ژاڵە و لاڤان چیرۆکی خۆیان بۆ بوون بە ڕابەری ئۆرکێسترا (مایسترۆ) باس دەکەن

photo_2021-08-30_14-19-57 (3)

تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابەری ئۆرکێسترا(مایسترۆ) لە ڕەگەزی مێ بوونی نییە، ژاڵە و لاڤان لەهەوڵێکدا تواناکانی خۆیان دەسەلمینن و هەنگاوی بوون بە مایسترۆ دەنێین، ئەوان ئێستا بۆ ئەو مەبەستە لە ڕاهێناندان و پاش وەرگرتنی چەند کۆرسی تایبەت، دەبن بە یەکەمین کچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕابەری ئۆرکێسترا.

ژاڵە ئیسماعیل خالید؛ دەرچووی پەیمانگا وکۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، دەستپێکی ژەنینی موزیکی لە پەیمانگا بوو، سەرەتا ژەنیاری ئامێری ڤیۆلابوو،کاتێک چۆتە زانکۆ وانەی (vocalist) دەنگ بێژی خوێندووە.

ژاڵە پێشتر خەونی ئەوەی هەبووە ڕۆژێک ببێت بە ڕابەری ئۆرکێسترا، پاش هاتنی بۆ ماڵی میوزیک توانی بۆ ئەو مەبەسەتە هەنگاو بنێت و دەست بکات بە وەرگرتنی وانەکان.

“کێێشەی ئێمە ئەوەیە لە کوردستان و عێراقیشدا لەپەیمانگا و زانکۆکاندا مامۆستای ئەو بابەتەمان نییە تایبەت بێت بە فێربوونی ڕابەرایەتیکردنی ئۆرکێسترا، بۆیە نەمانتوانیوە ئەو پسپۆڕییە هەڵبژێرین، کاتێک هاتم بۆ ماڵی میوزیک و مامۆستا مستەفام ناسی، پێم وت بێجگە لەوەی ژەنیارم و ئێستا ڤۆکالیستم، دەمەوێت ببم بە مایسترۆ، چونکە هەست دەکەم  ئەو تاوانایەم هەیە، ئەویش ئامادەیی خۆی دەربڕی و هەموو چانسێکی خستە بەردەستم،  پێشنیاری ئەوەی کرد وانەم پێبڵێت وئێستا دەستمان کردووە بە خوێندنی وانەکان.”  ژاڵە وای وت

بۆ ئەو مەبەستەش ژاڵە و لاڤان مامۆستاکەیان هەفتەی جارێک دەبینن، سەرەتا چەند نۆتەیەکی پێدان و ڕاهێنانی ئەوەی پێکردن ئاستی تاوانی ئەو دوو کچە بزانێت بۆ خوێندنەوەی کلیلەکان، چونکە چەند کلیلێکی جیاواز هەیە و هەر ئامێرە و لەسەرکلیک دەخوێنرێتەوە و لەدەنگێکەوە کاردەکات.

ژاڵە وتی” بۆ ئەوەی ببیت بە مایسترۆ دەبێت بتوانیت لە ئامێرەکان بەباشی تێبگەیت توانای ئەوەت هەبێت کاتێک گوێت لەچەند ئامێرێک بێت بەیەکەوە، هەروەها بتوانیت چەند نۆتەیەک بەیەکەوە بخوێنیتەوە، چونکە هەندێک ئامێر هەیە ئەو نۆتەیەی بۆی دەنوسرێتەوە ئەوەناخوێنێتەوە و گوێت لێی نابێت.”

یەکێک لە سەرەکیترین شتەکان پێش دەستپێکردنی هەر هەنگاوێک بۆ بوون بە مایسترۆ، دەبێت ئەو کەسە متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەبێت، ئەو کارە جیاوازە لە ژەنیاری یاخو گۆرانی وتن یان هەر بوارێکیتری میوزیک، کاتێک چەند کەسێکت لەبەردەستدا دەبێت، نابێت ترست لەوە هەبێت کە تۆ مایسترۆیت و مامۆستاکەت یان هاوڕێیەکی نزیکت لە ئۆرکێستراکەیە، بەڵکو دەبێت هەموو شتەکان وەلا بنێیت و وابکەیت هەمووان بەو چاوە سەیرت بکەن کە تۆ ڕابەری ئۆرکێستراکەیت.

لاڤان هەژار، ژەنیاری ئامێری ئۆبۆ؛ پەیمانگا و کۆلێجی هونەرەجوانەکانی سلێمانی بەشی موزیکی خوێندووە، کاتێک ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخسا کۆرسی تایبەت بە مایسترۆ  وەربگرێت، کاتی دروستبوونی ئۆرکێسترای ماڵی میوزیک بوو.

لاڤان بە(چاوی خەڵک)ی وت” مامۆستای میوزیکم لە ماڵی میوزیک بۆ فێربونی ئامێری گیتار و پیانۆ، ئەگەر خوێندکاریش هەبێت بۆ ئامێری ئۆبۆ فێری دەکەم.لەهەمەمانکاتدا مامۆستای وانەی موزیکیم لە خوێندنگەیەکی ناحکومی.”

سەبارەت بەوەی لاڤان و ژاڵە چەنێکیتر ڕاهێنانیان پێویستە بۆ ئەوەی ببن بە مایسترۆ، ماوەکەی دیارنییە و ئەوان هێشتا لە ئاستێکی سەرەتایی دان، بەڵام هەنگاوێکی باشیان ناوە بۆئەوەی دەیانەوێت وەک کچێک ببن بە رابەری ئۆرکێسترا.لە کاتێکدا لە جیهاندا ژەنیار و مایسترۆ لە ڕەگەزی مێ ڕێژەیان کەمە .

“ژنان تەکنیکێکیان هەیە ئەویش کاری هەرەوەزییە، ئەمە لە پیاودا کەمتر بەدیدەکرێت، کاتێک ژنان ڕابەری ئۆکێسترابن زیاتر هاوڕێ دەبن و گوێ دەگرێن لە ئەندامانی ئۆرکێستراکە، چونکە سروشتی ژنان  وایە حەز بە کۆمەلایەتیبون دەکات ئەوەش زیاتر سوودی دەبێت بۆ گروپەکە.” لاڤان هەژار وای وت

ماڵی میوزیک فێرگەیەکی میوزیکە و لەساڵی ٢٠١٢ دەستیان کردووە بەکارکردن، ئەوان ئامانجیانە بناغەیەک بۆ ژەنیارە گەنجەکان دروستبکەن تا بتوانن دواتر لە ئۆرکێسترایەکدا کاربکەن.ماڵی مویزیک کار لەسەر میوزیکی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی دەکات، بەڵام زیاتر تیشک دەخاتە سەر میوزیکی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی میوزیکی کوردی.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment