لەتاو توندوتیژی هەڵهاتن؛کەمپێکی بێ توندوتیژییان بنیاتنا

photo_2021-08-25_14-38-56

کەمپی ئاشتی ماوەی ٧ ساڵ زیاترە  جێگەی نیشتەجێبوونی ئاوەرەکانی شنگالە، چادرێکی بچوک و چەند کەل و پەلێکی زۆر سەرەتایی ماوەیەکی درێژە بووە بە ماڵی ئەوان.

تەنانەت بەڕێ کردنی ڕۆژەکان بەبێ بوونی ماڵ، کار، کەل و پەل و پێداویستی بۆ منداڵ پێیان باشترە وەک لەوەی بگەڕێنەوە بۆ شنگال، ژنانی ئێزیدی دیمەنی هێرشەکانی داعشیان بەردەوام لەیاددا ماوە، سەخستی ڕۆژەکانی شاخ بەبێ بوونی نان و ئاو، وای لەوان کردووە ژیانی ناو کەمپیان بە ژیانێکی خۆش ناوبەرن.

بەڵام لە کەمپی ئێزیدییەکاندا لایەنێکی باش هەستپێکرا کە توندوتیژی خێزانی یاخود ڕیژەی خۆکوشتنی ژن و جیابونەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو.

لە بەردەم یەکێک لە چادرەکاندا، ژنێکی ڕوخۆش بەردەرگای خۆیانی بە سەتڵێک ئاو پاک دەکردەوە. ئەو تەمەنی ٥٣ ساڵ و خاوەنی ٧ منداڵ بوو، دوای تەواو بوونی پاککردنەوەی چادرەکەی لە چێشتخانەیەکی تابڵێی بچوک خواردنی نیوەڕۆی بۆ خێزانەکەی ئامادە دەکرد.

دایکی جەمیلە وتی” ئەو ماوە زۆرەی من لێرەم هیچ کات گوێم لەوە نەبووە ژنێک توندوتیژی بەرامبەر کرابێت. لەنێوان هاوسەرەکاندا بەردەوام تێنەگەیشت و شەڕ دروست دەبێت، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەوەی ژنەکان لێان بدرێت و بێڕێزیان پێبکرێت، چونکە هەرزوو پێک هاتونەتەوە.

دایکی جەمیلە باسی لەوەش کرد بەردەوام پڕۆسەی هاوسەرگیری لەکەمپەکەیاندا هەیە، پێش هاتنی کۆرۆنا ئاهەنگیان بۆ بوک و زاواکەش دەگیڕا، بەڵام ئێستا لە ترسی کۆرۆنا لەماڵ زۆرکەم دێنە دەرەوە و تێکەڵی یەکتر نابن، هەر بۆیە ڕێژەی توشوانی کۆرۆنا لەو کەمپەدا زۆر کەمە.

“سلێمانی زۆر ئەمینە، هەرئەوەش وایکردووە لەو کەمپەدا بمێنینەوە کچەکەم جەمیلە هاوسەرگیری کرد و ڕۆشتەوە بۆ شنگال، سێ منداڵی تریشم هاوسەرگیریان کردوە و هەر لەم کەمپەن، ئێستا خۆم و هاوسەرەکەم و سێ منداڵم لەو چادرەدا دەژین، بەڵام ئاسوودەم چونکە لە ژیانمان دڵنیام لێرە.” دایکی جەمیلە وای وت.

لەناو ئاوەرەکاندا کاتێک دوو هاوسەر کێشەیان دەبێت،کەمتر ڕوودەکەنە ئیدارەی کەمپەکە، بەڵکو کێشەکەیان بەپێی داب و نەریتی خۆیان چارەسەر دەکەن، لەکاتی جیابونەوەشدا مافی ژنەکە چی بکەوێت پیاوەکە پێی دەدات ئەوەش بۆ هاوسەرگیرییە نافەرمییەکانە کە لەخوار تەمەنی ١٨ساڵییەوە بن.

پەخشان تۆفیق فەتحوڵڵا؛ بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی لە عەربەت بە(چاوی خەڵک)ی وت” نزیکەی ساڵ و نیوێکە لێرە کاردەکەم، لەو کاتەوەی من هاتووم بۆ ئێرە حاڵەتی توندوتیژی جیابونەوەی هاوسەرەکان و خۆکوشتنی ژنان لەکەمپی ئاشتی  زۆر کەم بووە، تەنها یەک حاڵەت هەبوو، ئەویش ساڵی پار لەکەمپی عەرەبەکان ژنێک گیانی لەدەستدا و گوایە خۆی خنکاندووە.”

بەڕێوەبەری کەمپی عەربەت سەبارەت بەڕێژەی جیابوونەوە لە کەمپی ئێزیدییەکان باس لەوەدەکات کە ئەو کەیسانەی جیابونەتەوە لە هاوسەرەکانیان بۆ نمونە ئەوانەن کە هاوسەرگیریان لەگەڵ یەکێک لەدەرەوەی کەمپەکەدا کردووە و کاتێک کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بۆ دروست بووە و جیابۆتەوە، بەڵام  ماڵی باوکی لەم (کەمپی ئاشتی)یەدا دەژین، ئێستا گەڕاوتەوە بۆلایان تەنیا ئەو کەیسانە لەوێن.

پەخشان تۆفیق وتیشی” ئێمە هاوکاری ئەو ژنانە دەبین کە لەماڵی باوکیان دەمێننەوە تا کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت، هەروەها ئێمە لێرە ڕێكخراومان هەیە و لەڕێگەی پارێزەرەکانمانەوە بۆیان چارەسەر دەکەین.”

کەمپی ئاشتی دەکەوێتە ناحیەی عەربەت، ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر شنگال سەدان ماڵی ئاوارەی ئێزیدی گرتەخۆ، لە ئێستادا (١٨٢١) خێزان لەو کەمپەدا نیشتەجێن کە دەکاتە نزیکەی ٩ هەزار کەس.

میدیا موردا ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵە، لەکاتی هێرشی داعشدا ئەو لەگەڵ خێزانەکەی ٨ ڕۆژ لەشاخ مانەوە و دواتر ڕاستەوخۆ هاتن بۆ کەمپی ئاشتی، لەو کاتەوە ئەوان لێرە گوزەران دەکەن.

میدیا وتی” ژیانمان خراپە لێرە و هیچ شتێکمان نییە، لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا کە ئێمە هاتوین بۆ ئێرە، ئەوەندەی من بیستومە کێشەی نێوان ژن و مێرد زۆر کەم بووە. ئێمە وەکو ئێزیدییەکان  تێگەیشتنی زۆر هەیە لە نێوان ژن و مێردا، توندوتیژی لە نێوانماندا بەڕێژەی زۆر کەم دەبیسترێت، بەڵام ژیانی ناو چادر بۆ ئێمە زەحمەتە کە هیچ شتێکمان نییە.”

میدیا موراد سێ منداڵی هەیە، دووانیان لەکەمپی ئاشتی لەدایک بووە، کوڕە بچوکەکەی ناوی سۆرانە خوار تەمەنی سێ ساڵە، ئەو ناوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان لە ناوچەییەک دەژین خەڵکەکەی سۆرانییە و ئەوان ئاسوودەن لەگەڵیان.

خەسووی میدیا هەر لەگەڵ ئەوان دەژی، وتی “من و هاوسەرەکەم هەردووکمان کەم ئەندامین، من قاچەکانم ئیش ناکات، میدیام زۆر خۆش دەوێت ئەو زۆر یارمەتیمان دەدات و تەنیا ئەو ئاگای لێمان دەبێت ڕۆژانە.”

بەهۆی گۆڕانکاری بەردەوامی ساڵانە لە ستافی بەڕێوەبردنی کەمپی عەربەتدا، تا ئێستا هیچ داتایەک تۆمار نەکراوە سەبارەت بە ڕێژەی ئەو ژنانەی سکاڵایان تۆمار کردبێت بە بونی توندوتیژی خێزانی یاخود ڕێژەی خۆکوشتن و جیابوونەوەی هاوسەرەکان.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment