکەکەی هاوسەرگیری شیربایی بە هەموویان کردووە و هیچ کام لە کچەکانی هاوسەرەکانیان بەدڵ نەبوو، چونکە باوکیان پرسی پێ نەکردبوون.

” کاتێکیش دەتۆرام باوکم لەڕووی دەرونییەوە زۆر ئازاری دەدام و ناچاری دەکردم بچمەوە لای هاوسەرەکەم، هەرچەندە ئەو باش بوو لەگەڵمدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵە خەزورانم هیچ پارەیان بۆ خەرج نەدەکردم و  نەیان هێشت بچمەوە بۆ خوێندنەکەم زوو زوو دەتۆرام و زۆر ئاواتم لەگۆڕنا.” نازدار وای وت

هەتاوەکو ئێستا هاوسەرگیری شیربایی لە هەندێک لە شار و ناوچە دورە دەستەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێیت، بەپێی سەرچاوەکان شیربایی بە پێی مۆدێلی سەردەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

پارێزەری ڕاوێژکار ئەشواق نەجیب بە (چاوی خەڵک) ی وت.” هاوسەرگیری شیربایی زۆرجار نھێنیە، لە ساڵانی نەوەدەکان تا ٢٠١٠ لە ساڵێکدا نزیکەی شەش کەیسی شیربای ھەبوو، لە دوای ٢٠١١ ڕووی لە کەمی کرد و شێوازی شیرباییەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا هات، چونکە کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ڕۆشتووە.”

پڕۆسەی هاوسەرگیری شیربایی لە یاسایی نۆی باری کەسیەتیدا ھاتووە، یاسا چوار قۆناغ سزای داناوە بۆ سکاڵا لێکراو، یەکێک لەوانە زیندانیکردن بۆ ساڵێک لەگەڵ غەرامەکردن، بەڵام سکاڵا کەم تۆمار دەکرێیت لە دادگاکان، زۆرجار سکاڵاکان دەچنە توندوتیژی خێزانییەوە.

جۆرەکانی شیربایی بریتین لە (شیربایی لە بری خوێن، شیربایی بۆ پارە(وەلی ئەمر)، شیربایی ناو بێشکە هەندێکجار لە خۆشەویستیدایە یان بەد حاڵی بونە، شیربایی بە زۆر بە شودانی کچان، لەگەڵ شیربایی لە بری مارەیی زۆر بۆ ئەوەی خێزانی بەرامبەر مارەیی کەم دانێین بۆ کچەکەیان خێزانی بەرامبەر بە هەرزان کچێکی خۆیان دەبەخشن وەکو جۆرێک لە ژن بە ژن، زۆر داواکردنی ئاڵتون دەچێتە خانەی شیرباییەوە).

ئەشواق نەجیب دەڵێت” لێرەدا لەبەر پەیمان بەستن کچ دەبێت بە قوربانی لەنێوان دوو خێزاندا، زۆرجار قوربانی نایەت سکاڵا لە دایک و باوکی بکات، گەر ڕووشبدات لەو حاڵەتەدا قوربانی لە غەرامە خۆش دەبێت و کچەکە دەڵێت تەنها بهێڵن بە دڵی خۆم هاوسەرگیری بکەم، پارەم ناوێت، حاڵەتی دەروونی لەگەڵ کچ و کوڕ بەکاردەھێنرێیت خێزانەکانیان ناچاریان دەکەن بگەرێتەوە لای هاوسەرەکەی.”

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ شەش مانگی ٢٠٢١ی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان  ٣١ ژن کوژراون، ٧٠ ژن خۆیان کوشتووە، ١٦ھەزارو ٤٩٨ ژن سکاڵایان تۆمارکردووە، ھەر بەپێی ئەو ئامارە سوتاندن و خۆسوتاندن سەد و یانزدە حاڵەت بووە، لەناو ئەو ئامارانەشداحاڵەتی  شیربایشی تێدایە.

هاوسەرگیری شیربایی وێرانکردنی کچانی منداڵە، بەوهۆیەوە لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەدەوە تا ساڵی ٢٠٢١ ڕێکخراو و پڕۆژەکانی چالاکوانانی بواری ژنان هیچ چالاکییەکی هۆشیاریان لەوبارەوە نەبووە.

بەهار مونزیر چالاکوانی بواری ژنان و خاوەنی ڕێکخراوی گەشەپێدانی خەڵک (PDO) لەو بارەیەوە وتی” شیربایی بابەتێکی کۆنە، لە ئێستادا کەم بوەتەوە، بەڵام مانای ئەوە نیە نەمابێیت، نزیکەی سی ساڵە لە بواری چالاکوانی ژنان کار دەکەم، لە شارە گەورەکان چالاکین، تا ئێستا یەک کەیسی شیربایی نەھاتوەتە بەردەستمان.”

ھاوکێشەی شیربایی بۆ چالاکوانانی بواری ژنان بەو جۆرەیە لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و بزوتنەوەیەکی چالاک و ئەنجامدانی چالاکی هۆشیاری ئەو بابەتانە بەرەو دواوە دەبات.

بەهارمونزیر دەشڵێت” بووە بە جێی سەرەنجم کە ئەم بابەتە لە ناوچەی دھۆك بونی ھەیە، کەیس مەنیجەرەکانمان بە نیازن چالاکی لەسەر شیربایی بکەن، یاخود چوینەتە ھەندێك شوێنی تر کوڕەکان داوایان لێکردوین کە هاوسەرگیریان بۆ ئاسان بکەین، چونکە خێزانەکان لە دهۆک داوای بڕێکی زۆر پارە دەکەن بێ ئەوەی بۆ کچەکە بێت.”

ئەو چالاکوانە نەیشاردەوە کە باڵی مەدەنیەت بێ دەنگە، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە زیندویەتی بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوە مەدەنیەکانەوەیە تا شیربایی بەرە و دواوە ببەن.

” شیربایی بۆماوەکانی قۆناغی دەرەبەگایەتیە، ڕێژەکەی ناتوانرێت دیاریبکرێت، چونکە لەگەڵ کەیس مەنیجەرەکانی ھەموو ناوچەکان مانگانە کۆدەبینەوە کەم باسی شیربایی دەکرێیت، ئەگەر بێت و چەند کەیسێك هەبێت بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکەین، لەناو ئێزیدیەکانیش بابەتی شیربایی ھەیە.” بەهار مونزیر وای وت

پایەکانی هاوسەرگیری پێنج جۆرە (مێرد، ژن، وەلی ئەمر(سەرۆکی خێزان)، دوو شاهید، ڕەزامەندی هەردوولا)،  بابەتێکی تر ئەوەیە کە ناچێتە خانەی پایەکانی هاوسەرگیری ئەویش (پێشەکی و کۆتاییە) کە بریتیە لە پارە و زێڕ واتە مارەیی کە بۆ کچەیە، بەڵام لە سەردەمی کۆندا شیربایی یەکێك بوو لە مەرجەکانی هاوسەرگیری.

د. ئیبراھیم محەمەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری توێژینەوە و ئیرشاد لە وەزارەتی ئەوقاف بە (چاوی خەڵک)ی وت” بابەتی شیربایی پەیوەندی بە شەرعەوە نیە، گەر باوکێك داوای بڕێک پارە بکات یان کچێك بدرێیت لە باتی خوێین یاخود ژن بە ژنیان پێ بکرێیت، لە شەرعدا جێی نابێیتەوە و حەرامە و ڕێگە پێنەدراوە.”

مێژووی شیربایی دیار نیە، ئەوە  نەریتێکە لە کوردستاندا ھەیە، بە هۆی گەڕان و چالاکیەکانەوە ئەو دیاریدەیە ڕووی لە کەمی کردووە، لە ساڵی ھەشتاکان شیربایی یەکێک بوو لە مەرجەکانی ھاوسەرگیری، وردە وردە بەرەو کاڵبونەوە ڕۆشت ، ئەوەش بەھۆی ئەوەی شەرع نەھی لێکردو خەڵکێکی زۆر وازیان لێھێنا، بەڵام تائێستاش شیربایی هەر بەردەوامە.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment