گروپی پیادەڕەوی خانمان

136459951_847642852448835_8176082858036466075_n

گروپی پیادەڕەوی خانمان گروپێکە هەموو ئەندام و سەرپەرشتیارەکانی خانمن و نزیکەی ٥٠٠ ئەندامن و بۆ هەر گەشتێکیان ١٠٠ ئەندام بەشدارن.

چیمەن عوسمان یەکێکە لە سەرپەرشتیارەکانی گروپەکە و لە لێدوانێکیدا بۆ چاوی خەڵک وتی”ئێمە وەک پیشەی خۆمان کە وەرزشەوانین و خاوەنی هۆڵێکی وەرزشین پێشتر ئەم چالاکیانەمان ئەنجام داوە بۆیاریزانەکانی خۆمان، دواتر بیرمان لەوە کردەوە چالاکیەکەمان فراوانتر بکەین و زۆرینەی ژن بەشدار بێت لەم گرووپە.”

هەروەها لەبارەی ئامانجی دروستبوونی گروپەکەوە وتی “سوود و قازانجی وەرزشی پیادەڕەوی جگە لەوەی بەشداربووان لە لایەنی جەستەییەوە سودمەند دەبن، لایەنی دەرونیش ئارام دەکاتەوە و ڕۆیشتن بۆ هەوایەکی پاک و سروشتی جوانی گوند و دەشتەکان ڕۆح ئاسودە دەکات.”

دەربارەی بەربەست و ئاستەنگییەکان بۆ چاوی خەڵک وتی “کارەکانمان تا ئێستا بە باشی ڕۆیشتووە و هیچ ئاستەنگی و بەربەستێک نەهاتوەتە پێشەوە، ئەندامەکان پابەندن و چەند یاسایەکی تایبەت گروپەکە بەڕێوە دەبات.”

ئەندامانی گرووپەکە هەموو تەمەن و ئاستێک لە خۆدەگرێت، لەتەمەنی ۱٤ ساڵەوە بۆسەرو ٥٥ ساڵ بەشدارە.  لە هەموو گەشتێکیاندا ڕەچاوی پاک وخاوێن ڕاگرتنی ژینگە و فڕێ نەدانی پاشەڕۆ و تەنانەت فریاگوزارییە سەراتاییەکانیان پێیە وەکو ئامێری فشار و شەکرە و لەفاف و معقم و ئازارشکێن.

چیمەن عوسمان لەبارەی هەستیی بەشداربووانەوە وتی “بەشداربووان زۆر ئاسودەن کاتێک دێنە ئەم گروپە و بەماڵی دووەمی خۆیانی دەزانن، ئەو ڕۆژەی چالاکیی تەواو دەبێت بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی چالاکیی هەفتەی داهاتوو دەبن.”

لەبارەی بەڕێوەچوونی ڕۆژانەی گەشتەکانەوە وتی “جگە لە پیادەڕەوی هەوڵی دابەزاندنی کێشیان دەدەین بە ئەنجامدانی بەرنامەی کێشبڕکێ بۆ ماوەی مانگێک. سەرەتا کێشیان وەرئەگرین وبەرنامەی خۆراکی دروستیان بۆ دادەنێین و هەندێک ڕاهێنانیان بۆ دەنێرین و چاودێرییان دەکەین و لەکۆتاییدا کێشیان پێوانە دەکەین و براوەکان خەڵات دەکرێن.”

لە کۆتاییدا لەبارەی ئەو شوێنانەوە بۆمان دوا کە گەشتی بۆ دەکەن “بۆ هەر شوێنێک بچین پێشتر چێکی دەکەینەوە و دڵنیادەبینەوە لە سەلامەتی ڕێگەکە و شوینی دابەزین و هەڵبژاردنی فیناڵێکی گونجاو و خۆش.” هەروەها وتی “پێدانی هەندێک زانیاری لەسەر جوگرافیا و مێژووی گوندەکە و پێدانی زانیاری وەرزشی و تەندرووستی و بەهێزکردنی ئیرادەو بەرزکردنەوەی توانا و لێهاتوییەکانیان.”

گروپی پیادەڕەوی خانمان لە سلێمانی لە 1/7/2020 دروست بووە بەسەرپەرشتی مامۆستایان چیمەن عوسمان و ناهیدە ئەحمەد دروست بووە و هەفتانە گەشتی پیادەڕەوی خانمان ڕێکدەخات.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment