دەنگی ژنانی کاکەیی لە هەڵەبجە

27042014-015156-429645_514892155223555_2055757718_n

لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەمیشە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان، ڕۆژانە توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، یاخود ڕێگری لەبەشێکی زۆریان دەکرێت لەوەی ئازادبن چ کارێک وەک پیشەیەک بۆخۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ژنانی کاکەیی هەرچەندە بەشێکن لەکۆمەڵگەی کوردی، ئەوان توانیویانە یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا لە ڕووی ئەرک و ماف ئازادییەکانیان بەدەست بهێنن.

وەکو ئاینی کاکەیی لە ناو هەڵەبجە ڕێژەیان بەراورد بە ئاینی ئیسلام کەمترە، بەڵام ئەوە وای نەکردووە بەتایبەت ژنان سڵ بکەنەوە لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کارکردن لەگەڵ کەسێک و شوێنێکی جیاواز لە ئاینی خۆیان.

میهرەبان سەلام؛ ڕۆژنامەنوس دەڵێت” جیاکاری نەکراوە لێرە لە نێوان کاکەییەک و ئاینێکیترلە بەدەستهێنانی مافەکاندا، بەڵکو کەوتۆتەوە سەرتوانای کەسەکان خۆیان، ئێمە لێرە متمانە و ڕێزێکی تایبەتیمان هەیە، پەیوەندی کۆمەڵایەتیشمان لەگەڵ ئاینەکانیتردا زۆر باشە، چونکە ئێستا کۆمەڵگە وشیارە، هەرچەندە کاتی خۆی وانەبووە و دورییەک هەبووە لە نێوان کاکەییەکان و ئاینەکانی تردا.”

میهرەبان باس لە کارکردنی خوشکێکی دەکات لای ژنێکی موسوڵمان کە کاری دروستکردنی شیرینی دەکەن و تائێستا هیچ کێشیەکی بۆ درستنەبووە لە شوێنی کارەکەی هەم لەگەڵ کڕیارەکانیش کە زۆرینەیان موسوڵمانن.

وەک ژنێکی ڕۆژنامەنوس هەمیشە لەناو کۆمەڵگەم، هیچ کات ڕووی نەداوە بچم بۆ کارێک لەبەر ئەوەی کاکەییەم و دەس بنێن بە ڕومەوە، بەپێچەوانەوە ڕێزێکی تایبەتیم لێگیراوە هەر ئەوەش وایکردوە کاکەییەکان زۆرینەیان لە هەڵەبجە بمێنینیەوە.” میهرەبان سەلام وای وت

تێڕوانینی ئاینی کاکەیی سەبارەت بە ژنان بە جۆرێکە هیچ جیاکارێکی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵکو ژنان و پیاوان بەیەکسانی سەیر دەکات، هەر لە بابەتی میراتیشدا ژنان وەک پیاوان مافەکانیان وەردەگرن.

لەیلا عەلی ڕەزا؛ تەمەن ٥٨ ساڵ، خاوەنی دوکانێکی نانی هەورامییە لە هەڵبجە لەو بارەیەوە وتی”. ژنانی کاکەیی هەروکو ژنانی ئاینەکانیتر لە کوردستان لەکۆمەڵگە و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانیتر جیاوازتر ڕۆڵیان هەبووە، چونکە ئێمە ئازادتر بووین بەهۆی ئەوەی لە ئاینەکەماندا دەڵێت بەشی کوڕ و کچ لە میراتیدا یەکسانە، هەروەها من وەک ژنی کاکەیی بەردەوام لەهەموو زوڵم و نایەکسانییەکدا کە بەرامبەر ژنان کرابێت هەڵوێستم هەبووە و بێدەنگ نەبووم.”

لەیلا عەلی، هەر لەتەمەنی لاوێتییەوە لەبوارە جیاوازەکاندا کاری کردووە، هیچ کات لە کارکردنیدا گرنگی بەوە نەداوە کارێک نەکات و جێی بهێڵێت بۆ پیاوان، تەنانەت لەکاری سیاسشدا جێ دەستی دیارە و ئەو خانەنشینی پێشمەرگە، ڕێکخستنی دێرین، پێشتر نوێنەری ژنانی کاکەیی و ئێستاش کارێکی وەک و پیشەیەک بۆ خۆی هەڵبژاردووە. ئەو خاوەنی دوانزە ناوە کە هاوڵاتیان و کڕیارەکان لە خۆشەویستیدا لێیان ناوە، یەکێک بە ژنە ئازاکە ناوی دەهێنێت و یەکێکیتر بە ڕەئیس، یاخود بە ژنە جل ڕەشەکە، قائید و چەندین ناوی تر بانگی دەکەن.

هەروەها لەیلا باس لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی ژنانی کاکەیی دەکات لە شارەکەیاندا لەکاتی بۆنەکان و شین و شاییدا لەگەڵ خەڵکی شارەکەدان و پێکەوە بەشدار دەبن لەگەڵ موسوڵمانەکان.

لەیلا عەلی دەڵێت” دوکانی نانی هەورامیم هەیە، ڕۆژی لە ٥٠٠ نانەوە دروستی دەکەم تا نزیکی ١٥٠٠نان، ڕۆژی واهەیە ١٩ کاتژمێر کار دەکەم، کاتێک کڕیارەکانم  دێن زۆر زمان شیرینم لەگەڵیان، هەندێکیان دەپرسن خەڵکی کوێی ئەوەنە زمانت شیرینە، دەڵیم من ژنێکی کاکەییم.”

کاکەییەکان ڕێژەیەکی زۆریان لەشاری هەڵەبجەدا کۆبونەتەوە هۆکارەکەشی ئەوەبووە ئەوان خۆیان پێشتر لەسێ گوندی نزیک ئەو ناوچەیەدا دەژیان، کاتێک ڕژێمی بەعس ئەوانی بردۆتە ئۆردوگا زۆرەملێکان، لەپاش ڕاگواستنیان و گەڕانەوەیان، خێزانە کاکەییەکان پێیان باش بووە هەموویان لەیەک ناوچە کۆببنەوە و ماڵەکانیان یەک لە تەنیشت یەکتری دروست بکەن تا هەمووان ئاگایان لەیەکتر بێت.

ڕەنگین سەلام، چالاکوان و ڕۆژنامەنوس لەشاری هەڵبجە بە(چاوی خەڵک) ی وت”  بەشێکی زۆرمان لەناو هەڵەبجەداین، هیچ کات نەم بیستووە ژنێکی کاکەیی توندوتیژی بەرامبەر کرابێت، چونکە ژنانی کاکەیی چانسی ئەوەیان هەیە کە توندوتیژیان بەرامبەر نەکرێت یاخود ئەگەر هەشبێت بەڕێژەیەکی زۆر کەم بێت، لە هەمانکاتدا ژنیان بەسەردا نایەت، چونکە لەناو ئاینی کاکەییکاندا ئەو شتانەی تێدا نییە و هەموو کەسەکان بەبێ جیاوازی ئەوەی لەئاینەکادا هاتووە پەیڕەوی دەکەن، چونکە یەکێک لە پایە گرنگەکانی دینی کاکەیی ڕێزگرتنە لە ژنان.

ژنانی کاکەیی بەشدارن لە هەموو پڕۆسەکان ،چونکە  کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەڕێوەبردنن، هەروەها لە بواری سیاسەتیشدا هیچ ڕێگرییەک نیە بۆ ژنان لەلایەن خەڵک یاخود خێزانەکانیان، بەڵکو بەشداریکردنیان بەپێی ئارەزوی خۆیانە، ژن هەیە لەناو حیزب، مەڵبەند و لقەکاندا کاردەکەن بەڵام بەپێی پێویست لە پۆستە گرنگەکاندا نین.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment