هەڵەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکان و بێدەربەستی دەسەڵات لە ژیانی خەڵك

ع٩٩ئ

هەڵەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکان و بێدەربەستی دەسەڵات لە ژیانی خەڵك: بەرچاوڕوونییەك سەبارەت بە كەیسی ئەو ژنەکەی لەبەردەم تەلاری نەقیب لە سلێمانی دەژیا

بەهار موونزیر 

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان( PDO) 

13/1/2021

ئێوارەی یەکشەممە دوای گەڕانەوەم لە کار سەیری لاپەڕەی ژن ژیانە مەیکوژە دەکرد لە فەیسبوک، کە لەلایەن (ئارام حەمە سەعید و شەهلا بەکر)ەوە بەڕێوەدەبرێت. ڤیدیۆیەکم بینی کە ناخهەژێن و نامرۆڤانە بوو و زۆر دڵتەنگی کردم. بۆیە یەکسەر پەیوەندیم بەو بەڕێزانەوە کرد و دڵنیایان کردمەوە کە ئەو دیمەنانە ناو بازاڕی سلێمانییە. ھەروەھا ئاگاداریان کردمەوە کە ئەوان پەیوەندییان بە چەند کەسێكەوە کردوە و هەموو وتوویانە “لەسەر خەتین!” ئەمە یەکەم جارم بوو ئاگاداری ئەم کەیسە بم و پێشتر ھیچ زانیارییەکم لەسەری نەبوو. ھەر ئەو کاتە بە گرنگم زانی بچمە ناوبازاڕ و بە دوایدا بگەرێم. کاتی نانخواردنی ئێوارە بو کە تەلەفۆنم بۆ کاک نەوزادی شۆفیری ڕێکخراوەکەمان کرد، وتی: ”یەك چارەکی تر لای تۆم“.

سەرەنجام ئێمە نزیكی سەعات ٧:٣٠ دەرچووین. پەیوەندیم بۆ هاوڕێ ئارام کرد ( ئارام  حەمە سەعید چالاکوان و ئەندامی گروپی ژن ژیانە مەیکوژە). وتی منیش لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگەکەیدام. بارودۆخی بازاڕم زۆر لا سەیر بوو چونکە زۆرکەم بەو کاتە لە ناو بازاڕی سلێمانیدا گەڕاوم، بەتایبەتی دوای کاتژمیر ٨ی شەو. هەستێكی نامۆی بۆ دروستکردم و بیری شاری ئەنقەرە و ئەستەنبووڵی ساڵانی نەوەتەکانم کەوتەوە، نەك لەبەرئەوەی شوێنەکە لەوێ دەچوو، بەڵکو لەڕووی بێڕەحمییەكەیەوە. دوبارە زەنگم بۆ هاوڕێ ئارام لێدا، تا بزانین ئاخۆ ئەو شوێنەی کە ئێمەی لێبووین لەگەڵ وێنەکانی ڤیدیۆکە هاوشیەوەیە.

ئەوەی نیگەرانی کردم ئەوەبوو کە کاتێک چوینە ناو قەیسەری نەقیب و بازاڕی ئاری، لای بەلەدێکە، سەرەتای بازاڕی نەقیب زۆر تاریك بوو، ئەوەی ڕووناكی بێت لێی نەبوو. بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە کەمجار لە ژیانی خۆمدا سامی شتێک بمگرێت بۆ یەکەمجار ئەو سامەم لام دروستبوو، کە چۆن دەبێت ئەم جێگایانە ئەوەندە تاریك بن، بۆ دەبێت وابێت! لەم خەیاڵەدا بووم کاتێک چاوم بە کچێكی گەنج کەوت کە بە ئاستەم دەبینرا. دەتوانم بڵێم تەنیا تارمایی بوو. هەستم کرد خۆشی پێیخۆش نییە دەموچاوی دیار بێت بەڵکو دەیەوێت هەر بە دەنگ قسەمان لەگەڵ بكات تا بزانێت ئێمە چیمان دەوێت! پرسیاری ئەو ژنەمان لێکرد کە بۆی دەگەراین. وتی: ”ناوی چییە؟“ وتمان: ”نازانین“. وتی: ”چی دەکات؟“ وتمان: ”بێخانە و لانەیە“. وتی: ”من کەسی وام نەدیوە بەو شێوەیەی ئیوە دەیڵێن!“ کەمێك وەستاین و هاتینە دەرەوە بۆ سەر جادەی مەولەوی. دەستمان کرد بە ڕۆیشتن بۆ جادەی کاوە و بەرەو خوارەوە بۆ نزیک مەزاتخانە کۆنەکە. لەو ناوە پۆلیس و ئاسایشمان بینیی. کەسێكمان بینی بە جلی کوردییەوە موزەڵی پێبوو، هیچی نەدەزانی پێمان بڵێ. چوینە خوارتر. دواتر بیرم کردەوە ڕەنگە تەلاری نەقیب بێت نەك قەیسەری نەقیب. ڕۆیشتینەوە بۆ لای مزگەوتی گەورە، سەیارەمان لەوێ دانا و گەڕاین. لە دوورەوە پیاوێکمان بینی، خۆی داپۆشیبوو سەری خۆی دەخووراند. هەردووکمان لە هەوڵی ئەوەدا بووین بزانین کە پیاوە یاخود ژنە. دواتر لە گەراجی تەلاری نەقیب چووین بۆ لای ئێشكگرەکە، ئەویش کامێرای پیشانداین و وتی: ”بەڵێ ئەو ژنەیە کە ئێوە بۆی دەگەرێن.“ زۆر دڵتەنگ بووین کە بینیمان ژنێك بەو سەرمایە و بەو بێکەسییە لەوێدا دانیشتووە و لە بارێكی دەروونی خراپدایە.

بۆ ماوەیەک دڵمنەهات نزیكی ببمەوە نەوەکا بترسێت. لەو کاتەدا تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا و هاوڕێ ئارام بوو، ئاگادارم کرد کە دۆزیومانەتەوە. وردە وردە لەگەڵ کاک نەوزاد چووینە پێشەوە و کەوتینە قسەکردن لەگەڵی. بە کاك نەوزادی وت: ”دایکت چۆنە؟“ لەو کاتەدا کوڕێك کە لە گەراجەكە کاری دەکرد لە پەرداخێكی سەفەریدا چای گەرمی بۆ هێنا بەڵام ئەو زۆر برسی بوو و حەزی لە چایەکە نەبوو. بۆیە خواردنی گەرممان بۆ هێنا. من هەستمدەکرد وەك شاخە بەفرەکان دەتوێمەوە و نازانم چی بکەم! زۆرجار لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی سەختدا کەمێك بە مۆنۆلۆگ لەگەڵ خۆمدا دەدوێم و پرسوڕا لەگەڵ خۆمدا دەكەم بۆ ئەوەی چی بکەین و چی نەکەین.

وردەوردە کەسانێكمان لێ کۆبووەوە و کەوتینە پرسیارکردن لێیان. دوکاندار و کاسبکارانی ئەو دەوروبەرە هەریەكەیان چیرۆکێکی باسدەکرد. هەرکەسە و باسی خراپی باری دەروونی ئەوی دەکرد. ئەوان دەهاتن و دەڕۆشتن. ئەوان دەڕۆشتن بەڵام چیرۆکە جەرگبڕەکان لە میمۆری مندا خەزن دەبوون. کوڕێکی گەنج دەیووت ئەم ژنە زەرەر لە دووکاندارەکان دەدات. یەکێک وتی، ”ڕقی لە مرۆڤی تووکنە! بۆیە قژی خۆیشی والێدەکات.“ یەکێكی تر وتی، ”داماوە خەڵتانی خوێن بوو“. كەسێكی تریش وتی، ”پەلاماری ژنێکی داوە“. ئیتر لە ناو ئەم هەموو گێڕانەوانەدا ڕۆدەچووم و هەستم دەکرد دڵم گڕ دەگرێت. دەستمکرد بە تەلەفۆنکردن تاكو ڕێگەچارەیەك بدۆزینەوە.

ئەو ئێوارەیە یەکەمجارم بوو سەبارەت بە کارێك یاخود کەیسێک لە فەیسبوک ڤیدیۆ دانێم. مەبەستم ئەوەبوون کەسانێکی زیاتر ئاگاداری بارودۆخەکە بن و بە تەنگەوە بێن. خەڵكانێكی زۆر پەیوەندییان پێوە کردم چونکە زۆرکەس ڤیدیۆکەیان شەیر کرد. تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکم کرد كە لە (سەد و چوار ١٠٤)ە. بۆم دەرکەوت کە پۆلیس ئاگاداری ئەم كەیسە بوون و چونکە یەكسەر زانیان باسی کێ دەکەم. دیاربوو کاسبکارەکان چەند جارێک لە پۆلیس شکاتیان لێکردبوو لەبەرئەوەی سینی خواردنەکانی ڕشتبوو یان پیاڵەی چایخانەکانی شکاندبوو. ھەموو جارێکیش دادوەر بەریدابوو چونکە زیندان شوێنی ئەو نییە، بەڵکوو پێویستی بە یارمەتیی و داڵدەدانە.

تەلەفۆنم بۆ چەند هاورێیەكم کرد کە لە کەناڵە میدیاییەکان کاردەکەن بەڵام بەداخەوە بەتەنگەوە نەھاتن. دواجار پەیوەندیم بە ڕووداو-ەوەكرد. سەرەتادا ئەوانیش وتیان ناتوانن بێین، بەڵام لە ڕێگەی پەیوەندییەكانەوە گەیشتم بە كەسێكی بڕیاربەدەستی كەناڵی ڕووداو و سەرەنجام كەسێكیان نارد و ڕوماڵیانكرد. هەر کەسێك بهاتایە من پێشوازیم لێدەکرد چونکە دەمزانی کە لە ساتەوەختی وادا گرنگە زۆرترین کەس گرنگی بدات و فشاربکات بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە.

لەلایەکی ترەوە پەیوەندیمان بە پاریزگاریی سلێمانییەوە کرد، بەڵام پارێزگار دەیوت، ”ئێوە ماڵی بۆ بگرن، ئێمە تەرتیبی دەکەین!“ وەك ئەوەی پێوستی سەرەکیی ئەم ژنە ماڵ بێت! ئاشکرابوو کە ئەم ژنە پێویستی بە چارەسەری دەروونی، چاودێری و پاراستن بوو. من نزیکەی ٢٥ ساڵە کەیس بە ڕێودەبەم و دەزانم کە ماڵگرتن و تەنھا جێھێشتنی کەسانی وا چارەسەری کێشەکە ناکات چونکە ئەوان پێویستیان بە ئاگاداری و چارەسەرە. ماڵ بۆ کەسێک دەبێت کە بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت و حاڵی باش بێت، لانیکەم بتوانێت خۆی بپارێزێت. وردە وردە بۆم ئاشکرابوو کە دامودەزگا پەیوندیدارەکان ئاگاداربوون کە ئەم ژنە ماوەیەکی زۆرە لەم بارودۆخەدا دەژی بەڵام بەتەواوی ئیهمالیان کردووە چونکە کەس نەبووە داکۆکی لێبکات.

سەرەتا یەکێکیان پێی وتم، ”ڕۆژی ٣ شەممە لیژنەی تەندرووستی دەیبینێت!“ بەڵام ئەمە چ لۆژیکێکە کە ژنێك بۆ ماوەی ٣-٤ رۆژی تر لەو سەرمایەدا بمێنێتەوە تا لیژنەی تەندروستی پێکدێت؟! ئێمە وازمان نەهێنا تاکو ئەوان هاتنە سەر خەت. قۆناغی دووھەم وەكو کۆبونەوەی گشتیی لێهات، وەك لە ڤیدیۆکانی ماڵپەری(چاوی خەڵك)دا دیارە. هەموو دەووریان لە ئێمە دا. ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ئاگادار بوون، بە خەڵکی سیڤیلی ناوبازاڕ و کەسانی دڵسۆزی ناو دامودەزگاکانەوە دەیانوت. ”ئێوە لێرە نەبوونایە، بەم شەوە نەهاتنایە و نەمانایەتەوە کەس نەدەهاتە سەر خەت“.

سەرەنجام نزیكەی نیوە شەو بە مەجبووری بەجێمانھێشت. هەرچەندە زۆر هەستێکی ناخۆشم هەبوو، بەڵام دەمزانی بابەتەکەمان وروژاندووە و چیتر بە بێدەنگی پشتگوێ ناخرێت و چارەسەر دەکرێت. ئێمە بە ئەرکی خۆمان ھەستاین و توانیمان فشار لەسەر ئیدارەی پارێزگار درووستبكەین و بیانهێنینە وەڵام، تاكو بە زوویی مشوورێكی ئەم كەیسە بخۆن. بەیانییەکەی لەگەڵ ستافی ڕێکخراوەکەمان ڕۆشتینەوە لای و بینیمان ژنەکە لەبەر تیشکی خۆردا چاوی کز کردەوە و بەتانییەکانی هەڵخستووە، جێگەی نوستنەکەی ھەڵگرتووە چونکە ئەوناوە لە بەردەمی دوکانێكدایە. بینیمان کەناڵی کوردسات نیوز هاتوون. کاتێک ئێمەیان بینی، وتیان: ”دەمانەوێت ڕای ئێوە بزانین و ڕۆماڵی بکەین“. ئەوە بوو بەشداریم كرد و قسەم لەسەر كەیسەکە کرد، ئەوەشم باسکرد کە دەبوو ئێستا لێرە نەبووایە و بگوێزرایەتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو. دوای سەعاتێك لە سەردانەکەی ئێمە پۆلیس ھاتبوون و بردبوویان. ئێمە لە ڕێگەی بەڕێز دکتۆر گۆران عبدوڵڵا-وە پێشنیاری ئەوەمان کرد کە دکتۆرێك دەرمانی بداتێ و بە ئەمبۆلانس بیگوێزنەوە، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگەی پۆلیسەوە برابوو، وەك ئەوەی تاوانباربووبێت! دوبارە دڵتەنگبووم کە نیگەرانکراوە و هیچ حیسابێك بۆ لایەنی دەروونی نەكراوە، بەڵام خۆشحاڵ بووم کە چیتر بەو سەرمایە لەسەر شەقام ناژی، پارێزراو دەبێت و پێویستییە سەرەکییەکانی بۆ دابیندەکرێت. بە باوەڕی من ئەم دۆسیەیە توانی چەندین کێشەو گرفتی ئەم هەرێمە بخاتە ڕوو وە ئێمەش والێبکات کە زیاتر ڕوو بکەینە ئەو کەسانەی کە لەم وڵاتەدا نە ماڵیان هەیە و نەدەشتوانن ئاگایان لە ژیان و تەندروستییان بێت وە بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشی دەرونییان هەبێت و لەسەر شەقامەکان رۆژ بکەنەوە.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment