نائارامیی و پێنەدانی قەرەبوو ئاوارەکانی لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەشکردووە

IMG_4001

حەسرەتی گەڕانەوە بۆ شنگال لە چاوەکانی رەعددا بە روونی دەبینرێت، بەڵام نائارامی زێدەکەی گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم بڕیاری گەڕانەوەی خۆی و خێزانەکەیدا بۆ شنگال، ئەو مانەوە لە ژێر چادری ئاوارەییدا بە باشتر دەزانێت لە گەڕانەوە بۆ ناوچەیەک کە لە هەفتەیەکدا دوو جار لەلایەن فڕۆکە تورکییەکانەوە بۆردوومان کراوە.

لە ساڵی ٢٠١٤وە دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش پەلاماری شنگالی دا و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون و دوای ماوەیەک لە چەند کەمپێکدا جێگیر کران.

کەمپی ئاشتی لە ناحیەی تانجەرۆ (٢٠ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای سلێمانی) یەکێکە لەو کەمپانەی بوویە مەنزڵی مانەوەی بەشێک لە کوردانی ئێزدی دانیشتووی شنگال و دەوروبەری.

 

 

رەعد خدر، تەمەن ٣٣ ساڵ بە (چاوی خەڵک)ی وت “ئێمە ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە لە ئاوارەییدا دەژین، ژیانی ئاوارەیی هیچ خۆشییەکی تێدا نییە، بەڵام ئێمە راهاتووین بەم دۆخە چوونکە ئێرە ئارامە و کێشەی ئەمنییمان نییە”.

“هەموو مرۆڤێک بەدوای ئارامیی و پارێزراویدا دەگەڕێت، ئێستا گەڕانەوەی ئێمە بۆ شنگال باش نییە، چونکە ئەوێ ئارام نییە، ئێمە لەناو کەمپەکەدا پارێزراوین، بەڵام بگەڕێینەوە شنگال هیچ گرەنتییەک نییە بۆ پاراستنمان” رەعد وا دەڵێت.

جەختیش دەکاتەوە “لە ماوەی پێشوودا لە هەفتەیەکدا دوو بۆ سێ جار شنگال لەلایەن فڕۆکە تورکییەکانەوە بۆردوومان کراوە، ئێمە ئەگەر گەڕاباینەوە، ئەگەری هەبوو بەر ئەو بۆردوومانە بکەوین، لەبەرئەوەیە کە ناگەڕێینەوە”.

ماوەیەک گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی کەمپەکان باسی گەرمی میدیاکان بوو بەڵام هیچ یەک لەو دوو هەنگاوە نەگیرایەبەر و دیاریش نییە چارەنوسی ئاوارەکان چیی بەسەردێت.

 

داخستنی کەمپەکان و ئاوارەبوونی دووبارە

مانگی شوباتی ئەساڵ، ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند “بڕیاری داخستنی کەمپەکان یەکلایی بووەتەوە و دەبێت کەمپەکان دابخرێن و ئ اوارەکان بەشێوەی خۆویستانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.

لەدوای دەرچوونی بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراقەوە، نزیکەی ٤٧ کەمپ لە ناوچە جیاوازەکانی عیراق داخراون و ٦٦ هەزار خێزان کە لەو کەمپانەدا بوون کۆتایین بە ژیانی ئاوارەیی هێناوە.

بەڵام هەندێک لەو خێزانانە، دوای ئەوەی کەمپەکانیش داخراون نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی لە دوای داخستنی ئەو کەمپانەوە، نزیکەی دوو هەزار کەس کە دانیشتووی کەمپەکان بوون هاتوونەتە سنووری هەرێمی کوردستان.

 

“قەرەبوومان دەوێت”

 

خودێدا قاسم پیاوێکی تەمەن ٥٧ ساڵە، سەرۆکی خێزانێکی پێنج کەسییە، بەدەم بەباکردنی دووکەڵی جگەرەوە، بە (چاوی خەڵک)ی وت “من خانوویەکی بچووکم هەبوو، لە دوو ژور پێکدەهات، ئێمە لەوێ دەژیاین، ئێستا خانووەکە وێران بووە، من نازانم ئەگەر کەمپەکە دابخرێت چۆن ئەو خانووە نۆژەن بکەمەوە”.

“دەبێت قەرەبوو بکرێینەوە، لانیکەم ١٠ ملیۆن دینارمان پێویستە بۆئەوەی بتوانین خانووەکانمان نۆژەن بکەینەوە و دووبارە تێیاندا بژین، تا ئێستا نازانرێت ئایا ئەگەر کەمپەکان دابخرێن قەرەبوو دەکرێینەوە یان هەروا وازمان لێدەهێنن” خودێدا وای وت.

 

 

خودێدا لە گەرمەی قسەکانیدا وەستا، وتی “پێنج کەس لە ئامۆزاکانم کە پێشتر لە کەمپ دەژیان، روویان لە ئەوروپا کرد، دەیانوسیت بە قاچاخ خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، بەڵام لەناو ئاودا هەر پێنجیان بەیەکەوە خنکان، ئایا ئەمە راستە؟… داخستنی کەمپەکان ئێمەش ناچار دەکات بیر لە وەها رێگەیەک بکەینەوە، کە هیچ گرەنتی سەلامەتیمانی تێدا نییە”.

 

“هیچ بڕیارێکی نوێ نییە”

 

پەخشان تۆفیق عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی لەبارەی بڕیاری داخستنی کەمپەکانەوە بۆ (چاوی خەڵک) دوا و وتی “بڕیارێک هەبوو کە کەمپەکان دابخرێن، ئەوە تائێستا جێبەجێ نەکراوە، بڕیارێکی تریش هەبوو کە هەردوو کەمپەکەی سنوری ناحیەی تانجەرۆ بدرێن لە یەک، ئەویشیان تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە”.

“هیچ بڕیارێکی نوێ نییە، تەنها ئەو دوو بڕیارە هەیە کە دیار نییە جێبەجێ دەکرێن یان هەروا دەمێننەوە، ئەوەی دەتوانێت بڕیار لەم بارەیەوە بدات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراقە” بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی وا دەڵێت.

ئاماژە بەوەش دەکات “لەماوەی دوو مانگدا تەنها یەک خێزان کەمپەکەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکەی خۆی، زۆربەیان ئەوەیان پێ باشترە لێرە بژین وەک لەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.

لە هەرێمی کوردستان ٣٨ هەزار خێزانی ئاوارە، لە ٢٦ کەمپدا لە ناوچە جیاوازەکان دەژین، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ناوجەکانی تری عیراق تەنها دوو کەمپی گەورەی ئاوارەکان ماونەتەوە و سەرجەمی تریان داخراون.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment